هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەمەریکا سزای نوێ دەخاتە سەر حزبوڵا و ڕژێمی سوریا

ئەمەریکا سزای نوێ دەخاتە سەر حزبوڵا و ڕژێمی سوریا
ئەمەریکا سزای نوێ دەخاتە سەر حزبوڵا و ڕژێمی سوریا

2024-10-16 21:05:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، سزای بەسەر چەند کەس و کۆمپانیادا دەسەپێنێت کە پشتیوانی حزبوڵای لوبنان و ڕژێمی سوریا دەکەن. ماثیو میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سزا نوێیەکانی واشنتن سێ کەس و چوار کۆمپانیا دەگرێتەوە "بەهۆی ڕۆڵیان لە دابینکردنی داهات بۆ حزبوڵا، کە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانی پێ ئەنجام دەدات".   ئەو بەرپرسە ئەمەریکاییە ڕایشیگەیاند سزا بەسەر سێ کەسیشدا دەسەپێنرێت کە دەستیان لە بەرهەمهێنانی نایاسایی و قاچاخچێتی کاپتاگۆندا هەیە. کاپتاگۆن ماددەیەکی هۆشبەرە  کە بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات بۆ ڕژێمی سوریا و گروپەکانی دیکەی هاوپەیمانی ئێران، لەوانەش حزبوڵا. میلەر گوتیشی " ئەمەریکا سوورە لەوەی ڕێگری بکات لەوەی حزبوڵا دەستی بە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی ڕابگات. گروپەکانی سەر بە ئێران ئەم شێوازانە بەکاردەهێنن بۆ دابینکردنی دارایی بۆ توندوتیژییەکانیان." ئەم سزایانە لە کاتێکدایە کە شەڕی نێوان چەکدارانی حزبوڵا و سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان و ناوچەکانی دیکە بەردەوامە.