پارتی و یەگرتوو و بەرەی گەل ئەنجامەكانی دەنگدانی تایبەت لە هەڵەبجە ڕەتدەكەنەوە
2024-10-18 23:45:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
هەریەک لە یەگرتووی ئیسلامی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرەی گەل، وەك خۆیان دەڵێن، لە بەرامبەر پێشەلكارییەكان لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت، ئەنجامەكانی دەنگدانی تایبەت ڕەتدەكەنەوە و داوا دەكەن دەنگەكانی بازنەی هەڵەبجە هەژمار نەكرێن، لەبەرامبەردا یەكیتی نشتیمانی كوردستان دەڵێت، دەتوانن سكاڵابنوسن. ئەمڕۆ هەینی 18ی مانگی 10ی 2024 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت،لە بازنەی هەڵەبجەی هەڵبژاردنەكان بەڕێوە چوو، كە 952 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو لەو ڕێژەیە 918 دەنگدەر بەشداریان لە پرۆسەكەدا كرد، بەڵام بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان ئەنجامەكان ڕەتدەكەنەوە و دەڵێن پیشەلكاری ئاشكرا كراوە و دەبێت سندوقەكان "قرتێلەی سوریان" لێبدرێت. ئەرسەلان حەسەن لێپسراوی بەشی هەڵبژاردنی یەگرتووی ئیسلامی كوردستان لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "هێزە ئەمنییەكان لە ژێر فشاردا دەنگیان داوە و مۆبایل بەكارهێنراوە بۆ وێنەگرتنی دەنگەكانیان و نوێنەرەكەكانمان لە وێستگەكانی دەنگدان ئاگاداریان كردووین كە پێشەلكاری ئاشكرا كراوە و دوای ئەوەی قسەیان كردووە، كراونەتە دەرەوە و توندوتیژیان بەرامبەر كراوە." ئەرسەلان حەسەن وتیشی، "سكاڵامان بە بەڵگە لەسەر پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و پۆلیس و كۆمسیۆن تۆماركردووە،پێمان وایە ئەو ئەنجامانەی كە لە دەنگە سوتاوەكان گەڕاونەتەوە دەرخەری ئەو ڕاستیەن كە هێزە ئەمنیەكان لەژێر فشاردا، داوایان كردووە وێنەی دەنگەكان بگرن بۆ یەكیتی نشتیمانی كوردستانی بنێرن و ئێمەش ڕەتی دەكەینەوە". پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئەمڕۆ هەینی 18ی مانگی 10ی 2024، ئەنجامی پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕەتكردەوە و ئاماژەیان بەوەكرد سكاڵایان لە ئوفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تۆماركردووە. ڕێبوار ئەمین لیپسراوی بەشی هەڵبژاردنی لقی 12 ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،" بەناوی لقی 12 ی پارتی دیموكراتی كوردستان، تەواوی ئەنجامەكانی دەنگدانی تایبەت لە هەڵەبجە ڕەتدەكەینەوە، بەو هۆكارەی داوا لە هێزە ئەمنیەكان كراوە كە دەبێت وێنەی دەنگەكانیان بگرن و فشاریان لەسەر كراوە". رێبوار وتیشی،" سكاڵامان لەسەر بەرپرسی بنكەكە تۆماركردووە، كە هێرشیان كردووەتە سەرمان و لە كەشێكی نائارامدا و لە ژێر چاودێری توند، هێزە ئەمنیەكان دەنگیان داوە هەموو بەڵگەكانیشامان ڕادەستی كۆمسیۆن كردووە." بە پێی ئەنجامە بەراییەكان لە بنكەی بورهانی حاجی محمد بامۆكی، یەكێتی 509 دەنگ ویەگرتوو35 دەنگ و نەوەی نوێ 28 دەنگ و كۆمەڵ 20 دەنگ و پارتی 12 دەنگ و هەڵوێست 10 دەنگ وبەرەی گەل6 دەنگ و گۆڕان 1 دەنگ و بزووتنەوە 1 دەنگ. هەر بەگوێرەی ئامارە نافەرمیەكان،292 دەنگ لە بنكەكەدا سوتاون و لەلایەن ئامێرەكانەوە هەژمار نەكراون. بەرەی گەل هاوشێوەی یەگرتووی ئیسلامی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان پرۆسەی دەنگدانی تایبەتیان ڕەتكردەوە. جەبار نەجیب نامدار سەرپەرشتیاری بەرەی گەل لە هەڵەبجە لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،" بەهۆی ئەو پێشەلكاریانەی كە ئەنجام دران و تیمەكانی كۆمسیۆنیش وەك پێویست نەیان توانی ڕێگری لە پێشەلكاریەكان بكەن، تەواوی ئەنجامەكان ڕەتدەكەینەوە." جەبار نەجیب نامدار وتیشی، " ئەگەر لە مەڵبەندی 9ی شارەزوور ئەو پرۆسەیە ئەنجام بدرایە، هەربەوجۆرە دەبوو، كە تەواوی هێزە ئەمنیەكان ناچاركرابوون بە وێنەگرتنی دەنگەكانیان." یەكێتی نشتیمانی كوردستان دەڵێن، هەرلایەنێك سكاڵای هەیە دەتوانێت تۆماری بكات، پێگە و هەڵكشانی جەماوەری یەكیتی وایكردووە، هەندێك لە لایەنەكان بە بەرنامە كاریان بۆ ناشیرینكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن كردووە حەیدەر نیعمەت لیپسراوی بەشی هەڵبژاردنی مەڵبەندی 9ی شارەزوور لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، " هەر لایەنەێك سكاڵای لەسەر هەر بنكە و وێستگەیەك هەیە، فۆڕمی سكاڵا هەیە كە دەتوانێت سكاڵا تۆماربكات،ئەوەی بەئێمەی دەڵێن هەفتەیەك پێش هەڵبژاردن دەیان ووت لە مەڵبەند دەنگ دەدرێت، ئەمە بە بەرنامە كار بۆ ناشیرینكردنی پرۆسەكە دەكەن، دەنا با سكاڵا بنوسن." حەیدەر وتیشی، "یەكێتی پێگەی جەماوەری گەورەی هەیە، لەم هەڵبژاردنەشدا دەتوانێت ڕێڕەوی حوكمڕانی ڕاستبكاتەوە، ئەوان دەیانەوێت بەم تۆمەتانە پرۆسەكە لەكەداربكەن تا شكستی خۆیان بشارنەوە." سەرەڕای نیگەرانی و سكاڵای لایەنە سیاسیەكان لەسەر ئەنجامی دەنگدانی هێزە ئەمنیەكان لە هەڵەبجە بەڵام تەواوی ئەنجامەكان لەلایەن تیمەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاڕاستەی بنكەی سەرەكی لە عێراق كران. لە میانی بەڕێوەچوونی پرۆسەكەدا 14 سكاڵا لەسەر پێشەلكاریەكانی دەنگدانی تایبەت لە هەڵەبجە تۆماركراوە،سەكاڵاكان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە لەداهاتوودا وەڵام دەدرێنەوە .