هەواڵی کوردستان ئێستا

بلینکن لە ئیسڕائیلە بۆ دوایین هەوڵەکانی ئاگربەست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا

بلینکن لە ئیسڕائیلە بۆ دوایین هەوڵەکانی ئاگربەست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا
بلینکن لە ئیسڕائیلە بۆ دوایین هەوڵەکانی ئاگربەست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا

2024-10-22 16:40:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی سێشەممە گەیشتە ئیسڕائیل لە یەکەمین گەورەترین هەوڵی ئەمەریکادا بۆ ئاگربەستێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دوای ئەوەی ئیسڕائیل هەفتەی ڕابردوو سەرکردەی حەماسی کوشت، هەروەها دوایین هەوڵی ئەمەریکایە پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە ڕەنگە ببێتە هۆی ڕاگرتنی سیاسەتی ئەمەریکا. هەوڵە دیبلۆماتییەکان بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی غەززە و کۆنتڕۆڵکردنی پەرەسەندنی جەنگەکە بۆ لوبنان تاوەکو ئێستا شکستییان هێناوە. ئەمەریکا هیوادارە مردنی یەحیا سینواری سەرکردەی حەماس دەرفەتێک دروست بکات بۆ ئاشتی. سینوار داواکراوترین پیاو بووە لەلایەن ئیسڕائیلەوە و ئەندازیاری هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی حەماس بوو بۆ سەر ئیسڕائیل کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا. بەڵام ئیسڕائیل تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکی نەداوە لەسەر کەمکردنەوەی هەڵمەتە سەربازییەکەی دژی حەماس لە غەززە و حزبوڵاش لە لوبنان. بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن بلینکن سەنگی خستووەتە سەر پلانەکان بۆ ئاوەدانکردنەوە و فەرمانڕەواییکردنی غەززە لە دوای جەنگەکە، ئەوەش گرنگە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێک. هاوکات نوێنەرێکی ئەمەریکاش لە لوبنانە و تاوتوێی هەلومەرجی ڕێککەوتنێک دەکات بۆ ڕاگرتنی ململانێکەی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵا. چەند کاتژمێرێک پێش گەیشتنی بلینکن، زەنگی ئاگادارکردنەوەی موشەک لە تەل ئەڤیڤ و چەندین ناوچەی دیکەی ناوەڕاستی ئیسڕائیل لێدران، ئەوەش دوای ئەوەی حزبوڵا چەند موشەکێکی ئاڕاستەی ئیسڕائیل کرد، حزبوڵا وتی ئامانجە سەربازییەکانی ئیسڕائیلی لە نزیک حەیفا و تەل ئەڤیڤ کردووەتە ئامانج. لە ماوەی شەوی ڕابردوودا و بۆردومانە چڕەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر باشووری لوبنان و ناوچەکانی بەیروت، ئیسڕائیل لە ناوچەیەکی نزیک نەخۆشخانەی ڕەفیق حەریریدا، کە سەرەکیترین نەخۆشخانەی لوبنانە. بەرپرسانی لوبنان وتییان 13 کەس کوژراون، سوپای ئیسڕائیل وتی نەخۆشخانەکە نەکراوەتە ئامانج و هێرشەکان کاریگەرییان لەسەری نەبووە. بلینکن لە ماوەی جەنگەکەدا چەندین جار سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە، سەردانەکەی ئەمجارە یانزەیەمین جار دەبێت لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی غەززەوە، بەڵام سەرجەم هەوڵەکانی پێشووتری بۆ ئاگربەست شکستییان هێناوە. بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی بلینکن بە نیازە باس لە پرسی ئەوە بکات چی لە غەززە ڕوودەدات دوای جەنگەکە، بە ئاسایش و فەرمانڕەواییکردن و ئاوەدانکردنەوەشەوە. واشنتن دەمێکەیە وتوویەتی کە دەیەوێت غەززە لەگەڵ کەناری ڕۆژئاوادا یەکبگرن لە ژێر حکومەتێکدا کە لەلایەن دەسەڵاتی فەلەستینییەوە بەڕێوەببرێت، دەسەڵاتی فەلەستینی لە ئێستادا دەسەڵاتێکی سنوورداری هەیە لە کەناری ڕۆژئاوادا. بەرپرسەکە وتی بلینکن تاوتوێی تۆڵە پێشبینیکراوەکەی ئیسڕائیلیش دەکات بۆ هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل لە 1 ی مانگی 10 دا. هاوپەیمانان نیگەرانن لەوەی کە تۆڵەی ئیسڕائیل لە ئێران ڕەنگە ببێتە هۆی تێکدانی بازاڕی نەوت و دروستکردنی مەترسی کەوتنەوەی جەنگێکی بەرفراوان لە نێوان دوو وڵاتەکەدا. وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس ئارەقچی لە کوەیت وتی تاران هەوڵی جەنگ نادات و هەوڵیداوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، بەڵام ئامادەیە بۆ شەڕ. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز