مەترسییەکانی بەکارهێنانی زمانی زبر لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا
2024-10-15 17:25:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ئەم جارەی هەرێمی کوردستان، زمانێکی زبر لە بەنگەشەکانی هەڵبژاردن بەکاردەهێنرێت، ئەمەش بە کۆمەڵگەی کوردی نامۆیە، بۆیە خەڵکێکی زۆری نیگەران کردووە لەوەی ئەم شێوازە ببێتە هۆکاری پێکدادانێکی نەخوازراو و سەرئەنجام شەڕێکی گەورەی لێبکەوێتەوە و هەرێمەکە بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار بەرێت یان وەها لە لایەنە سەرەکییەکان بکات بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕازی نەبن ئەگەر سەرکەوتن بەدەست نەهێنن. دەپرسین: هەتا چەند ئەو نیگەرانییانە لە جێی خۆیانن؟ هۆکار چییە ئەم جارە بەم شێوازە بەنگەشەی هەڵبژاردن دەکرێت؟ مەترسی هەیە لە دوا ساتدا هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت؟ چی مسۆگەری دەکات لایەنی دۆڕاو ئەنجامەکان پەسەند بکات؟ لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری: 1- سەربەست ئامێدی، سەرۆکی تۆڕی چاو بۆ چاودێری دیموکراسی و مافی مرۆڤ، هەروەها سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق. 2- دکتۆر تاریق جەوهەر، چاودێری سیاسی و شارەزا لە بواری کاروباری هەڵبژاردن. 3- دکتۆر کەریم قەرەچەتانی، پسپۆری بواری کۆمەڵایەتی. دکتۆر کەریم قەرەچەتانی: ئەم حزبە سیاسییانە بێ جیاوازی هەموویان پێش هەڵبژاردن دەڵێن وادەکەین و وادەکەین، بە بەلێن و قسەی ئەو حزبانە بێت دوای هەڵبژاردن ژیانی هەموومان دەبێت بە بەهەشت، بەڵام لەهەمانکاتدا بە هەڕەشەوە دەڵێن وادەکەین و وادەکەین کەبێگومان ئەوە کاریگەری دەروونی بۆ سەر خەڵک هەیە، خۆی هەر خەڵک سترێسی هەیە، لەچوارلامانەوە شەڕە، بێ موچەیی و چەندین گرفت و قەیرانی تر بێگومان ئەو زمانە زبرەی بانگەشەی هەڵبژاردنیش کاریگەری هەیە بۆ سەر لایەنی دەروونی خەڵک، من خۆم یەکێکم لەوانەی دەڵێم خوایە ئەم دوو ڕۆژە بەسەلامەتی تێبپەڕێت، هەرچەندە سوپاس بۆ خوا هەتائێستا باشە بەڵام لەپێشتر شەڕی ناوخۆمان بینیووە چۆن دروستبووە. نازانم ئەو سەرکردە و لایەنانە ڕاوێژکاری دەروونی و سیاسییان نیە کەپێییان بڵێ چۆن قسە بکەن لەم بانگەشەیەدا، لەکاتێکدا ئاشکرایە کاریگەری وشە چەندە زۆرە لەسەر تاک و خەڵک بەگشتی، لەکاتێکدا ئەو زمانە زبرە و موخاتەبەکردنی خەڵک بۆ عەقڵ زیاتر دەمێنێتەوە وەک لەوەی بە وشە و قسەکردن موخاتەبەی عەتفی خەڵک بکرێ، کەئەمەش شوێنی متمانە نیە چونکە خەڵک زوو بیری دەچێتەوە ڕەنگە هەتا ڕۆژی دەنگدان بیری بچێتەوە و بۆچونی خۆی بگۆڕێت، من ئەوەی دەبینم لەم بانگەشەیە زیاتر موخاتەبەی عەتفی خەڵک دەکرێ نەک عەقڵ. ڕاستە ئەو ململانێ و شێوازی بانگەشەیە لە وڵاتانی تر بە ئەمەریکاشەوە هەیە بەڵام کۆمەڵگای ئێمە و ئەوان جیاوازن بۆیە کاریگەریییەکانیش زیاترن. جگەلەوەی مەترسی ڕۆژی هەڵبژاردن و کاتی جیاکردنەوەی دەنگەکان هەیە، خەڵک ترس و خەیاڵ و قەلەقی ئەوەی هەیە کەلایەنێک ئەوە قبوڵ نەکات دەنگەکانی کەم بێت، ئەمانە هەمووی ترس و دڵەڕاوکێن بۆ دەرونی خەڵک، لەلایەنی دەرونیەوە خەڵک وەک قومبەلەیەکی تەوقیتکراو وایە یەک گڕی بچوکی بەسە خوانەکردە بیانەوێت شەڕی ناوخۆ دروست دەکەنەوە، ئەوەتا بەم زمانە زبرەی کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن، و بەم عەقڵە بچوکە و بەم شێوازە یەکتر قبوڵ نەکردنەی یەکترییان، بۆیە بچوکترین شت بەسە بۆ تەقینەوەی خەڵک و پێکداپژان. خەڵک متمانەی بەم حزبانە نەماوە ٣٠ ساڵە بەڵێن دەدەن ئەگەر لە ٦٠%ی ئەو بەڵێنانەیان جێبەجێبکردایە ئێستا پێویستی بەو زمانە زبرە نەدەکرد بەکاریبهێنن بۆ ڕاکێشانی خەڵک، ئەم حزبانە ئەو زمانە زبرەی هەڵبژاردن کە بەکاریدەهێنن وەک تاڵە پوشەکەی کەسێک بۆ ڕزگاربوون لە نوقمبوون بەکاری دەهێنێ وایە، تەنانەت خەڵک متمانەی بە هەڵبژاردن نەماوە تەنانەت گاڵتە و پێکەنینی بەو قسانە دێت و دەڵێن دوای هەڵبژاردن چاک دەبنەوە، بۆیە گەورەترین کێشە لای ئێمە ئەوەیە سیقە و متمانە بە هەڵبژاردن نەماوە چونکە ٣٣ ساڵە بەڵێن دەدەن و جێبەجێ ناکەن، ئاسان نیە گەڕانەوەی ئەو متمانەیە هەرچەندە من گومانم هەیە بیکەن بەڵام بابێن واز لەو عەقڵیەتە بهێنن وەرگرتنی خەڵک لە زانکۆ بە تەزکیەی حزبی و بێ کاری و دانانی پۆستەکان لە خوار وەزیر لە وەکیل وەزیرەوە تا پۆستەکانی تر با لەسەر ئاستی توانا و لێوەشایی دابنرێن، با گەنج چیتر لەبێ کاری سەری خۆی هەڵنەگرێت و خۆی بداتە بەر ئاوی ئیجە، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەوانە دەکەن؟نەخێر من گومانم هەیە. دکتۆر تاریق جەوهەر: دۆزینەوەی نەیارێکی سەرسەختە بۆ ئەوەی جەماوەری پێڕابکێشن و ناوخۆی خۆیانی پێ ڕێکبخەنەوە ئەمە ڕێک ئەو سیاسەتەیە کە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات ئێستا بەکاریدەهێنن، بەداخەوە بەهۆی ئەو گرفتانەی لەڕابردوو هەبوون، لەکارکەوتنی پەرلەمان، نەبونی خزمەتگوزاری و بێ کاری و چەندین گرفتی تر خەڵک بێ ئومێد بووە لە پڕۆسەی دەنگدان بۆیە یەکێک لەو هۆکارەکانەیە کە حزبەکان پەنا ببەنە بەر ئەو شێوازی زمانی بانگەشەیە،کە حزبەکان پەنا ببەنە بەر تۆمەتبارکردن و دەستخستنەسەر برینی یەکتر، لەکاتێکدا هەرخودی بنەماکانی هەڵسوکەوتی کۆمسیۆن(قواعد السلوک)ڕێگەی لەوجۆرە بانگەشانە گرتووە کە ڕق و توند و تیژی و تۆمەتبارکردن و خیانەتی لایەنی بەرامبەری تێدا بێت، وا کەمپینی هەڵبژاردن تەواو بوو من حزب و لایەنەکان لەسەر ئاستە جیاوازەکان نەمبینن باس لەبەرنامە و پڕۆژەی خۆیان بکەن کەچی دەبێت لەداهاتوو جگە لەبریندارکردن و باسکردن لەلایەنی بەرامبەر بەداخەوە بەوجۆرە دەنگدەر ئاشت ناکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا من پەیامم ئەوەیە خەڵک بچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان لەماڵەوە دانەنیشێ بەدەنگی خۆی ئەو گۆڕانکارییە دروست بکات کەدەیەوێت. بێگومان خەڵک بەگشتی نیگەرانە لەوجۆرە زمانی بانگەشەیە، تەنها لایەنگرە تەقلیدییەکانی حزبە تەقلیدییەکان نەبێ، دەروێشەکانی شەڕی ناوخۆش لەم بانگەشانەی هەڵبژاردن زمانیان درێژبۆتەوە کە دەبوو هەر ڕێگایان پێنەدرێت چونکە ئێستا سەردەمی شەڕی ناوخۆ نیە و قۆناغەکە جیاوازە، خەڵک پێویستی بە ئارامی و ئەوەیە ئومێدی پێبدەی. بەداخەوە ئاستی ئەمجارەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە زمانی زبر و یەکتر تۆمەتبارکردن و تەخوینکردنەوە گەیشتووەتە ئاستی بەکارهێنانی ژیری دەستکرد کەلایەنێک دژ بەلایەنی تر بەکاریهێنا، دەبێت کۆمسیۆن زیاتر ڕژد بێت لەسەر جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکان، چونکە زمانی زبری