هەواڵی کوردستان ئێستا

"بوشاییی ئەمنی و ڕەوشی عێراق ھۆکاری بەھێزبوونەوەی داعشە"

"بوشاییی ئەمنی و ڕەوشی عێراق ھۆکاری بەھێزبوونەوەی داعشە"
"بوشاییی ئەمنی و ڕەوشی عێراق ھۆکاری بەھێزبوونەوەی داعشە"

2020-05-03 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا چەکدارانی داعش زنجیرەیەک ھێرشی تیرۆرستییان بۆسەر ھێزە عێراقییەکان لە ناوچەکانی سەلاحەدین و ئەنبار ئەنجام دا و تێیدا زیانێکی زۆری گیانی بە ھێزە عێراقییەکان گەیشت، فەرماندەکانی پێشمەرگەش ئاشکرای دەکەن، داعش بۆ لێدانی ھێزە عێراقییەکان دەرفەتی لە بۆشاییی ئەمنی و ڕەوشی ئێستای عێراق بینیوە.

نووری حەمە عەلی، بەرپرسی میحوەری باشوور و ڕۆژئاوای کەرکووکی هێزی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "داعش سوودی لە وەرزی بەھار بینیوە و ھێزە عێراقییەکانیش توانای کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی ئەمنییان نییە، ھەتا زانیاریمان ھەیە ھێزە عێراقییەکان کە داعش دەبینین تەقەیان لێ ناکەن و جورێک لە بێدەنگی بەرامبەر جووڵەی داعش ھەیە."

نووری حەمە عەلی جەختی کردەوە، پێشمەرگە بەردەوام چاودێریی جووڵەی چەکدارانی داعش دەکات و لە ئامادەباشیدایە بۆ وەڵامدانەوەی ھەر ھێرشێکی تیرۆرستانی داعش، ڕەوشەکە بەرەو مەترسیی زیاتر دەچێت و گوتی: "ئەگەر پێشمەرگە نەگەڕێتەوە بۆ کەرکووک ئەوە بێگومان داعش پیلانی زۆر مەترسیداری ھەیە و لە ڕۆژانی داھاتوودا قەبارەی ھێرشەکانیان زیاتر دەبێت."

بەپێی سەرچاوە سەربازییەکانی عێراق لە ھێرشی شەوی شەممەی ڕابردووی داعش بۆسەر ھێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی مکێشفیە، تەلزەھەب، یەسریب، متیبیجە و ئەلدوور، سەر بە پارێزگای سەحەڵاحەددین، نزیکەی ٤٠ چەکداری سەر بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کوژراون.

عەمید کەمال عەلی، فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری گەرمەسێر، بۆ مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "یەکێک لە ھۆکارەکانی جووڵەی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان ھەبوونی بوشاییی ئەمنییە، چونکە زۆر ناوچە ھەن، نە پێشمەرگەی تێدایە نە سوپای عێراق، ھێزە عێراقییەکانیش توانای کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی ئەمنییان نییە، بۆ نموونە، چەند ناوچە ھەن لە دەوروبەری سیروان و چەمەکانی دیکە، ھەموو قامیشەڵانە و بووەتە ھێلانەی داعش."

عەمید کەمال ڕوونی کردەوە: "ھێزی پێشمەرگە ھەمیشە چاودێریی جووڵەی چەکدارانی داعش دەکات و بینیمان لە ڕۆژانی ڕابردوو چۆن وەڵامی ھێرشەکانی داعشی دایەوە، بەڵام پێویستە پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ئەو سنوورانەی پێشتر و ھەماھەنگی بکرێت بۆ لێدانی داعش."

لیوا زریان شێخ وەسانی، فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری شەشی مەخموور، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ڕاستە  جووڵەی داعش زیادی کردووە و ئێستا زیاتر دەردەکەون لە سنووری مەخموور، بەتایبەتی لە ھەندێ سنووری وەک ناحیەی قەراج و ناوچەکانی ھاوسنوور لەگەل مووسڵ و کەرکووک، بێگومان ڕێگری نەکرێت لە بەھێزبوونی داعش، ئەم جارە مەترسییان ھەیە بۆ سەر مەخموور و ناوچەکە."

قائید میرۆ