هەواڵی کوردستان ئێستا

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ باسی ورده‌كاریی پرۆسه‌ی خوێندنی ئه‌مساڵ ده‌كات

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ باسی ورده‌كاریی پرۆسه‌ی خوێندنی ئه‌مساڵ ده‌كات
وه‌زیری په‌روه‌رده‌ باسی ورده‌كاریی پرۆسه‌ی خوێندنی ئه‌مساڵ ده‌كات

2020-05-06 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info-  وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان گوتی، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ڕه‌زامه‌ندی داوە كه‌ ده‌رگای ناوه‌نده‌كانی خوێندن بۆ قۆناغه‌كانی یه‌كی بنه‌ڕه‌تی تاپۆلی 11 بكه‌نه‌وه‌ به‌پێی ڕێنماییی ته‌ندروستی بۆ ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كان و بۆ پۆلی 12ی ئاماده‌ییش مه‌نهجێك دیاری كراوه‌، چی پێویسته‌ بۆ تاقیكردنه‌وه‌كان داخیل بێت، چونكه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئێمه‌ی سه‌رپشك كردووه‌ بۆ بڕیاردان و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ دەر‌بارەی پرۆسه‌ی خوێندن.

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریان وەرگرتووە دەرگەی ناوەندەکانی خوێندن بۆ قۆناخی یەک تاوەکو 11 بکەنەوە و ڕێنمایی و گشتاندنیان بۆ دەردەکەن لەبارەی شێوازی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی، ئاماژەی بەوە کرد، لە ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپێردراون کە خوێندنەوەی بۆ بکەن و بگەنە بڕیارێک لە ئایندەیەکی نزیکدا، گوتیشی: "وەزارەتی پەروەردە مەنهەجێکی بۆ 12ی ئامادەیی دیاری کردووە و ئەوەی پێویستە بۆ تاقیکردنەوەکان داخڵ بێت".

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان گوتی: "له‌ كۆتاییی مانگی دوو هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا پلان و پێشنیاری خۆمان بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌باره‌ی پرۆسه‌ی خوێندن ئاماده ‌كرد و ئه‌وانیش ئێمه‌یان سه‌رپشك كرد بۆ ئه‌وه‌ی میكانیزمێك دانێین بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن و ڕۆژی دواتر بڕیارەکە وا درا کە لە 26-2-2020 لە وەزارەتی پەروەردە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بکرێتە پشوو تاوەکو ڕۆژی 10-3-2020، لەپاش 10ی 3 ئێمە وەکو وەزارەتی پەروەردە پشووی بەهارەمان هەیە تاوەکو 23ی3، ڕۆژی 24ی 3 دەست بە دەوام دەکرێتەوە. بۆ ئەو ماوەیە ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە لە ڕۆژی 3-3-2020 بە نووسراوی ژمارە 52، پلان (A-B-C-D)مان دانا، لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە 4-3-2020 پلانەکانی خۆمان خستە ڕوو.

ئاڵان حه‌مه‌ سه‌عید گوتیشی: "کاتێک کە پێوەرە تەندروستییەکە بە جۆرێک بوو، ئاراستەکان بەرەو ئەوە بوو ناوەندەکانی خوێندن وا بەئاسانی و زوویی نەکرێنەوە لە چوارچێوەی سیاسەتی خۆپارێزی لە کۆرۆنا بە کەمترین زیان لێی دەربچین. ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە بڕیارمان دا خزمەتگوزارییەکی ئەلیکترۆنی بۆ قوتابیان و خوێندکارانی کوردستان لە قۆناخی یەکی بنەڕەتییەوە تاوەکو پەیمانگاکان فەراهەم بکەین، بۆ ئەو مەبەستە قوتابخانەی ئەلیکترۆنیمان دامەزراند و قوتابخانەی ئەلیکترۆنی پلاتفۆرمێکە دەتوانم بڵێم لە ئاستی ناوچەکە هاوشێوەی نییە، دەوڵەتەکان چۆن پەنایان بردە بەر خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین، ئێمەش لە کوردستان چیمان کرد؟ بەپێی نوێترین ئەپدەیتی ئامارای ڕێکخراوی یونسکۆ تاوەکو ئەمڕۆ کە دەکات 6-5-2020 زیاتر لە یەک ملیار و 500 ملیۆن قوتابی لە 191 دەوڵەت، کە دەکاتە ڕێژەی 91.4 هەموو قوتابیانی جیهان لەناو ناوەندەکانی خوێندن بەهۆی ڤایرۆسی کۆڤید-19 لە خوێندن دابڕاون، لە بەرامبەردا ئەو دەوڵەتانە پەنایان بردووەتە بەر خوێندنی ئەلیکترۆنی، یان خوێندنی ئۆنلاین.

