هەواڵی کوردستان ئێستا

هەرێمی کوردستان لە پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان

هەرێمی کوردستان لە پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان
هەرێمی کوردستان لە پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان

2024-10-23 15:30:21 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕۆژی دووشەمممە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە. بەپێی ئەو ئەنجامە کە جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان پارتەکاندا هەیە، چاوەڕوان ناکرێت گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا بێت لە پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی، بۆیە لە ئێستاوە ژمارەی کورسی هەر پارت و لایەنێک هەتا ڕادەیەکی زۆر زانراوە و پێشبینی دەکرێت زوو هەوڵەکان دەستپێبکەن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لە نێو پەرلەمان بە ئامانجی بەدەستهێنانی دەنگی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ. دەپرسین: پاش ئەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵمەتێکی توندی هەڵبژاردنیان لە دژی یەکتر ئەنجام دا، ئایە دەتوانن جارێکی دیکە پێکەوە حکومەت پێکبهێنن؟ ئایە پارتی یان یەکێتی دەتوانن بەبێ یەکتر حکومەت پێکبهێنن؟ بەپێی ئەزمونەکانی پێشتر، ماوەیەکی زۆر ویستراوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئایە ئەم جارەش وەها دەبێت؟ لەوتووێژی بابەتی ڕۆژی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، تاوتوێی پرسی هەرێمی کوردستان لە پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان بەمیوانداری بەڕێزان: د.عەلی کاشان، شارەزای هەڵبژاردن و مامۆستای زانکۆ عەبدولڕەزاق شەریف، شیکەرەوەی سیاسی خەسرۆ گۆران، بەرپرسی پێشووی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان خەسرۆ گۆران ئەنجامی هەڵبژاردنەکان چاوەڕوانکراوبوو، بەڵام ئەوەی چاوەڕوان نەکراوبوو ئەو ڕێژەبەرزەی بەشداری خەڵک بوو لە دەنگدان، لەدوو هەڵبژاردنی ڕابردوو ڕێژەکە لە %0 کەمێ زیاتر بووە، لە دهۆک ئەمجارە گەیشتە لە 78%، لەهەولێر لە72%، لەسلێمانی لە سەرو 60% کەهیچ کات ڕێژەی دەنگدان لە سلێمانی ئەوەندە بەرز نەبووە هەمیشە لەنێوان 38%-40%بووە، هۆکاری ئەو ڕێژە بەرزەش بەبۆچوونی من بەهێزی هەڵمەتی هەڵبژاردن بوو، کە یەکێتی هەڵمەتێکی زۆر بەهێز هەڵبژاردنی هەبوو، بەڵێنی زۆریدا، وایکرد خەڵک بچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، هەروەها هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتیمان زۆر بەهێز بوو یەکەمجار بوو بەوجۆرە هەڵمەتی بەهێز بە چڕی هاتبوینە ناوخەڵک و جەماوەر. پێش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان من دەمزانی پارتی یەکەم دەبێت، یەکێتی دووەم و نەوەی نوێ سێییەم و یەکگرتوو چوارەم و کۆمەڵ پێنجەم دەبن، وە گۆڕانیش ئاخیر دەبێت، دەشمزانی کە لاهوڕ دەنگ نابات ئەوپەڕی دوو کورسی، هەروەها ڕەوتی هەڵوێستیش بەهەمان شێوە هەمان پێشبینی کورسییەکانی ئێستام هەبوو بۆیان. موتڵەقەن هیچ ساختەکارییەک لە هەڵبژاردنی ئەمجارە نەکراوە، من نازانم سەردانەکەی کاک نێچیرڤان بۆچی بووە بۆ تورکیا بەڵام بەهیچ جۆرێک پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە نەبوو، بڕواناکەم هیج وڵاتێک نە تورکیا، نە عێراق، نەهیچ لایەک دەستییان لە پڕۆسەکەدا هەبێت، بەپێچەوانەوە پڕۆسەکە زۆر شەفاف بوو بە بەرچاوی چاودێران و هەموو لایەنەکانەوە بەڕێوەچوو دەنگەکانیش جیاکرانەوە، عەبدولڕەزاق شەریف لەڕاستیدا ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بۆ من شۆکهێنەر نەبوو بەڵکو زۆر چاوەڕوانکراو بوو، چ سەبارەت بە حزبە دەسەڵاتدارەکان چ سەبارەت بە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش، لەبەر ناوچە و داتا و ئەزمونی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، یەکێتی و پارتیش ئەمجارە جۆشییان دەدا بەو ڕق و کینەیەی لەنێوانیان هەبووە و دابەزیوەتە نێوان لایەنگرانیان، بەوجۆشدانە ئەمجارە لەبری ئەوەی لایەنگرانی ئەو دوو حزبە سەنگەری شەڕی ناوخۆ لەیەکتر بگرن چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەم ڕق و کینەیەش کە ئەو حزبانە دروستییان کردووە لەنێوان بەشێک لەکۆمەڵگای ئێمە پێی ئاساییە