هەواڵی کوردستان ئێستا

بەرپرسانی شارەکە: جووڵەی داعش لە مووسڵ جیددیە

بەرپرسانی شارەکە: جووڵەی داعش لە مووسڵ جیددیە
بەرپرسانی شارەکە: جووڵەی داعش لە مووسڵ جیددیە

2020-04-29 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

مووسڵ -KDP.info-  ئەمساڵ جووڵەی چەکدارانی داعش لە مووسڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و بەرپرسانی مووسڵیش نایشارنەوە حکوومەت کەمتەرخەمی سەرەکییە و ھۆکارە بۆ ئەوەی داعش خۆی ڕێک بخاتەوە.

مەناف حەسەن، کارگێڕی لقی چواردەی پارتی لە مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ئێمەش زانیاریمان ھەیە داعش لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق کەوتووەتە جووڵە و لە نزیک بەغدا تا دەگاتە کەرکووک و سنووری پارێزگای نەینەواش، پێمان وایە زۆر ھۆکار ھەن بۆ بەھێزبوونی داعش لە مووسڵ، بەڵام بەھۆی کەمتەری خەمیی حکوومەت زیاتر دەرفەت بۆ داعش پەیدا بووە خۆی ڕێک بخاتەوە."

ھەرچەندە نازانرێت قەبارەی داعش لە عێراق چەندە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەمەریکا کە ساڵی ڕابردوو بڵاو کرایەوە، مەزەندەی ٢١ ھەزار چەکداری داعش لەنێو عێراق کراوە.

ھاشم بریفکانی، سەرۆکی پێشووی لیژنەی ئەمنیی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت: "ژمارەی چەکدارانی داعش نازانین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیان لە مووسڵ کەم نییە و بەردەوامیش لە زیادبووندایە و بەھۆی چالاکیی شانە نوستووەکانیانەوە خەڵکی بۆ نێو گرووپەکە ڕادەکێشن."

بەرپرسەکەی پارتی لە مووسڵ گوتی: "حکوومەتی فیدراڵ وەک پێویست نەیتوانی خزمەتگوزاری پێشکەشی ھاووڵاتیانی مووسڵ بکات، بەتایبەت ناوچە دوورە دەستەکان، ئەوەش وای کردووە خەڵکی ئەو ناوچانە بەھۆی پشتگوێخستنیان لەلایەن حکوومەتەوە ببنە ھاوسۆزی داعش."

بریفکانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "ھەندێ ناوچە لە سنووری نەینەوا ھەن کە زیاتر لەژێر کۆنتڕۆڵی چەکدارانی داعشدان، وەک ناوچەکانی گەیارە، شنگال، قەیرەوان، حەزەر، بادۆش و بەعاج و چەندین ناوچەی دیکە، کە ھەندێکجار بە ئاشکرا داعش تێیاندا ھاتوچۆ دەکات و بە سنووری دەسەڵاتی خۆی دەزانێت."

مەناف حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەبوونی ھێزەکانی حەشدی شەعبیش لە مووسڵ کێشەن لەبەردەم ڕەوشی ئەمنیدا، چونکە چەند ساڵە بەناوی ئازادکردنی مووسڵ ھاتوونەتە پارێزگاکە و نەدەتوانن ڕەوشی ئەمنی کۆنتڕۆڵ بکەن، نە دەکشێنەوە، بۆ نموونە، زۆر ناوچە ھەن وەک ناحیەی عەلی و تەلەعفەر و ناوچەکانی سنوور، گوایە لە داعش پاک کراونەتەوە، کەچی داعش تێیاندا چالاکە."

 

قائید میرۆ