بازرگانانی عێراق رێڕەوی بازرگانییان بەرەو هەرێمی كوردستان دەگۆڕن
هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ساڵی 2019ـدا ئاستی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان هەڵبەز و دابەزی زۆری بەخۆیەوە بینیوە بە هۆی یەكخستنی پێناسی گومرگی و دۆخی نالەباری عێراقەوە. دەشڵێ، لە ئێستادا بازرگانانی عێراق رێڕەوی بازرگانییان بەرەو هەرێمی كوردستان دەگۆڕن.
نەوزاد ئەدهەم، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا رۆژی 17ی شوبات، بە هۆی ئەو سیاسەتە گومرگییەی لە هەرێمی كوردستان پەیڕەو دەكرا، بازرگانانی عێراق لە رێگای دەروازەكانی هەرێمی كوردستانەوە كاری بازرگانییان دەكرد، بەڵام بە هۆی یەكخستنی پێناسی گومرگییەوە، بازرگانانی عێراق رێڕەوی خۆیان لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بۆ دەروازەی ئوم قەسر گۆڕی".
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان دەشڵێت: "لە سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەرەوە ئاستی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان بەرز بووەتەوە بە هۆی ئەوەی بازرگانانی عێراق لەبەر بارودۆخی نالەباری عێراق، رێڕەوی بازرگانیی خۆیان لە دەروازەكانی ئوم قەسرەوە گۆڕییەوە بۆ ئیبراهیم خەلیل، ئەمەش وای كردووە كە جووڵەی بازرگانی لە هەرێم زۆر زیاد ببێت".
هێدی كاكەیی