بێ نان و ئاو و موچە و کارەبا بژی بەس بەو ڕقەوە بژی، ڕقەکەی لاپیرۆز دەکەن ئەو حزبانە. لەڕاستیدا پارتی و یەکێتی هیچ کات کێشەیان لەسەر دابەشکردنی پۆست و پارەنەبووە ئەوە لەنێوانیان ئاسان بووە، ئەوەی هەیە کێشەی کۆمەڵایەتی و شەخسییە، کەکاک مەسعود لەگەڵ کاک بافڵ کێشەی کۆمەڵایەتی هەیە من نامەوێ بچمە وردەکاری کێشەکە هەرئەمەشە وایکردووە ساڵ و نیوێکە نەیویستووە بافڵ تاڵەبانی ببینێت، بەهەمان شێوە کاک قوبادیش ئێستا بووە بەقسەی خۆیەوە وەک دەڵێن بەتەقەوە، کە لەهەڵمەتی هەڵبژاردن چەندجارێک هێرشی کردە سەر کاک مەسرور و ڕایگەیاند، زەحمەتە جارێکی تر بتوانێت کاری حوکمی لەگەڵ بکات بۆیە لێرەدا بووە بەتەقەی قسەی خۆیەوە، هەموو ئەم کێشە شەخسییانە جاری واهەبووە، هەمیشە ئەم کێشە کۆمەڵایەتی و شەخسی و سایکۆلۆژییانە کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگا و پڕۆسەی حوکمداری و سیاسی هەبووە، کاتی خۆی کاک مەسعود وتی، دەستی خۆم دەبڕمەوە جارێکی تر بیخەمە دەستی مام جەلال و لەگەڵیدا کۆببمەوە،کاک مەسعود ببوو بەتەڵەی قسەی خۆیەوە، بۆیە مام جەلال هەستا چوو بۆ ماڵی(حەمایل خان-ی دایکی کاک مەسعود)ئەوەبوو بەتەکلیفی (حەمایل خان-خوا لێی خۆش بێت)کاک مەسعود قسەکەی خۆی شکاند و لەگەڵ مام جەلال دانیشتەوە. ئەو کێشە کۆمەڵایەتیەی ماوەی چەندێکە رێگرە لەبەردەم کۆبوونەوەی کاک مەسعود و کاک بافڵ، هەمان ئەو شتەیە کەکاتی خۆی کاک مەسعود وتی، دەستی خۆم دەبڕم لەگەڵ مام جەلال دابنیشم ئێستاش هەمان شتە، بزانین ئەمجارە حەمایل خانێکی تر پەیدا دەبێتەوە تا کاک مەسعود لەگەڵ کاک بافڵ دابنیشێنێتەوە! پێکهێنانی ح کومەتی ئایندەی هەرێم ئاسان نابێت، لەجارەکانی پێشتر زیاتر دەخایەنێت، خۆئەگەر بەدەست پارتی و یەکێتی بێت هەر زیاتر دوایدەخەن، بەڵام هەمیشە وەکجارانی تر بەفشار دەرەکی و ڕێککەوتنی هەرێمی و داگیرکەران ئەو دوو لایەنە ڕێکدەکەون، چونکە پارتی و یەکێتی ئەوەندەی گوێ لە داگیرکەران و بێگانە دەگرن ئەوەندە گوێ لە میللەتەکەی خۆیان ناگرن ئەگەر گوێییان بگرتایە بەیەک هەفتە هەموو کێشەکان چارەسەر دەبوو،ئەگەر ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش دیاریبکرێت پێموایە یەکێتی و پارتی پێویستییان بەوەیە هەتا پێکهێنانی کابینەی دە-ی حکومەتی هەرێم دوابخەن بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەساڵی ئایندە هەتا وەک هەڵمەتی هەڵبژاردن دژی یەکتر بەکاریبهێنن. د.عەلی کاشان ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەو لایەنانە شۆکهێنەر بوو کە توشی شکست بوون، بەڵام بۆ ئەو لایەنانەی چاوەڕێی زیادبوونی کورسییەکانی دەکرد وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان چاوەڕوانکراوبوو، ڕەخنەگرتن لە خەڵک کەدەنگی داوەتەوە بەپارتی و یەکێتی لەجێی خۆیدا نیە، چونکە خەڵک ئێستا هۆشیارترە لەپێشتر هێزی پۆپپلیستی تری تاقیکردەوە کەچووە پەرلەمانیش و هیچی بۆی نەکرد. پێموایە پێکهێنانی کابینەی ١٠ی حکومەتی هەرێم لەجاران زیاتر درێژەبکێشێت بەتایبەت ئێمە کە لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیدان، شێوازی بەشداری و دابەشکردنی پۆستەکان بەدڵنیایی کاریگەری لەسەر دەنگ و پێگەی لایەنەکان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەبێت، بۆ هێزێکی وەک نەوەی نوێش ئەگەر بەشداری بکات ئەوا نیوەی گوتارەکەی خۆی بەرامبەر جەماوەرەکەی لەدەستدەدات. گوتاری هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمجارە هاوشێوەی وڵاتە دیموکراسییەکان و زلهێزەکان و ئەوروپا و ئەمەریکا بوو، چونکە گوتارەکەی کاریگەری لەسەر دەنگدەر هەبوو، ئەو دەنگدەرە نەما کەپێش خوێندنەوەی بەرنامەی حزبەکان هاوشێوەی ڕابردوو بڕیاری دابێت دەنگدەدات بەکێ، واتە دەنگدەر دەنگدەری ساڵی نەوەدەکان نەما، ئەوپەڕی ڕێزم بۆ خەباتی شاخ کە مێژوویەکی زێڕینی گەلەکەمانە بەڵام ئیتر دەنگدەر بەدروشمی شاخ و خەباتی شاخ دوای حزبەکان ناکەوێ، دەنگدەر کار و پڕۆژەی دەوێت، بۆیە گرنگی ئەم دەنگدانە ئەوەبوو کەحزبەکان بێ منەتییان بەرامبەر خەڵک نەما، لانی کەم هەر لەئێستاوە دەبێت خەم بۆ ئەوە بخۆن کەکارو پڕۆژە جێبەجێبکەن ئەگەرنا دەنگدەری ئەمجارە لەجاری داهاتوو دەنگی پێناداتەوە، ئیتر ئەو دەنگدەر و خەڵکە نەما خەڵک بڵێ بەعائیلە پارتین و تامردن پارتین، یا بەعائیلە یەکێتین و تامردن یەکێتین.