هەواڵی کوردستان ئێستا

كوردستان24 و بەڕێوبەری ئێستای کەناڵەکە

كوردستان24 و بەڕێوبەری ئێستای کەناڵەکە
بەرزان عەلی حەمە

Barzan Ali Hama

لە کەناڵێکی تەقریبەن ناسیۆنالیستییەوە، وەرچەرخاوە بۆ کەناڵێکی نیمچە ئایدۆلۆژی. ئەڵبەت من لەگەڵ هیچیان نیم، هەر میدیایی بووایە بەس بوو.

ئەم کەناڵە ئێستا نەک پەیام و بەرنامەی کاک مەسرووری پێ ناگەیەنرێت، بەڵکو کاک مەسروور کە ڕۆشتە بازاڕە سوتاوەکەی هەولێر، کوردستان٢٤ دوا کەناڵ بوو کە پێی زانی…

بەڕێوبەری ئێستای کەناڵەکە، هەر کە هات، ئاراستەی کەناڵەکەی بەرەو جیهانی عەرەبی و ئیخوانیەت گۆڕی. لای ئەو مەرکەزی زەوقی میدیا کەوتە خەرتوم و سەنعا و قاهیرە و شارقە و دەوحە، (نیۆرک و مۆسکۆ و پاریس و لەندەن و تەنانەت کوردستانیش) دەوریان نەما! لە یەکەم هەنگاوی تاریخیشیدا، نوسینگەی غەزە و یەمەنی کردەوە!

وردە وردە سەلیقەی بەرنامەسازی و هەواڵی گرنگ و سەرنجڕاکێش ئیفلیج بوو، بابەتی پووچ و پۆپۆلیزمی دینیی عەوام فریودەر جێگەی گرتووەتەوە.

یانی ئەم بەڕێزە بە ئێستایشەوە، خوا خوایەتی ڤیدیۆیەکی دەستکەوێت مەسەلەن پێشمەرگەیەکی کەم ئەندام نوێژ ئەکات! ئەفسەرێکی ئاسایش بانگ ئەدا! لەسەر گوێچکەی بزنێک نوسراوە اللە… ئەمانە ئاکتێکی موشەڕەفی دینین و ڕەخنەکەی ئێمە بۆ ئاکتەکە نییە، بەڵکو هیچیان کارێکی میدیایی نین، جا با لایک و (جزاکم اللە و خیرا)ی زۆریش بۆ بێت، بەس خۆ وەزیفەیەکی میدیایی جێبەجێ نەکراوە؟!

جگە لەوەش، پێکڕا بە خێزانی هاتوونەتە کەناڵەکەوە و ئەوەی بە خوێی چێشت پێی بگات، دایمەزراندووە و هەر کەناڵەکەیان وەک حەبەشە فەتح کردووە بۆ خۆیان. کەچی هێشتا ئاواش وەک کاری دووەم لە بەڕێوەبردنی کەناڵەکە دەڕوانێت و ئەڵێن ئێواران ئەچێتەوە لە کەناڵی جەزیرە (کە تیایدا پەیامنێر بوو) دەوام ئەکات! وەک چۆن بەیانیان پێشمەرگە بی و ئێوارانیش تەکسی بگێڕیت!

جا لەو ماوەیەدا ئەوەندە بە ناشییانە غەززە و یەحیا سینو١ر و ئەبو عو/بێد٥یان لەو پەیجە زۆر باشەی کەناڵەکەدا بڵاو کردەوە، تا داغانیان کرد. ڕۆژێکم بیر دێ، تەنانەت یەک هەواڵی تری کوردستان و جیهانی تیا نەبوو، هەر هەمووی پێکڕا غەززە بوو!

شتێکی تر کە گرفتی گەورەی کەناڵەکەیە، ئەم بەڕێوبەرە بەڕێزە هەر ئاگای لە (دونیای سۆرانی) نییە، پێم وانییە چوار نووسەری سۆرانی بناسێت، ئەوە ڕەنگە نالی و سالمی هەر نەبیستبێ…

پێم خۆشە جگە لە زۆنی زەرد، لە مەغریبەوە هەتا شارەزوور، لەوێشەوە هەتا قەفقازیا و لەتێکی ئەوروپای شەرقیش، هەمووی کاک مەسروور حوکمی بکات. جا حەز دەکەم میدیا و دامەزراوەکانیشی بەهێز بێت.