هەواڵی کوردستان ئێستا

ئیسڕائیل و گروپە چەکدارییەکانی هاوپەیمانی ئێران بەڵێنی شەڕی زیاتر دەدەن دوای کوژرانی سەرکردەی حەماس

 ئیسڕائیل و گروپە چەکدارییەکانی هاوپەیمانی ئێران بەڵێنی شەڕی زیاتر دەدەن دوای کوژرانی سەرکردەی حەماس
ئیسڕائیل و گروپە چەکدارییەکانی هاوپەیمانی ئێران بەڵێنی شەڕی زیاتر دەدەن دوای کوژرانی سەرکردەی حەماس

2024-10-18 21:10:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


بەڵێنەکانی ئیسڕائیل و گروپە چەکدارییەکانی حەماس و حزبوڵا بۆ بەردەوامیدان بە شەڕەکە لە غەززە و لوبنان هیواکانی ڕۆژی هەینییان نەهێشت لەسەر ئەوەی کە مەرگی سەرکردەی حەماس یەحیا سینوار ڕەنگە کۆتایی هێنان بە شەڕەکە خێراتر بکات. ئێرانی دوژمنی سەرسەختی ئیسڕائیل و پشتیوانیکاری گروپە چەکدارییەکان بە هەمان شێوە وتی مەرگی سینوار تەنها " ڕۆحی مقاوەمە بەهێزتر دەکات." یەحیا سینواری سەرکردەی حەماس کە ئەندازیاری هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماس بوو بۆ سەر ئیسڕائیل کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززە، ڕۆژی چوارشەممە لە هێرشێکدا لە غەززە لەلایەن سەربازانی ئیسڕائیلەوە کوژرا. ڤیدیۆیەک دەریدەخات کە سینوار لە کاتێکدا کە لە ژوورێکی وێرانبوودا دانیشتووە و خەریکە دەمرێت دارێک هەڵدەگرێت و دەیگرێتە ئەو دڕۆنەی کە وێنەی دەگرێت. سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی کوژرانی سینوار زۆر گرنگە بەڵام بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە شەڕەکە. وتی " ئازیزانم، جەنگەکە هێشتا تەواو نەبووە." وتیشی شەڕەکە بەردەوام دەبێت هەتاوەکو بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن. وتی " ئێستا دەرفەتێکی مەزنمان لەبەردەمدایە بۆ ڕاگرتنی بەرەی دڕندە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئێران و گروپە چەکدارییەکانی لە سەرانسەری ناوچەکەدا، لە سوریا و عێراق و یەمەنیش. حەماس وتوویەتی تەنها لە کاتێکدا بارمتەکان ئازاد دەکات کاتێک شەڕەکە لە غەززە دەوەستێت و ئیسڕائیل دەکشێتەوە و زیندانییەکانی ئازاد دەکرێن. وتی " شەهیدبوونی براکەمان، یەحیا سینواری سەرکردە، تەنها هێز و سووربوونی حەماس و بەرخۆدانمان زیاتر دەکات." لێدوانی لایەنەکانی جەنگەکە پێچەوانەی لێدوانەکانی سەرکردەکانی ڕۆژئاوا بوون، بە لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیشەوە کە وتی مەرگی سینوار دەرفەتێکی دروست کردووە بۆ گفتوگۆکردن. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ماثیو میڵەر وتی لەمدواییانەدا گفتوگۆ ڕەت کراونەتەوە. " ناتوانی پێشبینی ئەوە بکەیت کە ئەوە واتە هەرکەسێک جێگەی سینوار بگرێتەوە ڕازی دەبێت بە ئاگربەست، بەڵام گەورەترین بەربەست لەبەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتنێکدا لادەبات." دیبلۆماتکارێکی باڵا کە لە لوبنان کاردەکات بە ڕۆیتەرزی وت " بەڕاستی هیوامان ئەوە بوو کە لە ناوبردنی سینوار دەبێتە خاڵی گۆڕان و جەنگەکان کۆتاییان دێت، هەمووان ئامادە دەبن چەکەکانییان دابنێن. وادیارە کە جارێکی دیکەش هەڵە بووین." سینواری سەرکردەی گشتی حەماس باوەڕوابوو لە تونێلەکانی ژێر غەززەدا خۆی حەشاردابێت. بەرپرسانی ئیسڕائیلی دەڵێن سینوار ڕۆژی چوارشەممە لە شەڕە تەقەیەکدا لەلایەن هێزەکانی ئیسڕائیلەوە کوژراوە. سەرەتا هێزەکان نەیانزانیوە کە دوژمنە سەرسەختەکەیان گرتووە. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز