هەواڵی کوردستان ئێستا

حەماس دەڵێت کوشتنی سینوار گروپەکە بەهێزتر دەکات

حەماس دەڵێت کوشتنی سینوار گروپەکە بەهێزتر دەکات
حەماس دەڵێت کوشتنی سینوار گروپەکە بەهێزتر دەکات

2024-10-18 17:00:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


ڕۆژی هەینی گروپی چەکداریی حەماسی فەلەستینییەکان وتی هێز لە مردنی یەحیا سینواری سەرکردەیەوە وەردەگرێت، لە کاتێکدا کە کوژرانی سینواری لە هێرشێکی ئیسڕائیلدا لە غەززە پشتڕاست کردەوە. بەرپرسی حەماس لە قەتەڕ خەلیل ئەل هەیا لە بەیاننامەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە کەناڵی ئەلجەزیرەوە پەخشکرا وتی " یەحیا سینوار و سەرجەم سەرکردەکان و هەموو سیمبولەکانی دیکەی بزووتنەوەکە کە پێشی کەوتن لە ڕێگای شکۆ و شەهیدیدا و پڕۆژەی ئازادکردن و گەڕانەوە تەنها هێز و سووربوونی بزووتنەوەکە زیاتر دەکەن." هاوکات بەرپرسانی ئیسڕائیلی ڕایانگەیاند کوشتنی یەحیا سینواری سەرکردەی حەماس لەلایەن ئیسڕائیلەوە دەرفەتێکی نوێ دەڕەخسێنێت بۆ ڕێککەوتنێک کە تێیدا ئەو بارمتە ئیسڕائیلییانە ئازاد بکرێن کە هێشتا لە غەززە گیراون. ئەمەریکا کە حەماس وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریست دەناسێنێت دەستی بە هەوڵێک کردووە بۆ ڕێککەوتنێکی ئاگربەست. دوای ئەوەی ئیسڕائیل کوژرانی یەحیا سینواری پشتڕاست کردەوە، سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی دڕندەکان ڕووبەڕووی شکستێکی گەورە بوونەوە و حەماسیش هەرگیز جارێکی دیکە کۆنتڕۆڵی غەززە ناکاتەوە. داوای لە دانیشتوانی غەززە کرد خۆیان ئازاد بکەن لە حەماسی چەوسێنەر. شڕۆڤەکارانی ئیسڕائیلی دەڵێن کوژرانی سینوار ڕەنگە دەرفەتی نوێ بڕەخسێنێت بۆ ئازادکردنی بارمتەکان. نەتانیاهو وتی هەر کەسێک چەکەکەی دابنێت و بارمتە ئیسڕائیلییەکان ئازاد بکات ئەوا ڕێگەی پێدەدرێت بڕوات و بژی. قسەکانی نەتانیاهو ئاماژە بوون لەسەر ئەگەری ئەوەی ئەو ئەندامانەی حەماس کە هێشتا لە ژیاندا ماون ڕێگەیان پێدەدرێت غەززە جێبهێڵن و بچنە وڵاتێکی سێیەمەوە. شیرا ئیفرۆنی ناوەندی سیاسەتی ئیسڕائیل وتی مردنی سینوار دەکرێت گۆڕانکارییەکی گەورە لە غەززە دروست بکات. ئیفرۆن وتی " مەرگە سیمبولییەکەی سینوار وەکو یەکێک لە سەرکردەکانی حەماس و ئەندازیاری هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 پەیژەیەک دەدات بە ئیسڕائیل تاوەکو لەسەر درەختی سەرکەوتنی تەواو بێتە خوارەوە و بڵێت باشە ئیتر لە جەنگەکەدا سەرکەوتوو بووین، دەتوانین جەنگەکە لە غەززە کەم بکەینەوە و بەرەو واقعێکی جیاواز بڕۆین لە غەززەدا." بەڵام هێشتا ڕوون نیە کێ شوێنی سینوار دەگرێتەوە وەکو سەرکردەی حەماس، ڕوونیش نیە کە ئایا ئەو کەسە دەتوانێت ڕێککەوتنێک بکات یان نا. دیارترین کاندید بۆ سەرکردایەتیکردنی حەماس محەمەد سینواری برای یەحیا سینوارە، بەڵام ئەو پێگەیەی نیە لە حەماسدا کە براکەی هەیبووە. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، فرانس پرێس