هەواڵی کوردستان ئێستا

ناسا: ڕەنگە ژیان لە ژێر چینە بەستەڵەکەکانی مەریخ هەبێت

ناسا: ڕەنگە ژیان لە ژێر چینە بەستەڵەکەکانی مەریخ هەبێت
ناسا: ڕەنگە ژیان لە ژێر چینە بەستەڵەکەکانی مەریخ هەبێت

2024-10-21 21:45:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لەلایەن دەزگای ناساوە ئەگەری ئەوە دەخاتە ڕوو کە ژیان لە ژێر بەستەڵەکەکانی هەسارەی مەریخ هەیە و چاوەڕێی دۆزینەوەی مرۆڤە. زاناکانی ناسا دەڵێن چینە بەستەڵەکەکانی سەر ڕووی مەریخ ڕەنگە وەک بەربەست دژی تیشکی گەردوونی کوشندە یارمەتی گەشەکردن و پاراستنی ژیانی میکڕۆبی بدەن لەسەر هەسارەکە. ئادیێتا کولەر، ئەندامێکی ناسا و بەڕێوبەری لێکۆڵینەوەکە، دەڵێت، "ئەگەر ئێستا هەوڵی دۆزینەوەی ژیان بدەین لە هەر شوێنێکی گەردوون، ئەوا ناوچە سەهۆڵییەکانی مەریخ باشترین شوێنن کە دەستمان پێیان بگات." زانایانی گەردوونناسی دەیان ساڵە بەڵگەکانی هەبوونی ئاویان لەسەر ڕووی مەریخ پشتڕاستکردووەتەوە و لێکۆڵینەوە ڕاستەوخۆکانی ناساش لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2022 ئەوەیان سەلماندووە کە ئەم هەسارەیە خاوەنی بڕێکی زۆر لە ئاوی ژێر خاکە. بەڵام زانایانی مەریخ هەتا ئێستا لەسەر ئەوەیان بۆ یەکلایی نەبووەتەوە کە ئایا ئاوی سەر ڕووی هەسارەی مەریخ بەشێوەی تواوە هەیە یاخود تەنها بەستووە.   بەهۆی تەنکی بەرگەهەوای مەریخەوە، ئاوی هەسارەکە لە قۆناغی بەستووەوە ڕاستەوخۆ دەبێت بە گاز بەبێ ئەوەی بە قۆناغی شلبوونەوەدا تێبپەڕێت. بەڵام ناسا دەڵێت ئەم دۆخە لە ژێر چینە بەستەڵەکەکانی ڕووی مەریخ، بە تایبەت لە جەمسەرەکانی باکور و باشور، نییە و شیانی هەیە بەهۆی هەڵمژینی تیشکی خۆر لەلایەن بەستەڵەکەکانەوە ئاوی شل لە ژێر بەستەڵەکەکاندا هەبێت. لێکۆڵەرەکانی ناسا دەڵێن ئەم حاڵەتە بە ڕوونی لە هەردوو جەمسەرە بەستووەکەی زەوی هەیە. یەکێک لە بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکە، فیل کریستنسن، لەمبارەوە بە ناسای ڕاگەیاند، "ئەمە باوە لە سەر زەوی، چینی بەفر و سەهۆڵی چڕ لە ژێرەوە بۆ سەرەوە دەتوێنەوە و هاوشێوەی گەرمخانە ڕێگە بە هاتنەناوەوەی تیشکی خۆر دەدەن." لێکۆڵینەوەکە دەڵێت هەبوونی ئەم شوێنانە دەکرێت سیستەمێکی ژینگەیی شیاو دابین بکات بۆ فۆرمەکانی ژیانی سادە لە سەر مەریخ. ئەم توێژینەوە نوێیەی ناسا یەگەری ئەوە دەخاتە ڕوو سەهۆڵەکەی سەر مەریخ ڕێگە بە تێپەڕبوونی تیشکی خۆر بە قوڵایی 3 مەتر بدات بۆ کرداری ڕۆشنەپێکهاتن (فۆتۆسینتەسیس). لە ئەگەرێکی وەهادا، چینەکانی سەرەوەی سەهۆڵەکە ڕێگری دەکەن لە بەهەڵمبوونی حەوزە ئاوەکانی چینی ژێرەوە و لە هەمان کاتدا دەبنە چینێکی پارێزەر لە تیشکە زیانبەخشەکان.