باسی له‌وه‌ش كرد، ئێمە لە هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی خوێندنەوەیەکی واقیعیانە بۆ ژێرخانی پەروەردە و گرفتی هێڵەکانی ئینتەرنێت و کارەبا لە کوردستان پلاتفۆرمێکمان ئامادە کردووە، کە ئەو پلاتفۆرمە لەگەڵ هەموو ئەو بابەتانە بگونجێت، خوێندنەکەش خوێندێکی ئەلیکترۆنی بێت و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن هاوئاهەنگیمان کردووە بۆ ئەوەی ئەو وێبسایتەمان بکرێتە فری و ئەگەر ئاماژەیەک بە پرۆژەی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی بدەم، دەتوانم لەسەر دوو ئاستەوە ئاماژەی پێ بدەم، یەکەم لەسەر ئاستی تەکنیکی، کە تاوەکو ئێستا 6 هەزار 602 قوتابخانە و یەک ملیۆن و 797 هەزار و 440 قوتابی و 129 هەزار 240 مامۆستای تێدا تۆمار کراوە.

له‌باره‌ی تێچووی ئه‌و پارەیەی له‌و كاره‌ خه‌رج كراوه‌، ئاڵان حه‌مه‌ سه‌عید گوتی، هاوبەشەکانی ئێمە لەو پرۆسەیە کۆمپانیاکانی نەورۆز تلیکۆم، سۆفتماکس و ڕێکخراوی یونسکۆ بوو، کۆی گشتیی ئەو پرۆژەیە ئەگەر لە بازاڕدا، یان بە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەک بکرابایە، ئەوا ملیۆنێک و 200 هەزار تێچووەکەی دەبوو، بەڵام یەک دۆلار و یەک سەنتیش لەسەر خەزێنەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەکەوتووە، بەڵکو ئێمە بە خۆبەخشی کردوومانە و بە سوپاسەوە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت لە ڕێگەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنەوە ئەو پلاتفۆرمەیان فری کردووە، کە بریتین لە کۆمپانیاکانی گەیاندن (کۆڕەک‌تلیکۆم، ئاسیاسێل، زێن)، کۆمپانیاکانی ئینتەرنێتیش (نەورۆزتلیکۆم، فاست‌لینک، پەیک نێت، ئای نێت، ئای کیو، گۆران نێت، تیشک نێت، ئەسەرد، تارین نێت)، هەموو ئەو کۆمپانیایانەی ئێستا وێببسایتی www.ewane.krd یان فری کردووە، واتە هاوبەشەکانی ئەو کۆمپانیایانەی ئەگەر بەڵانسیشیان نەمابێت دەتوانن بە فری ئەو وێبسایتە بکەنەوە. واتە هیچ قوتابییەک پێویستی بە کڕینی کارتی ئینتەرنێت نابێت بۆ ئەوەی ئەو وێبسایتە بکاتەوە و کۆی وانەکانی خوێندن لەو پرۆژەیە بەردەستە، کە بریتییە لە قۆناخی یەکی بنەڕەتی تاوەکو 12ی ئامادەیی و پەیمانگاکانی هونەرەجوانەکان، پەیمانگاکانی وەرزش و پەیمانگای کۆمپیوتەر، کە ئێمە وەکو وەزارەتی پەروەردە 30 پەیمانگای حکوومیمان هەیە، وانەکان لەو پرۆژەیە بە زمانی کوردی بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و بادینی تۆمار کراون، هاوکات بە زمانی عەرەبی بۆ قوتابخانە عەرەبییەکانی ناو هەرێمی کوردستان کە 119 قوتابخانەمان هەیە تۆمار کراون، وانەکان بە زمانی ئینگلیزی تۆمار کراون بۆ ئەو قوتابخانانەی کە بە سیستەمی ئینگلیزی لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن، هاوکات بۆ ئەو قوتابخانانەی بە زمانی سریانی و تورکمانی دەخوێنن، بۆ ئەوانەشی کە خوێندنی ئیسلامین و سەر بە وەزارەتی پەرەوەردەن، لەگەڵ ئەوانەشی کە خوێندنی پیشەیین.

