هەواڵی کوردستان ئێستا

زانایان بەمزوانە دەتوانن پڵنگی لەناوچووی تاسمانی بگەڕێننەوە بۆ ژیان

زانایان بەمزوانە دەتوانن پڵنگی لەناوچووی تاسمانی بگەڕێننەوە بۆ ژیان
زانایان بەمزوانە دەتوانن پڵنگی لەناوچووی تاسمانی بگەڕێننەوە بۆ ژیان

2024-10-22 23:25:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


نزیکەی 100 ساڵ دوای قڕبوونی پڵنگی تاسمانی، زانایان نزیکبوونەتەوە لە بنیادنانەوەی تەواوی جینۆمی ئاژەڵەکە و دەڵێن دەتوانن لە ماوەیەکی کەمدا بیگەڕێننەوە بۆ ژیان. پڵنگی تاسمانی گیاندارێکی ڕاوکەری ناوچەکانی ئوسترالیا و دورگەی تاسمانی و نیوگینیا بوو کە بەهۆی زۆری ڕاوکردنی و تێکدانی ژینگەکەیەوە لەناوچووە. گیاندارەکە شێوەی زیاتر لە گورگ دەچوو و هاوشێوەی کەنگەر تورەکەدار بوو. دوایین پڵنگی تاسمانی لە باخچەیەکی ئاژەڵانی ئوسترالیا ساڵی 1936 گیانی لەدەستدا و ساڵی 1986 بە فەرمی لەناوچوونی یەکجاری ڕاگەیێندرا. کۆمپانیای کۆلۆسەڵ بایۆسایەنس دەڵێت، دوای دوو ساڵ لە کارکردن، ئێستا زاناکانی بە سەرکەوتوویی توانیویانە ڕێژەی 99.99٪ جنۆمی گینادارەکە بونیاد بنێنەوە، لە ڕێگەی پرۆسەی چاککردن و ئەندازیاری جینییەوە. کۆپمانیاکە دەڵێت تەنها 45 بۆشایی بۆ تەواوکردنی زنجیرەی جینی گیاندارەکە ماوە کە لە چەند مانگی داهاتوودا کاریان لەسەر دەکات. بێن لام، دامەزرێنەر و بەڕێوبەری کۆمپانیاکە، ڕایگەیاند، "هەتا بکرێت خێراتر کاردەکەین بۆ ئەوەی لەناوچوون ببێتە شتێکی ڕابردوو. ئەم پێشکەوتنانەی بەدەستمان هێناون هەنگاوی مەزنن بەرەوە ئەو ئامانجە." بۆ گەیشتن بەم سەرکەوتنە، کۆمپانیاکە پشتی بەستووە بە توێکاری دی ئێن ئەی بۆ جەستەی یەکێک لە پڵنگە تاسمانیەکان کە بۆ نزیکەی 110 ساڵ لە ناو دەفرێکی کحولی ئسانۆل پارێزراوە. کۆپمانیاکە دەڵێت زاناکانی ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە ڕێکخستنی جیناتی پڵنگی تاسمانی زۆر نزیکە لە ئاژەڵێکی تر کە بە دونارتی کلک ئەستور (Fat-tailed Dunnart) ناسراوە و قەبارە و شێوەی لە مشکەوە نزیکە. زاناکان دوای ئەوەی لە چەند مانگی داهاتوودا زنجیرەی جینەکانی پڵنگی تاسمانی بە تەواوەتی بونیاد دەنێنەوە و ئەو 45 بۆشاییە پڕدەکەنەوە، دەتوانن دەستکاری جینەکانی دونارتی کلک ئەستور بکەن و بەشێوەیەک ڕێکیان بخەنەوە کە ببێتە هۆی سەرلەنوێ گێرانەوەی پڵنگی تاسمانی بۆ ژیان. کۆلۆسەڵ بایۆسایەنس کۆمپانیایەکی ئەمەریکییە کە لە بواری ئەندازیاری جینی کاردەکات. کۆمپانیاکە دەڵێت جگە لە پڵنگی تاسمانی، کاردەکات بۆ گێڕانەوەی چەندین گیانداری تری قڕبوو، لە نیوانیان مامۆس کە لە خێزانی فیلەکانە و نزیکەی 6 هەزار بۆ 4 هەزار ساڵ لەمەوبەر لەناوچووە. زانستی دەستکاری جینەکان بە یەکێک لە بابەتە مشومڕاویەکانی سەردەم دادەندرێت کە لێکەوتەی گەورەی بۆ داهاتووی مرۆڤ دەبێت. ئەمەریکا و حکومەتە پێشکەوتووەکانی تری جیهان بە وردی چاودێری پێشکەوتنەکان لەو بارەوە دەکەن و کۆتوبەندی توندی لەسەرە. ئەوانەی کە دژی ئەو بابەتەن ئاماژە بە لێکەوتە ترسناکەکانی دەکەن بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەڕێگەی ئەوەی دەبێتە هۆی بڵاوبونەوەی ئەنجامی نەخوازراوی تەندروستی و لەهەمانکاتدا ڕێگە خۆشدەکات کە لە داهاتوودا دایکان و باوکان و تەنانەت حکومەتەکانیش ئەم ڕێگەیە بەکاربهێنن بۆ دیاریکردنی ڕووخسار و لەش و لارو خەسڵەتی نەوەکانی داهاتوو. بەڵام ئەوانەی بە گەشبینییەوە لەو کایەی زانستییە دەڕوانن دەڵێن پێشکەوتنی زیاتر تێیدا یارمەتی مرۆڤ دەدات لە داهاتوودا بتوانێت چەندین کێشەی جینی و نەخۆشی کوشندەی وەکو شێرپەنجە چارەسەر بکات؛ ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەکرێت سودبەخشبێت بۆ پارێزگاری لە لەناوچوونی ئاژەڵەکان و گەڕاندنەوەی هەندێک لەو گیاندارانەی کە نەماون.