هەواڵی کوردستان ئێستا

ئه‌نه‌كه‌سه‌: 45 باره‌گامان داخراون

ئه‌نه‌كه‌سه‌: 45 باره‌گامان داخراون
ئه‌نه‌كه‌سه‌: 45 باره‌گامان داخراون

2019-12-23 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


ڕۆژئاوای كوردستان -KDP.info- ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كورد له‌ سووریا (ئه‌نه‌كه‌سه‌) گوتی، تاوه‌كو ئێستا 12 سه‌ركرده‌ی ئەوان له‌ زیندانه‌كانی (په‌یه‌ده‌)دان و 45 باره‌گاشیان داخراون. گوتیشی، له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییەوە فشارێكی زۆر له‌سه‌ر (په‌یه‌ده‌) هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئەوان‌ بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن و ئەوانیش ده‌یانه‌وێت زه‌مینه‌ خۆش بێت و هه‌نگاو بنێن، نه‌ك بێ هیچ هه‌نگاوێك گفتوگۆ بكرێت.

نه‌واف حه‌سه‌ن، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئه‌وانه‌ی كه‌ سه‌ركرده‌ و دیارن و سه‌ر به ‌ئێمه‌ن، 12 كه‌سن له ‌زیندانه‌كانی (په‌یه‌ده‌)دان و پێش دوو ڕۆژ یه‌كێكیان ئازاد كردووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ نابێته‌ زه‌مینه‌خۆشكردن، چونكه‌ جگه‌ له‌و زیندانیانه،‌ 45 باره‌گامان داخراون و ڕێگری له ‌گه‌ڕانه‌وه‌مان ده‌كرێت و فشار له‌سه‌ر خه‌ڵك هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ زه‌مینه‌ خۆش بكه‌ن، تا گفتوگۆ بكه‌ین."

حه‌سه‌ن باسی له‌وه‌ش كرد: "ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیا و ڕژێمی سووریە و  هه‌موو وڵاتان داوا ده‌كه‌ن كورد له‌ ڕۆژئاوای كوردستان خۆی ڕێك بخات و یه‌ك بگرن و فشارێكی زۆر له (‌په‌یه‌ده)‌ ده‌كرێت و ئه‌وانیش په‌له‌یانه‌ گفتوگۆ بكه‌ین، به‌ڵام ئێمه‌ پێمان وایە تا زه‌مینه‌ خۆش نه‌كرێت، گفتوگۆكردن زه‌حمه‌ته‌."

نه‌واف حه‌سه‌ن گوتیشی: "به‌یاننامه‌یه‌كیان ده‌ركردووه‌ و باسی ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ ده‌كه‌ن و ده‌ستپێشخه‌رییان كردووه‌ و ئێمه‌ش له‌ ڕێگه‌ی به‌یاننامه‌وە وه‌ڵاممان دایه‌وه‌ و باسمان له‌وه‌ كرد، کە پێشوازی له‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ ده‌كه‌ین، به‌ڵام پێویسته‌ زه‌مینه‌ خۆش بكه‌ن و هه‌نگاوی كرداری بنێن بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆكان ئه‌نجامی هه‌بێت."

له‌باره‌ی له‌شكری پێشمەرگەی ڕۆژیشەوە گوتی: "گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی ڕۆژ یه‌كێک‌ له‌ مه‌رجه‌كانی ئێمەیە بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ (په‌یه‌ده)‌ بگه‌ینه‌ ڕێككه‌وتن، چونكه‌ ئه‌وان خه‌ڵكی ڕۆژئاوای كوردستانن و بۆ ئه‌وێش دامەزراون، به‌ڵام بۆ گه‌ڕانه‌وەیان‌ پێویسته‌ ڕێككه‌وتن بكرێت."

بڵند ئیبراهیم