ئێمینكی بۆ KDP باس لە ھەنگاوەکانی ئەنجامدانی كۆنگرەی چواردەهەمی پارتی دەکات
هەولێر-KDP.info- بڕیارە ئەمساڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگرەی چواردەھەم ئەنجام بدات، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیش ئاشكرای كرد، ھەنگاوی باش نراون بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە و تەنیا ماوەتەوە بڕیار لەسەر دیاریكردنی رۆژی بەڕێوەچوونی كۆنگرە بدرێت.
د. جەعفەر ئێمینكی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كۆنگرە پێویستییەكی رێكخراوەییە و ھەنگاوی باش نراون بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی پارتیمان تا ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، پلان و پێشنیازی باشیش ئامادە كراون بۆ كۆنگرە، ئەوەی ماوەتەوە كاتی گونجاوە بۆ بەڕێوەبردنی كۆنگرەی پارتیمان".
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: "لەبەر ئەو رەوشەی ئێستا كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت بە ھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ناتوانم بڵێم لە فڵانە رۆژ كۆنگرە دەكەین، بەڵام پارتی جیددییە و ئەمساڵ كۆنگرە ئەنجام دەدرێت".
لەبارەی شێوازی بەشداریی ئەندامان كۆنگرە، د. جەعفەر ئێمینكی جەختی كردەوە: "ھێشتا دیار نییە لەسەر چ بنەمایەك ئەندامانی كۆنگرە دیاری دەكرێن، بەڵام وەك كۆنگرەكانی پێشووی حزب ھەندێكی بە ھەڵبژاردن و بە تەزكییەش بووە، بەڵام بێگومان پشكی شێری ئەندامان بە ھەڵبژاردن دیاری دەكرێن، لەوانەیە ئەمە دووبارە ببێتەوە و لەوانەشە شێوازی دیكە جێبەجێ بكرێت، گرینگ ئەوەیە ھەموو كۆنگرەیەك بە رێگایەكی دیموكراسی و ئامرازی رەوا بەڕێوە بچێت".
قائید میرۆ