هەواڵی کوردستان ئێستا

ئازیزی: لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوا نزیكن لە رێككەوتن

ئازیزی: لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوا نزیكن لە رێككەوتن
ئازیزی: لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوا نزیكن لە رێككەوتن

2020-05-02 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- زنجیرەیەك كۆبوونەوە بە سەرپەرشتیی ئەمەریكا لەنێوان لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان بەڕێوە دەچن و سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریاش ئاشكرای كرد، سەرۆك بارزانی رۆڵی بەرچاوی لە ئاشتەوایی نێو ماڵی كورددا ھەیە.

كاوە ئازیزی، ئەندامی سەركردایەتیی PDKS، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ماوەی زیاتر لە مانگێكە ئەمەریكا لەگەڵ لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان كەوتوونەتە دانوستان بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن، ھەموو لایەنەكانیش بەشدارن لە دانوستانی ئێستا بە نێوەندگیری و سەرپەرشتیی ئەمەریكا، كە بریتین لە لایەنەكانی نێو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد ئەنەكەسە و پەیەدە و قەسەدە و پارتەكانی نێو ئەنەكە و ھاوپەیمانیی نیشتیمانی، كە لە پێنج حزب پێك ھاتوون لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا، مەبەست لەو دانوستانەش، یەكڕیزیی نێو ماڵی كوردە و ئێمە پێشوازیی لێ دەكەین".

ئەو سەركردەیەی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا دەشڵێت: "زنجیرەیەك كۆبوونەوە بەڕێوە دەچن و بەردەوامییان ھەیە، بێگومان ئەمەریكا پڕۆژەی خۆی ھەیە لە سووریا، بە بڕوای ئێمە پڕۆژەكە ھەم لە بەرژەوەندیی كوردە لە سووریا و ھەمیش لە بەرژەوەندیی ئەمەریكایە لە ناوچەكە و سووریادا".

ئازیزی ئاشكرای كرد، خەریكە دەگەنە رێككەوتنی چوارەم، وەك ئەو رێككەوتنانەی كە پێشتر لە ھەولێر و دھۆك و قامیشلۆ ئەنجام دران.

لەبارەی رۆڵی ھەرێمی كوردستان، كاوە ئازیزی جەختی كردەوە: "سەرۆك بارزانی وەك مەرجەع و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، بەشێكن لەو دانوستانانەی بەڕێوە دەچن، ھاوكارییەكی گەورە ھەیە لە لایەن ھەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەوەی كورد لە سووریا یەكگرتوو بن".

 

قائید میرۆ