هەواڵی کوردستان ئێستا

پەرلەمانی عێراق بودجەیەكی كاتی بۆ مووچەی ساڵی داهاتووی فەرمانبەران دادەنێت

پەرلەمانی عێراق بودجەیەكی كاتی بۆ مووچەی ساڵی داهاتووی فەرمانبەران دادەنێت
پەرلەمانی عێراق بودجەیەكی كاتی بۆ مووچەی ساڵی داهاتووی فەرمانبەران دادەنێت

2019-12-22 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

"ئەستەمە حكوومەتی نوێ بتوانێ كێشەكانی بودجە چارەسەر بكات"


ئەمڕۆ یەكشەممە ڕاوێژكارێكی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند بۆ ساڵی 2020، پەرلەمان بودجەیەكی كاتی دادەنێت، تا مووچەی فەرمانبەران و چەند پێداویستییەكی دارایی دابین بكات.


هومام شەماع راوێژكاری ئابووریی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاند كە بودجەی گشتیی 2020ی عێراق قورسایی زۆری لەسەرە و ئەستەمە حكوومەتی نوێی عێراق بتوانێ چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە، رەنگە كورتهێنانەكەی 50 تريليۆن دينار تێپەڕێنێت.


شەماع گوتیشی پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی 2020 لە دۆخێكی قورس و نائاساییدا ئامادە كراوە، لە مانگەكانی كۆتاییدا حكوومەت ناچار كرا چەند پابەندبوونێكی دارایی نوێ بە ناوچی چاكسازییەوە بخاتە ناو بودجەكەوە، ئەمەش بە هۆی خۆپیشاندانەكانەوە، بەڵام لە راستیدا ئەو پابەندبوونانە قورساییەكی زۆر گەورەی خستە سەر بودجەكە و ئەستەم دەبێت حكوومەتی داهاتوو چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە.

 

جێی باسە پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بە هۆی دەست لەكار كێشانەوەی سەرۆك وەزیرانەوە، نەتواندرا تەواو بكرێت.


لە سەرەتای ئۆكتۆبەری رابردووەوە خۆپیشاندانی بەرفرەوان بەغدا و شارەكانی تری باشووری عێراقی گرتووەتەوە، بە هۆی كەوتنەوەی توندوتیژی و ڕووبەڕووبوونەوەی توندی هێزە چەكدارەكانی عێراقەوە، لەم ماوەیەدا زیاتر لە 450 كەس لەناو خۆپیشاندانەكانەوە كوژراون و بە هەزارانیش بریندار كراون، بەم هۆیەوە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ناچار كرا دەست لەكار بكێشێتەوە.