چوار ئەندامی داعش لە عێراق دەکوژرێن
2024-10-18 20:00:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا ڕایگەیاند هێزەکانی ئاسایشی عێراق لە 14 ی مانگی 10 دا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی عێراق لە هێرشێکی ئاسمانی دیاریکراودا چوار ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشییان کوشتووە و سەرکردەیەکی باڵای داعشیش لە نێو کوژراوەکاندا بووە. هێرشە ئاسمانییەکان کە بە ڕابەرایەتی عێراق ئەنجام دران، بە مەبەستی تێکدان و لە ناوبردنی توانای هێرشکردنی داعش لە عێراق ئەنجام دراون و لە ڕێی پشتیوانی تەکنیکی و زانیاری هەواڵگری هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بووە لە چوارچێوەی ئەرکی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی ئینهێرێنت ڕیزۆڵڤدا. سەرکردە باڵاکەی داعش، شەهادە ' عەلاوی ساڵح ' عولایوی ئەل باجەری، کە بە ئەبو عیساش ناسراوە، " والی کەرکوک "، بە باڵاترین سەرکردەی داعش داندراوە لە باکووری عێراقدا. دوابەدوای هێرشە ئاسمانییەکە، لە شوێنەکەدا تەقەمەنی و قایشی خۆکوژی و ژمارەیەکی زۆر لە چەک دۆزراونەتەوە. هیچ هاووڵاتییەکی مەدەنیش زیانی پێنەگەیشتووە. هێرشە ئاسمانییەکانی عێراق دژی داعش بەشێکن لە پابەندبوونی بەردەوامی هاوپەیمانان بۆ تێکدان و لە ناوبردنی هەوڵەکانی تیرۆریستان بۆ پلاندانان و ڕێکخستن و ئەنجامدانی هێرش دژی هاووڵاتیانی مەدەنی و سەربازەکان لە سەرانسەری ناوچەکە و دەرەوەشدا. لە مانگی هەشتدا هێزەکانی هاوپەیمانان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی عێراقدا لە ڕۆژئاوای عێراق ئۆپەراسیۆنێکییان ئەنجامدا و لە ئەنجامدا 14 چەکداری داعش کوژران. جەنەڕاڵ مایکڵ ئێریک کوڕیلای فەرماندەی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا وتی " داعش هێشتا مەترسییە بۆ سەر ناوچەکە و هاوپەیمانەکانمان و خاکەکانیشمان. سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا شان بە شانی هاوپەیمانەکانمان و هاوبەشە عێراقییەکانمان بەردەوام دەبێت لە گەڕان بەدوای ئەم تیرۆریستانەدا."