هەواڵی کوردستان ئێستا

پرسەنامەی راگەیاندنی پارتی بۆ كۆچی دوایی هونەرمەند سەعید گاباری

پرسەنامەی راگەیاندنی پارتی بۆ كۆچی دوایی هونەرمەند  سەعید گاباری
پرسەنامەی راگەیاندنی پارتی بۆ كۆچی دوایی هونەرمەند سەعید گاباری

2020-05-04 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

پرسەنامەی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كۆچی دوایی هونەرمەند (سەعید گاباری)

     بۆ بەڕێز/ خانەوادەی هونەرمەند (سەعید گاباری)

بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٤ـی٥ـی٢٠٢٠، هەواڵی كۆچی دوایی هونەرمەندی ناوداری گەلەکەمان (سەعید گاباری)مان بیست. بەو بۆنە خەمناكەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و كەسوكار و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەكەین، هەروەها سەرەخۆشی لە هونەرمەندان و هەوادارانی دەنگی هونەرمەندی خوالێخۆشبوو دەكەین و، خۆمان بەشەریكی خەمتان دەزانین.

هونەرمەند (سەعید گاباری) لە ساڵی(1956)لە شاری حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان لەدایكبووە، یەكێك بوو لەو هونەرمەندە ناسراوانەی كوردستان، كە نزیكەی پەنجا ساڵ لەبواری هونەر و میوزیك و سترانبێژیدا كاری كردووە و، خاوەن دەنگ و رێچکەی هونەری تایبەت بەخۆی بوو، هەروەها چەندین جاریش بەهۆی هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانی لەلایەن دوژمنانی گەلەكەمان دووچاری ئازار و ئەشكەنجە بۆتەوە.

(سەعید گاباری)هونەرمەندێكی تێكۆشەر بوو لەرێی سرود و سترانە نەتەوەیی و شۆڕشگێڕیەكانیەوە خزمەتی زۆری بە هونەر و فۆلكلۆری كوردی ودۆزی رەوای گەلەكەمان كردووە.
هیواخوازین هاوخەمیی هاونیشتیمانیان و دڵسۆزان و هونەرمەندان ببێتە مایەی دڵنەوایی و سەبووریتان و لە خەم و خەفەتتان كەم بكاتەوە.
  جارێكی دیكە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین لە خەم و ئازار و كۆستی دیكە بە دوور بن و خوای گەورە گیانی ھونەرمەندی کۆچکردوو بە بەھەشتی بەرین شادبکات...

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
4/5/2020