بانگەشەی هەڵبژاردن و لەکەدارکردنی یەکتر دەچێتە چوارچێوەی تاوانەکانی هەڵبژاردن، کە ڕۆژانە لە قسەی لایەنەسیاسییەکان و کاندیدەکان لە دیبەیت و بەرنامەکان بەئاشکرا دەبینین بەڵام هەتائێستا نەمانبینی هیچ کام لەو کاند و لیستانە کۆمسیۆن ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بگرێتەبەر. سەربەست ئامێدی: بەڕاستی جێی داخە دوای چەندین هەڵبژاردنی خولی پەرلەمانی هەرێم و عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەو زمانە توند و تیژی و ناشرین و زبرە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بەکاربهێنرێت، بەدەقی یاسایی بەڕوونی لە یاسای هەڵبژاردنەکان ڕێگری لەم شێوازی بانگەشەیە کراوە، ڕاستە لە وڵاتانی تریش شێوازی بانگەشەی هەڵبژاردن بەمجۆرە هەیە، بەڵام دوای ئەنجامدانی پڕۆسەکە یەکەم لایەن کە پیرۆزبایی دەکات لەلایەنی بەرامبەر لایەنی دۆڕاو و ڕکابەرە، بەڵام بەڕاستی ئەوەی ئێمە ترسمان لێی هەیە لە کوردستان ئەوەیە کە لە هەر شوێنێک تەقەیەک، شەڕێکی بەدەستی دروست ببێت و خوانەکردە ببێتە شەڕی براکوژی ئەگەر چی ماوەکە زۆرکەمی ماوە. من دەمێکە وتوومە هەڵبژاردنەکە هەرچۆنێک بێت دەکرێت، بەڵام ترسی من کاریگەری ئەم زمانە زبرەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ دوای هەڵژاردنە،کە لایەنێک یا دوو لایەن ئەنجامەکانی هەڵبژاردن قبوڵ نەکات و فەوزایەک دروست بکات، چونکە کێشەکە ئەوەیە لایەنە یا دوو لایەن کە ژمارەی کورسییەکانی کورسییەکانی بەدڵ نەبێت بڕوای بەبۆچونی دەنگدەر نیە کەدەنگدەر سزای دابێت و دەنگی کەمیکردبێت بەڵکو دێت دوای هەڵبژاردن کێشە دروست دەکات لەبری ڕێزگرتن لەبۆچونی دەنگدەر، ئنجا ئەوە کاریگەریشی دەبێت لەسەر دەنگدەری ئەو حزبانە چونکە حزبەکان هیچ ڕێگایەکیان نیە جگە لەدانیشتن و پێکەوە پێکهێنانی حکومەت ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر دەنگدەری حزبەکە دواتر پێییان دەڵێن، ئێوە پێشتر واتان بەیەکتر دەوت کەچی دواتر چون حکومەتتان لەگەڵ یەکتر پێکهێنا. ئەمە توندترین هەڵمەتی هەڵبژاردنە کە هەتائێستا لەعێراقیش و لەهەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە بچێت بەداخەوە کەمتەرخەمیییەکە لە کۆمسیۆنی هەوڵبژاردنەکانە چونکە ئەم گرفتانە بەبەیاننامە چارەسەر ناکرێت بەڵکو دەبوو بەپێی هەنگاوەکانی کە یاسا دیاریکردووە لایەنەکان ئاگاداربکرانایەوە، دواتر غەرامە و دواتر هەتا ئاستی دوورخستنەوەی ئەو لایەن و کاندیدەی زمانی زبر بەکاردەهێنێت لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بڕۆشتایە، من سەرۆکی کۆمسیۆن بومایە لەپێشتر لەم هەڵمەتەی هەڵبژاردن ئەو هەنگاوە یاساییانەم ئەنجامدەدا دژ بەو زمانە زبرەی هەیە. دووپاتیدەکەمەوە ئەو لایەنانە چەندە زمانی زبر بەرامبەر یەکتر بەکاربهێنن هیچ ڕێگایەکی تریان لەبەردەمدا نیە جگەلەوەی کەدوای هەڵبژاردن پێکەوە دابنیشن و گفتوگۆ بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت، چونکە هیچ لایەنێک ناتوانێت زۆرینە بەدەست بهێنێت. ڕاستە خەڵکانێک هەن پێییان وایە بەکارهێنانی ئەو زمانە زبرەی بانگەشەی هەڵبژاردن ڕێککەوتنی ژێرپەردەی حزبەکان خۆیانە، بەڵام بەبۆچونی من ئەگەر هەر ڕێککەوتنێک بۆ بەکارهێنانی زمانی زبر لەنێوان لایەنەکان هەبێت ئێستا هەموو ئەو ڕێککەوتنانە تێپەڕێنراوە.