هەواڵی کوردستان ئێستا

پێشبینی بۆ ژمارەی کورسی لایەنەکان لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستاندا

پێشبینی بۆ ژمارەی کورسی لایەنەکان لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستاندا
پێشبینی بۆ ژمارەی کورسی لایەنەکان لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستاندا

2024-10-17 16:15:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


وەک ئەوەی بەدی دەکرێت، چەندین پێشبینی کراوە بۆ ژمارەی کورسی لایەنەکان لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی هەرێمی کورستان کە بڕیارە لە 20 ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان پێشبینییەکان هەیە، بە شێوەیەک زیاتر بە ئاڕاستەی بەشێک لە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەڕوات. دەپرسین: ئەو پێشبینیانە لەسەر بنەمای ڕای وەرگرتنی خەڵکە یان مەزەندەی کەسێک یان چەند کەسێکە؟ ئەی چۆن پێشبینی بە شێوەیەکی ڕاست دەکرێت؟ ئایە ئەو پێشبینییانە کاریگەرییان لەسەر هەڵوێستی دەنگدەر دەبێت؟ 1- دکتۆر سەعید کاکەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق. 2- هاوڕێ تۆفیق، یاساناس و شارەزای کاروباری هەڵبژاردن. 3- دکتۆر ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان. دکتۆر سەعید کاکەیی: هەتا ئێستا ئەو ڕاپرسی و پێشبینیانەی حزب و لایەنەکان بڵاوی دەکەنەوە لەسەر پێشبینییان بۆ ژمارەی کورسییەکانیان هەر لایەنە و بە دڵ و خواستی خۆی بووە، لە هەرێمی کوردستان جگە لە یەک-دوو دەزگا، شوێنی پڕۆفیشناڵ ڕاپرسی ئەو ڕاپرسییانەی ئەنجام نەداوە، ئەو ڕاپرسیانەی لەسەر پێشبینی کورسی لایەنەکان لە پەرلەمانی هەرێم بڵاودەکرێنەوە من هەندێکی دەبینم جێی پێکەنینە چونکە کاتێک هەر بەپێی ڕاپرسی ئەو لایەنە خۆی حسابی کورسییەکانی پەرلەمان دەکەی دەکاتە ١٨٥کورسی، لەکاتێکدا پەرلەمان لەم خولە خۆی ٩٥کورسی+٥ کورسی کۆتاکانە، ئەمەش دەریدەخات بەنادانایی و ناشارەزایی ئەنجامی دراوە و پێوەرەکانی ڕاپرسی لەبەرچاو نەگیراون. بەبۆچوونی من ئەمجارە خەڵک بەلێشاو ڕوودەکەنە سندوقەکانی دەنگدان ناڵێم ڕێژەکە زۆر زۆر بەرز دەبێت بەڵام لەچاو پێشتر بەرز دەبێتەوە چونکە بینییان بایکۆت سودی نەبوو، وە بایکۆت لەبەرژەوەندی حزبە دەسەڵاتدارە ستەمکارەکانە، بۆیە پێکهاتەی پەرلەمانی داهاتووی هەرێم جیاواز دەبێت، هەژمونگەرایی کەمتر دەبێتەوە و دەسەڵات و هەژمونی حزبە تەقلیدییە دەسەڵاتدارەکانی پێشوو کەمتر دەبێتەوە. ئەو لایەنانەی ئێستا ئامار بڵاودەکاتەوە و لاف و گەزافی ئەوە لێدەدات ٤٠کورسی زیاتر دەهێنێت دڵنیاتان دەکەمەوە لەخوار ٤٠ کورسی دەهێنێت، ئەو لایەنەی تریش کەدەڵێ سەروو ٣٠ کورسی دەهێنم دڵنیابن لەخوار ٣٠ کورسی بەدەست دەهێنێت، ئەم ئامارانەی لایەنەکان بڵاوی دەکەنەوە لەسەر ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمانی داهاتوو جۆرێکە لەفێڵکردن لە دەرونی خەڵک، بۆیە من داوا لە خەڵک دەکەم گوێ بەو ئامار و ڕاپرسییە ناپڕۆفیشناڵانە نەدەن و خۆیان خاوەنی بڕیاری خۆیان بن و بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بەدەنگەکانیان ڕێڕەوی حوکمڕانی بەوجۆرە دیاریبکەن بەوجۆرەی خۆیان دەیانەوێت. دکتۆر ئارام برادۆستی: لە هەرێمی کوردستان دەزگا و پەیمانگا و لایەنێکی پڕۆفیشناڵی بێ لایەنمان نیە بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی لەسەر پێشبینی بۆ ژمارەی کورسی لایەنەکان لە هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەوەی هەیە لایەنەکان خۆیان دەیکەن کە هەندێکجار ژمارەی کورسی ئەو لایەنە و کورسی لایەنەکانی تر کۆبکەیتەوە بەپێی ئەو ڕاپرسییە دەکاتە دوو ئەوەندەی ژمارەی کورسییەکانی ئێستای پەرلەمان کە ٩٥ کورسییە، ڕاپرسی چەند مەرج و بنەمایەکی هەیە یەکەم میکانیزمی ڕاپرسییەکە، دووەم،ئەو(عەینانە)ی وەرگیراون لە ڕاپرسییەکە، ئەوەی بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی هەرێم کراوە من ڕاپرسییەکم بینی کە بۆ نمونە ئەنجامی پارێزگای هەڵەبجە زۆر دوورە لەڕاستیەوە چونکە بەپێی ڕاپرسی ئەو ڕێکخراوە بێ لایەنێک یەکەم دەبێ کە ئەسڵەن کورسیش ناهێنێ لەڕاستیدا، هەرچەندە یەکێک لە ئەرکەکانی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامدانی ڕاپرسییە بەڵام هەتائێستا ئەمەمان نەکردووە، بەهیوام لەئایندەدا بتوانین ئەو ڕاپرسیانە بەشێوەیەکی پیشەییانە ئەنجام بدەین. من پێشبینی ناکەم هیچ کاندیدێکی سەربەخۆ بتوانێت دەنگی کورسییەک بەدەستبهێنێت، چونکە بۆ نمونە کاندیدێکی سەربەخۆ ئاسان نیە بتوانێت بۆ نمونە ٩ هەزار یا سیانزە هەزار دەنگ بهێنێت، بۆیە ئەو ژمارانە بەنمونە دەهێنم چونکە نرخی کورسیەک لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی تر جیاوازە، وە کاندیدە بەهێزەکان کەتوانای بەدەستهێنانی دەنگیان هەیە هەموویان لەناو لیستەکاندان، تەنانەت حزب و لیستیش هەن دەنگەکانیان ناکاتە دەنگی کورسییەک. پێموانیە گۆڕانێکی بەرچاو و سەپڕایز بۆ هیچ لایەنێک لە هەڵبژاردنی ئەمجارە دروست ببێت و گۆڕانکاری گەورە لە پێکهاتەی پەرلەمانی داهاتوو ڕووبدات، بۆ لایەنەکانی پێشتر کەبەشداربوون لە هەڵبژاردن ژمارەی کورسییەکان زیاد و کەمی بەجۆرێک نابێت زۆر جیاواز بێ، بۆ لیستە نوێییەکانیش بڕواناکەم ببنە سوپڕایزی هەڵبژاردن، ئەوەی ڕوونە هیچ لایەنێک ناتوانێت کورسی بە تەنها پێکهێنانی حکومەت بەدەستبهێنێت ئەوەش بۆ ئاساییە، من بۆچونێکی خۆم لێرەدا دەڵێم، ئەگەر پارتی و یەکێتی ڕێکبکەون و بە مەرجەکانی یەکتر ڕازی ببن پێکەوە دەتوانن حکومەت پێکبهێنن و پێموانیە پێویستیشییان بەکورسی لایەن و لیستە نوێییەکان هەبێت. هاوڕێ تۆفیق: لە وڵاتانی دیموکراسی لە پاڵ حزبە سیاسیەکان و ئەو دەزگایەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات، لایەنی سێییەم هەیە کەناوەند و دەزگان بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی بێلایەن و پڕۆفیشناڵانە، بەشێوەیەک لەسەرەتای کەمپەینی هەڵبژاردن ڕاپرسی ئەنجام دەدەن، لەناوەڕاستی کەمپەین و لە دوا ڕۆژەکانیش،ئەنجامی ڕاپرسییەکان نزیکبوون لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بۆیە متمانەیان پەیداکردووە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هیچ ناوەند و دەزگا و لایەنێکی بێلایەنمان نیە کە ئەو ڕاپرسییانە بۆ پێشبینی ئەنجامی هەڵبژاردن و کورسی لایەنەکان ئەنجامبدات ئەوەی هەیە بۆ پێشبینی کردنی کورسی حزبەکان زیاتر دەچێتە خانەی هەڵسەنگاندنی سیاسی هیچ بنەمایەکی زانستی ڕاپرسی نیە، بەڵکو ئەم شتە بە تەواوەتی نادیارە و لەتاریکیدا ماوەتەوە، جگەلەوە ئەمجارە پێشبینی کردن ئاسان نیە، چونکە ژمارەی کورسییەکان کەمبۆتەوە بۆ سەد کورسی کە کێبڕکێکە بۆ کورد لەسەر ٩٥کورسییە و پێنج کورسی هی کەمە نەتەوایەتی و ئاینییەکانە، دووەم حزبی نوێ دروستبووە کەلیستییان هەیە، بۆیە ئەم جارە ٥کورسی بەهای ٧کورسی جارانی هەیە. ئەو ئەنجامی پێشبینی حزبەکان بۆ ژمارەی کورسییەکانیان بڵاوی دەکەنەوە بنەمای زانستی نیە، تەنها وەک جۆرێکە لە ڕیکلام و کەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردن و پەیام ناردن بۆ دەنگدەر و بەرزکردنەوەی لایەنی دەرونی دەنگدەرەکەیەتی کە بڵێت هێشتا من هەر یەکەمم و ئەوەندە کورسی دەهێنم. بەشێوەیەکی گشتی باس دەکەم نەک ئەوەی وەک دەوترێ لەشوێنێک (سەپرایز-موفاجەئەی هەڵبژاردن) ڕووبدات، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی شانۆی هەڵبژاردنی ئەمجارە دوو پاڵەوانی سەرەکی تێدا دەبینرێ،بێگومان لایەنەکانی تریش هەن بەڵام بەشێوەی سەرەکی پارتی و یەکێتین، چونکە لەهەڵبژاردنەکانی تر بۆ نمونە پارتی و یەکێتی و لایەنی سێییەم بۆ نمونە بزوتنەوەی گۆڕان یا لەقۆناغێک لە قۆناغەکان نەوەی نوێ هەبوو، بەڵام ئەمجارە لەکەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، لە جوڵەی شەقامی شاروشارۆچکەکان، لە ڕاگەیاندنەکان و سۆشیاڵ میدیا پارتی و یەکێتی دەبینرێن، بۆیە ڕاستترە بڵێیین ئەم هەڵبژاردنە لەڕووی دەنگدانەوە هەڵبژاردنی یەکێتی و پارتییە، مەبەستم فەرامۆشکردنی لایەنەکانی تر نیە بەڵکو مەبەستەکە ئەوەیە کە ئەمجارە ئەو دوو حزبە دوو ڕکابەرە سەرەکیەکەن کە گوتارەکەیان بە تەواوەتی لەیەکتری جیابۆتەوە،کەئێستا دەتوانین بەتەواوەتی جیاوازییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ببینین کەهیچ کاتێک ئەوەندە لەیەکتر جیا و دوور نەبوون ئێستا دۆڵێک لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دروستبووە، ئەمە وایکردووە کە ئەم دوو لایەنە ببنە دوو کاراکتەری سەرەکی بۆ بینەر و دەنگدەرەکان.