 

زیاتر گوتی، ڕێژەی بەکارهێنانی ئەو پلاتفۆرمە لە سەرووی پێشبینییەکانی ئێمەوە بووە، کە زۆر باش بووە. ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە لە ماوەی 9 ڕۆژدا 547 هەزار قوتابی و مامۆستا ئەکاونەتەکانیان ئەکتیڤ کردووە، کە ئەمە ڕێژەیەکی زۆرە. ئەوەشی کە زۆرتر جێگەی دڵخۆشییە ترس و دڵەراوکێی ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە لە قۆناخەکانی (1-2-3)ی بنەڕەتی بوو، بەڵام زۆرترین ڕێژەی بەکارهێنەر بەپێی داتایانەی سیستەمەکە دەیخاتە ڕوو بەکارهێنەرەکان لە قۆناخەکانی (1-2-3)ی بنەڕەتین.

 

گوتیشی، لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر ئەوە درا بە دەرگای قوتابخانەکان بۆ قۆناخەکانی (1ی بنەڕەتی تاوەکو 11ی ئامادەیی) بە هەموو بەشەکانیانەوە بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان بۆ تاقیکردنەوەکان بکەینەوە، چونکە تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکی دڵنیاکەرەوە نییە کە کۆرۆنا لە کوردستان نەماوە و70%ی کۆی وانەکانی قۆناخەکانی (1ی بنەڕەتی تاوەکو 11ی ئامادەیی) لە ناوەندەکانی خوێندن لەنێو پۆلەکاندا خوێندراون.

 

سەبارەت بە پۆلی 12ی ئامادەیی گوتی، لە سەرەتای هەفتەی ئایندە دیراسەی خۆمان وەکو وەزارەتی پەرەوەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا بە وردی دەدەینە ئەنجومەنی وەزیران و بە زووترین کات بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر ئەو پرسە دەدرێت. تاقیکردنەوەی وزرایش لە مانگی 6ی ساڵی 2020 ئەنجام دەدەین.

 

دوای كۆبوونوه‌ی په‌رله‌مانیش، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان له ‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: "له ‌په‌رله‌مانی كوردستان له ‌سەعات 12ی نیوه‌ڕۆ تا سەعات5ی ئێواره‌ گفتوگۆمان له‌باره‌ی پرۆسه‌ی خوێندنی ئه‌مساڵ كردووه‌ و پێشنیار و پلانی خۆمان خستووەته‌ ڕوو و سبه‌ش كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ قوتابخانه‌ ناحكوومیه‌كان و په‌یمانگه‌كان هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش له‌باره‌ی پرۆسه‌ی خوێندنی ئه‌مساڵەوە گفتوگۆ ده‌كه‌ین.

 

ئاڵان حه‌مه‌ سه‌عید گوتیشی: "وه‌زاره‌تی دارایی به‌پێی ئه‌و پارەیە‌ی له‌به‌رده‌ستیدایه‌ خشته‌ی دابه‌شكردنی مووچەی داناوه‌ و دابه‌شی ده‌كات، بۆیه‌ جارێ دیار نییه‌ كه‌ مووچه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ دابه‌ش ده‌كرێت، چونكه‌ ئێستا وه‌زیری دارایی له ‌به‌غدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانین كه‌ی دابه‌ش ده‌كرێت."

 

بڕیاره‌ دوای كۆتایی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتاییی ساڵ له‌1/6 ئه‌نجام بدرێن.

 

بڵند ئیبراهیم