هەواڵی کوردستان ئێستا

"پلان هه‌یه‌ به‌رهه‌می كشتوكاڵی بۆ چوار وه‌رز بگه‌یه‌نرێتە ئاستی خۆبژێوی"

"پلان هه‌یه‌ به‌رهه‌می كشتوكاڵی بۆ چوار وه‌رز بگه‌یه‌نرێتە ئاستی خۆبژێوی"

2020-05-06 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هه‌ولێر-KDP.info- حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوكاریی خانووه‌ پلاستیكییه‌كان ده‌كات ساڵانه‌ له‌ هه‌رچوار وه‌رزه‌كه‌دا به‌رهه‌می كشتوكاڵییان هه‌بێت، باج له‌سه‌ر به‌رهه‌می هاورده‌ زیاد ده‌كات و په‌ره‌ به ‌ژێرخانی كشتوكاڵی كوردستان ده‌درێت.

حوسێن حەمه‌كه‌ریم، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "له‌ ئێسته‌وه‌ كه‌ به‌رهه‌می كشتوكاڵیی خۆمان پێده‌گه‌ن، باجمان خستووه‌ته‌ سه‌ر ته‌واوی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییانه‌ی هاورده ‌ده‌كرێن. ئه‌مساڵ جیاواز له‌ ساڵانی ڕابردوو ڕێژه‌ی باجمان زیاد كردووه‌، بۆ نموونه،‌ كیلۆی په‌تاته‌ ساڵانه‌ 350 دینار باجی له‌سه‌ر بوو، ئه‌مساڵ كراوه‌ به‌ 600 دینار، ته‌ماته‌ به‌هه‌مان شێوه‌، بۆ گشت به‌رهه‌مه‌كانی تر باج زیادی كردووه‌ و‌ له‌گه‌ڵ درێژبوونه‌وه‌ی كاتی به‌رهه‌می ناوخۆ له‌ وه‌رزه‌كاندا ئه‌وه‌ دانانی باج له‌سه‌ر هاورده‌ درێژ ده‌كه‌ینه‌وه‌".

حوسێن حەمه‌كه‌ریم گوتیشی: "پلانێكمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خانووه‌ پلاستیكییه‌كان ساڵانه‌ له‌ هه‌موو وه‌رزه‌كاندا به‌رهه‌میان هه‌بێت، له‌ ڕێگه‌ی پشتیوانیكردنیان به‌ سووته‌مه‌نی له‌ وه‌رزی سه‌رمادا مانگانه‌ 50 لیتر سووته‌مه‌نییان بدرێتێ، به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پلانه‌ ده‌توانین بڵێین كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر به‌رهه‌می كشتوكاڵی له‌ هه‌ر12 مانگی ساڵدا".

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان گوتیشی: "له‌ به‌رهه‌می سه‌وزه‌واته‌كاندا له‌ وه‌رزی پێگەیشتن جگه‌ له‌وه‌ی به‌شی خۆبژێوی به‌رهه‌ممان هه‌یه‌، به‌شی ئه‌وه‌ش ده‌كات هه‌نارده‌ی بكه‌ین، ژماره‌یه‌كی زۆر كێڵگه‌ی په‌له‌وه‌رمان هه‌یه،‌ به‌رهه‌می گۆشتی مریشكی ناوخۆ دابین ده‌كه‌ن، پڕۆژه‌ی مریشكی هێلكه‌مان هه‌یه‌، ده‌توانین به‌شی خۆبژێویی ناوخۆ دابین بكه‌ین و مریشكی خواردنیش هه‌نارده‌ی پارێزگاكانی تری عێراق ده‌كرێت".

زانیاری زیاتری دا و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا: "بڕیاره‌كانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت بۆ پێدانی باج و ڕێكخستنه‌وه‌ی باجه‌كان و ڕێگه‌نه‌دان به‌ هیچ كه‌س بۆ ئەوەی خۆی له ‌باج بدزێته‌وه و،‌ ڕێگه‌ له‌ هاورده‌ی قاچاخ بگیردرێت، وا له‌ بازرگانان ده‌كات به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ جووتیاران كار له‌سه‌ر ئه‌وه ‌بكه‌ن له‌ هه‌موو مادده‌ خۆراكییه‌كاندا په‌ره‌ به‌ به‌رهه‌می كشتوكاڵی بده‌ن و، ئەوە كاریگه‌ریی له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی كشتوكاڵی ناوخۆ ده‌بێت".

عه‌زیز ڕه‌سووڵ