هەواڵی کوردستان ئێستا

یەکێتی و پارتی دەڵێن چاوەڕێی کورسی زیاتریان کردووە

یەکێتی و پارتی دەڵێن چاوەڕێی کورسی زیاتریان کردووە
یەکێتی و پارتی دەڵێن چاوەڕێی کورسی زیاتریان کردووە

2024-10-21 21:45:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایدەگەیەنن، دڵخۆشن بە ژمارەی کورسی و دەنگەکانیان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام چاوەڕوانی بەدەستهێنانی کورسی زیاتریان دەکرد. بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ڕاگەیەنرا، پارتی لە بازنەی هەولێر 345 هەزارو 822 دەنگ، یەکێتی 110 هەزارو 353 دەنگ، نەوەی نوێ 103 هەزارو 684 دەنگ و لایەنەکانی تریش بە پێی قەبارەی خۆیان دەنگیان هێناوە. لە بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، یەکێتی 256 هەزارو 813 دەنگ، پارتی 57 هەزارو 832 دەنگ، نەوەی نوێ 136 هەزارو131 دەنگ، یەکگرتووی ئیسلامی 42 هەزارو 622 دەنگ. لە بازنەی دهۆکی هەڵبژاردن، پارتی زۆرترین دەنگ و کورسی بەدەستهێناوە کە ژمارەی دەنگەکانی گەیشتووەتە 400 هەزارو 603 دەنگ، نەوەی نوێ 46 هەزارو 444 دەنگ، یەکگرتووی ئیسلامی 42 هەزارو 447 دەنگ، یەکێتی 28 هەزارو 445 دەنگ. لە بازنەی پارێزگای هەڵەبجەش لە کۆی سێ کورسی پەرلەمانی کوردستان، پارتی، یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامی سەروو یەک کورسییان بەدەستهێناوە. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرباری ڕاگەیاندنی ژمارەی دەنگی لایەنە سیاسییەکان، بەڵام لەکاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن دا ژمارەی کورسی لایەنەکانی دیاری نەکرد. شارەزایەکی بواری هەڵبژاردن کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دیاری نەکردنی ژمارەی کورسی لایەنەکان لەکاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان مایەی گومانە، ڕەنگە بۆمبێک بێت و دواتر بتەقێتەوە." هەروەها وتیشی،"کۆمیسیۆن ژمارەی کورسی لایەنەکانی دیاری نەکرد، یەکێتی دەڵێت پارتی 38 کورسی و ئێمە 24 کورسیمان هێناوە، پارتیش بە جۆرێکی تر قسە دەکات، ئەمە جێی گومانە." ژمارەی کورسییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە 39 کورسی مەزەندە دەکرێت بە پێی ئەنجامە بەراییەکان، بەڵام بەرپرسانی ئەو حزبە بانگەشەی بەدەستهێنانی 40 کورسی دەکەن، لەکاتێکدا ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی نیشتمانی بە 23 کورسی دادەنرێت، بەڵام بەرپرسانی ئەو حزبە دەڵێن کورسی زیاتریان هێناوە. بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی 7 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 4 کورسی، ڕەوتی هەڵوێست 4 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، گۆڕان کورسییەک و هاوپەیمانی هەرێمی کوردستانیش کورسییەکیان بەدەستهێناوە. ئەکرەم ساڵەح، سەرکردەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر زیادیکردووە، بەڵام بەهۆی چوار بازنەییەوە ژمارەی کورسییەکانمان هەندێک کەمیکردووە." ئەو وتیشی،"وەکو پارتی چاوەڕوانی 42 کورسی پەرلەمانمان دەکرد." بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن، بزووتنەوەی گۆڕان زۆربەی کورسییەکان و یەکگرتووی ئیسلامی کورسییەک و کۆمەڵی دادگەریش بەشێک لە کورسییەکانی پێشووتری پەرلەمانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا نەوەی نوێ ژمارەی کورسییەکانی لە 8 کورسییەوە بۆ 15 کورسی بەرز بووەتەوە. ئەوەی بەلای چاودێرانەوە مایەی سەرنجە، لە یەککاتدا دەنگی پارتی و یەکێتی دوو حزبە حوکمڕانەکەی هەرێمی کوردستان و نەوەی نوێ کە هێزێکی ئۆپۆزسیۆنە زیادیان کردووە، هۆکاری ئەمەش بۆ ڕۆیشتنی کورسییەکانی گۆڕان بۆ نەوەی نوێ دەگێڕدرێتەوە. حەسیبە عەبدوڵا، سەرکردەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یەکێتی زۆر بەهێزەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی بەڕێوەبرد، چاوەڕێی کورسی زیاتر بووین، بەڵام دڵخۆشین دەنگەکانمان دوو هێندە زیادیکردووە." بەپێی وتەی بەرپرسانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن دەرئەنجامی جیاکردنەوەی 99.63 ی کۆی دەنگەکان بووەو ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەرانیش گەیشتووەتە 72%.