هەواڵی کوردستان ئێستا

سەردانەکەی بارزانی بۆ ئانکەرە لە تورکیا چۆن لێکدەدرێتەوە

سەردانەکەی بارزانی بۆ ئانکەرە لە تورکیا چۆن لێکدەدرێتەوە
سەردانەکەی بارزانی بۆ ئانکەرە لە تورکیا چۆن لێکدەدرێتەوە

2024-10-17 18:40:21 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ ئانکەرە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و ئیبراهیم کالین، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی (میت) کۆبووەوە. پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و زانای سیاسی پرۆفیسۆر حوسێن شەیهانلیئۆغڵو لە ئانکەرە سەردانەکەی بارزانی بە بەرز نرخاند.   شەیهانلیئۆغڵو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "سیستەمێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکرێت. لەو چوارچێوەیەدا تورکیا دەیەوێت هاوپەیمانییەکی نوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێکبهێنێت. لە لایەکی ترەوە پەکەکە و پارتی دەم لە یەکترەوە نزیکن و دەوڵەت باخچەلیش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تیشکی خستووەتە سەر پرسی ئاشتی. تورکیا دەشخوازێت کێشەکانی چارەسەر بکات و  نێچیرڤان بارزانیش لەم چوارچێوەیەدا هاتووە بۆ تورکیا." لە دوای سەردانەکەی بارزانی، بڵاوکرایەوە کە لە کۆبوونەوەکاندا تیشکیان خستووەتە بابەتی ئاسایش، وزە و پەیوەندییە هەرێمییەکانی ئانکەرە و هەولێر. بارزانی لە هەژماری ئێکسی خۆیدا ڕایگەیاندووە، لەگەڵ ئەردۆغان سەبارەت بە پتەوکردنی سەقامگیریی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان قسەی کردووە. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەروەها ڕایگەیاند کە ئەردۆغان و بارزانی باسیان لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و ڕووداوە ناوچەیی و جیهانییەکانیش کردووە. لە میدیاکانی تورکیاشدا باسی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی کراوە. لەوانە هەندێک ڕێکخراوی ڕاگەیاندن وەک سەردانێکی تەکنیکی پیشانی دەدەن، بەڵام هەندێکی دیکە سەردانەکەی بارزانییان وەک داواکاری تورکیا هەڵسەنگاندوە. بۆچوونێکیش هەیە کە دەڵێت، تورکیا لەڕێگەی بارزانییەوە پەیامێکی تایبەتی بۆ پەکەکە ناردووە، بەڵام هیچ زانیارییەکی زیاتر لەو بارەیەوە نەخراوەتە ڕوو. بەڵام فەق بولوت شارەزای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، لەو باوەڕەدا نییە نێچیرڤان بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد هاتبێت.   ئەو دەڵێت "چونکە هیچ چارەسەرێک لە هەڵوێستی دەوڵەتدا نییە، نە باخچەلی (دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپەی هاوپەیمانی ئاکەپە) و نە ئەردۆغانیش بە دوای چارەسەسەرێکدا ناگەڕێن. ئەوان دەیانەوێت پارتی DEM پشتگیریان بکات و دەستوورێکی نوێ ئامادە بکەن. بەڵام، ڕەنگە بارزانی ویستبێتی پاڵپشتی ئەردۆغان بکات لەم پرۆسەیەدا. خاڵی دووهەمیش ئەوەیە کە، هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان هەیە و  هەروەهاش ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بەردەوامن، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو  بۆ ئەم مەبەستانەش هاتبێت." شایانی بیرهێنانەوەیە کە دوایین جار ئەردۆغان و بارزانی لە مانگی چواری ئەم ساڵ یەکتریان بینی، ئەو کاتەی ئەردۆغان لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ عێراق سەردانی هەولێریشی کرد.