سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئانکەرە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کۆدەبێتەوە
2024-10-16 18:21:04 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، ڕۆژی چوارشەممە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئانکەرە و لەوێ لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و وەزیری دەرەوە هاکان فیدان و بەرپرسانی تردا کۆبووەوە. بارزانی لە ڕاگەیاندێکیدا لە تۆڕی ئێکس (تویتەر) دەڵێت لە کۆبونەوەکەیدا لەگەڵ ئەردۆغان باسیان لە چەندین پرس کردووە لە ناویاندا " بەرەودان بە سەقامگیری ناوچەکە و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق، و تورکیا." بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە کۆبونەوەیەکی "بەبەرهەمی" هەبووە لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئیبراهیم کالین و دەڵێت " بیروڕامان ئاڵوگۆڕکرد لەسەر چەندین بابەتی پەیوەست بە بەرژەوەندی هاوبەش و نیگەرانییەکان." هەروەها وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش باسی لە کۆبونەوەکەی وەزیری دەرەوە هاکان فیدان و سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق نێچیرڤان بارزانی کردووە لە ئانکەرە و دەشڵێت " ئیبراهیم کالین، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری تورکیاش بەشدار بووە لە کۆبونەوەکە." ئەم سەردانەی بارزانی لە کاتێکدایە تەنها چەند ڕۆژێک ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، کە یەکێک لەو بابەتانەی لەم هەڵمەتانەدا زۆر باسی لێوە دەکرا هێرشەکانی تورکیا بوو بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان کە تورکیا دەڵێت ئۆپەراسیۆنەکانی بە مەبەستی هێرشکردنە سەر پەکەکەیە.