بۆ یەكەم جار ئامێری پشكنینی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان لە هەڵەبجە جێگیر كرا
2024-10-16 17:05:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
بۆ یەكەم جار ئامێری دەستنیشانكردنی ماددە هۆشبەرەكان لە پزیشكی دادی پارێزگای هەڵەبجە جێگیر كراو بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی شارەزووریش دەڵێن، لە ماوەی 10 مانگی ڕابردوودا 82 كەس لە هەڵەبجە بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیرا كراون. ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی مانگی 10ی 2024 وەک چوارەمین بەڕێوبەرایەتی لەسەر ئاستی عێراق لە كەرتی تەندروستیدا، لە پزیشكی دادی هەڵەبجە، ئامێری دەستنیشانكردنی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان دانرا. د. ئازاد مستەفا بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، ئامێرەكە بە كۆی پێداویستیەكانەوە بە گوژمەی 160 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە كڕیومانە و لەسەر دەستی تیمێكی ڕاهێنراو بە وردی دەستنیشانی ڕادەی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر و كارتێكەرە عەقڵییەكان دەكات." د. ئازاد گوتیشی، " پێشتر پشكنینەكانمان دەناردە سلێمانی و لەوێ ئەوان لەسەر بودجەی خۆیان دەیانكرد و كاتێكی زۆری پێدەچوو، بەڵام ئێستا لە كەمترین كاتدا دەتوانین ئەنجامەكان ڕادەستی دادوەر و ئاسایش بكەین." بەرێوبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور هەرچەندە دەڵێن، دۆخی بەكارهێنان و بازرگانی كردن بە مادە هۆشبەرەكان كۆنتڕۆڵكراوە، بەڵام لە دە مانگی ڕابردوودا 82 تۆمەتباریان دەستگیر كردووە. عەمید بورهان فەرەج لێپرسراوی بەشی لێکۆڵینەوە، لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سنوری بەرێوبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور، سنورێكی بەرفراوانەوە لە هەڵەبحەوە بۆ پێنجوێن هەتا بەمۆیە، توانیمان لە ڕێگەی تیمەكانمانەوە، بەربەستێكی گەورە لەبەردەم ئەو كەسانە دروست بكەین كە مادەی هۆشبەربەكاردەهێنن ودەیفرۆشن." عەمید بورهان گوتیشی، هێنانی ئەم ئامێرە، پرۆسەكە خێرا دەكات، لە ڕابردوودا گومانلێكراوێک دەستگیر دەكرا، چوار هەفتەی پێ دەچوو كە ئەنجامی پشكنینەكەی دەگەڕایەوە، بەڵام ئێستا پرۆسەكە، خێراتربووە. لەماوەی 10 مانگدا توانیومانە 82 كەس دەستگیر بكەین و 32 كەسیان بە بڕیاری دادوەر سزای شەش مانگ بۆ سێ ساڵ دراون." بەگوێرەی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان، لە سەرەتای ساڵی 2018 هەتا مانگی هەشتی 2024، زیاتر لە 11 هەزار و 145 تۆمەتباری مادەی هۆشبەرەكان گیراون، لەو ژمارەیەش 2 هەزار و 857 تۆمەتباریان بازرگان بوون. کوێستان محەمەد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئامارەکان دەرخەری زیادبوونی بەکارهێنەر و بازرگانیکردنن بە ماددەی هۆشبەر، بە جۆرێک یەک لەسەر پێنجی سزادراون و دەستگیرکراون لەسەر بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر سزادراون و ڕاگیراون." پشكنینەكان پێویستیان بە ڕاهێنانی وردە و هەموو ئەو كەسانەی كە پشكنینەكان ئەنجام دەدەن خولێكی ڕاهێنانیان بینووە. بەرزان محەمەد بەڕێوەبەری پەیمانگای پزیشکی دادوەری سلێمانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند،" ئامێرەكە كە لە پزیشكی دادی هەڵەبجە دانراوە خزمەتێكی گەورە دەكات بە ڕەوتی لێكۆڵینەوە و تەواوی ئەو كەسانەی كە ئەم پشكنینە دەكەن، كارمەندەكانی لەلایەن ئێمەوە ڕاهێنراون و ئێمە هەماهەنگیان دەبین تا ئەو كاتەی خۆیان هەموو پشكنینەكان دەكەن. " بەپێی یاسای ژمارە (1) ی ساڵی (2020) ی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەرو کارتێکەرە عەقڵییەکان، کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەندکراوە، بازرگانی مادەی هۆشبەر سزاکەی کەمتر نییە لە 15 ساڵ، بەڵام سزای بەکارهێنەر کەمترەو دەگاتە 5 ساڵ زیندانیکردن. بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئەو جۆرانەی مادەی هۆشبەر کە لە هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەتەوە، بریتین لە کریستاڵ، هیرۆیین، حەشیش، تریاک، حەبی بێهۆشکەرو چەند جۆرێکی تر لە مادەی هۆشبەر.