هەواڵی کوردستان ئێستا

دوو بەرپرسی ئیسرائیلی دەڵێن بە ئەگەرێکی زۆرەوە یەحیا سینوار سەرکردەی حەماس کوژراوە

دوو بەرپرسی ئیسرائیلی دەڵێن بە ئەگەرێکی زۆرەوە یەحیا سینوار سەرکردەی حەماس کوژراوە
دوو بەرپرسی ئیسرائیلی دەڵێن بە ئەگەرێکی زۆرەوە یەحیا سینوار سەرکردەی حەماس کوژراوە

2024-10-17 18:40:21 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


سوپای ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند لێکۆڵینەوە لە ئەگەری کوژرانی یەحیا سینوار، سەکردەی گرووپی حەماس دەکەن. بەگوێرەی میدیا ئیسرائیلییەکان، ڕێکخراوی ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل (شین بەت) لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، "لە شوێنی ئۆپەراسیۆنەکەی بەرەبەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە سێ تەرم دۆزراونەتەوە کە شین بەت و سوپای ئەو وڵاتە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا یەحیا سینوار لەنێویاندایە یان نا". کەناڵی کان-ی ئیسرائیل لە زاری "سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی ئیسرائیل"ەوە بڵاویکردوەتەوە کە یەحیا سینوار کوژراوە، بەڵام هەتا ئێستا هەواڵەکەی بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە. بەگوێرەی میدیا ئیسرائیلییەکان، ئەو سێ تەرمە هێشتا لە غەززەدان، بەڵام نمونەی دی ئێن ئەیەکەیان ڕەوانەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل کراوە بۆ ئەوەی پشتڕاست بکرێتەوە. دامەزراوە ئیسرائیلییەکان نمونەی دی ئێن ئەی سینواریان لەو کاتەی کە 23 ساڵ لە زیندانی ئەو وڵاتەدا بووە، وەرگرتووە. بەگوێرەی ئەو میدیایانە، "بڕێکی زۆر پارە و هەروەها ناسنامەی ساختە" لە تەنیشت ئەو سێ تەرمەوە دۆزراوەتەوە. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند دەسەڵاتداران بنەماڵەی ئەو 101 بارمتەیان ئاگادارکردووەتەوە کە هیچ بارمتەیەک لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمرۆدا کە پێدەچێت بووەتە هۆی کوژرانی سینوار، لەوێدا نەبوون. هاوکات لەگەڵ ئەگەری کوژرانی سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل، یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە، وێنەی فەرماندەی کوژراوی حەماس، محەمەد زەیف، و حەسەن نەسروڵا، سەرۆکی حزبوڵای لوبنان کە لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا لە گەڕەکی باشووری بەیروت کوژرا، لە تۆری کۆمەڵایەتی ئیکس بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی "دوژمنەکانمان ناتوانن خۆیان بشارنەوە، دەیاندۆزینەوە و لەناویان دەبەین." ئیسرائیل سینوار بە داڕێژەری سەرەکی هێرشەکانی حەماس لە 7ی مانگی دەی 2023 بۆ سەر ئیسرائیل دەزانێت و دەوترێت دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە تونێلەکانی ئەو ناوچەیە خۆی حەشارداوە. سەرچاوە/ڕادیۆ فەردا