هەواڵی کوردستان ئێستا

ڕەوشی تەندروستیی چوار قەزای سنووری پارێزگای ھەولێر لەژێر کۆنتڕۆڵدایە

ڕەوشی تەندروستیی چوار قەزای سنووری پارێزگای ھەولێر لەژێر کۆنتڕۆڵدایە
ڕەوشی تەندروستیی چوار قەزای سنووری پارێزگای ھەولێر لەژێر کۆنتڕۆڵدایە

2020-05-04 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


سۆران.KDP.info- لە سنووری ھەرچوار قەزاکانی سۆران و چۆمان و ڕواندز و مێرگەسۆر ڕەوشی تەندروستیی ھاونیشتمانیان لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و، بەھۆی تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی ھەڵگری ڤایرۆسەکە لە دەڤەری سۆران و ڕواندز و چۆمان  ھەموو ئەم شوێنانەی مەترسییان لەسەر ھەیە بۆ ماوەی 14 ڕۆژ کەرەنتینە کراون و، تیمەکانی تەندروستیی سەنتەری پشکنینی کۆڕۆنا لە سۆران بەردەوامن لە پشکنینی ئەو ھاووڵاتیانەی بەرکەوتەیان لەگەڵ تووشبوواندا ھەیە.

سەرپەرشتیاری تیمی تاقیگەی پشكنینی كۆرۆنا لە سۆران دەڵێت: "لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی 450  پشکنین بۆ ھاووڵاتیان کراون، خۆشبەختانە ھەموویان نێگەتیڤ بوون، جگە لە 22 پشکنین نەبێت کە ئەوانە پۆزەتیڤ بوون، پێویستە ھاووڵاتیان زیاتر ڕێنماییەکانی خۆپارێزی جێبەجێ بکەن، تا بتوانین لە ماوەیەکی نزیکدا نەخۆشییەکە لە دەڤەرەکەمان کۆنتڕۆڵ بکەین."

کرمانج عیزەت، قایمقامی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "بەداخەوە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک حاڵەتی ھەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە سنوورەکەمان تۆمار کران، دەستبەجی ئەو شوێنانەی مەترسییان لەسەر ھەبوو کەرەنتین کران و ئێستا ڕەوشەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە."

قایمقامی سۆران ئەوەیشی ڕاگەیاند: "بەرگریی شارستانی بە دەرمانی دژەڤایرۆس ھەموو ئەو شوێنانە ڕشاندووە کە کەرەنتین کراون، ھەریەک لە گەڕەکی برایەتی و 26ی گوڵان و کۆمەڵگای گەڵاڵە لە سەنتەری شاری سۆران و، لە قەزای ڕواندز گەڕەکی پاشای گەورە و لە گوندی پیرئۆمەر سنووری ناحیەی سمێلانی سەر بە قەزای چۆمان  کەرەنتین کراون.'

ناوبراو دەشڵێت: "ھەموو حاڵەتەکان بەرکەوتەیان لەگەڵ تووشبووی یەکەمدا ھەیە، بۆیە پێویستە خەڵک پابەند بێت بە ڕێنماییەکان و دوور بکەونەوە لە شوێنی گشتی و قەڕەباڵغ، ئەگەر ھاووڵاتیان باشتر ھاوکارمان بن، لە ماوەیەکی کەمدا دەتوانین سەرکەوتن بەسەر ڤایرۆسەکەدا تۆمار بکەین."

د. جەواد مەهدی، سەرپەرشتیاری تیمی تاقیگەی پشكنینی كۆرۆنا لە سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە ڕۆژانە لە ڕێگای تیمەکانی تەندروستییەوە بەردەوام پشکنین بۆ  ھاووڵاتیان ئەنجام دەدەین، ھەندێک جاریش بە شێوەی ھەڕەمەکی نموونەکان وەردەگرین، ئەمڕۆش ژمارەیەک پشکنینمان ئەنجام دا و لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو ھیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە، بەڵام ناکرێت ئێمە دەستبەرداری ڕێنماییە تەندروستییەکان بین، بۆیە پێویستە بۆ ھەر شوێنێک بچین دەمامک و دەسکێش بەکار بھێنین، دەبێت ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی جێبەجێ بکەین."

د. جەواد مەھدی گوتیشی: "کۆی گشتی ئەو پشکنینانەی لە سۆران و دەوروبەری بۆ ھاووڵاتیان ئەنجام دراون نزیکەی 2100 پشکنین بوون، لە نێویاندا تەنھا 33 کەس ھەڵگری ڤایرۆسەکە بوون."

سەرپەرشتیاری تیمی تاقیگەی پشكنینی كۆرۆنا جەختی لەوەش کردەوە: "ھەموو ڕێکارەکانی تەندروستی گیراونەتەبەر و ڕەوشی تەندروستیی تووشبووەکان جێگیرە و ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی ھەولێر کراون."

گوتیشی: 'ڕێژەی ژمارەی دانیشتووانی ھەرچوار قەزاکانی سۆران، چۆمان، ڕواندز و مێرگەسۆر 350 ھەزار کەسە.'

سیروان سابیر