هەواڵی کوردستان ئێستا

پارتی: گوتارەکانی بافڵ تاڵەبانی لایەنگرە زوویرەکانی پارتی بردە سەر سندوقەکانی دەنگدان

پارتی: گوتارەکانی بافڵ تاڵەبانی لایەنگرە زوویرەکانی پارتی بردە سەر سندوقەکانی دەنگدان
پارتی: گوتارەکانی بافڵ تاڵەبانی لایەنگرە زوویرەکانی پارتی بردە سەر سندوقەکانی دەنگدان

2024-10-23 23:10:55 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، گوتاری سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن گوتاری سڕینەوەو هێرشکردن بوو، ئەمەش وایکرد پارتییە زویرەکانیش ڕوو لە سندوقەکانی دەنگدان بکەن. شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ژمارەیەکی زۆر کادری پارتی بە هۆی کۆنفرانسە ناوخۆییەکانەوە زویر بووبوون، بەڵام کاتێک هەستیانکرد هێرش دەکرێتە سەر پارتی و سیمبول و قوربانی دانیان ڕوویان لە ناوەندەکانی دەنگدان کرد." ئەو وتیشی،"شێوازی گوتاری سیاسی سەرۆکی یەکێتی هۆکاربوو بۆ ئەوەی لایەنگرانی پارتی ڕوو لە سندوقەکانی دەنگدان بکەن، چونکە گوتارەکانی گوتاری سڕینەوەی بەرامبەر بوون." بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 3 ملیۆن و 798 هەزارو 360 کەس مافی دەنگدانیان هەبووە لە هەرێمی کوردستان، لەو ژمارەیە 2 ملیۆن و 899 هەزارو 578 کەسیان بایۆمەتریان کردووەو کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە. هەرچەندە بەرپرسانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەرانیان لە هەڵبژاردن بە 72% ناوبرد، بەڵام شارەزایانی بواری هەڵبژاردن دەڵێن، 72%ی دەنگدەران لەو ڕێژەیە بەشداری پرۆسەکەیان کردووە کە کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە. لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدان لە ناوچەیەکی وەکو گەرمیان 38% بووە، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی 20 ی دەی 2024، ڕێژەی بەشداریکردن لە 60% نزیکبووەتەوە. چاودێران پێیانوایە ململانێی بەهێزی نێوان لایەنەکان و توندی گوتاری سیاسییان لە دژی یەکتری، هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران بوو لە هەڵبژارن دا، بە تایبەت دروشمەکانیان دژی یەکتری بوون. "خۆڕاگری و ئاوەدانی" دروشتی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، "کۆتایی پێ دەهێنین" دروشمی یەکێتی نیشتمانی بوو، هەروەها دروشمی نەوەی نوێش "درۆ دەکەن" بوو، لەکاتێکدا دروشمی هێز و لایەنەکانی تریش توندو ئاراستەی یەکتری بوو. رابیحە حەمەد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەرۆکی یەکێتی شێوازێکی نوێی بانگەشەی بەڕێوەبرد، ئەمەش کاریگەری هەبوو لەسەر گەرم و گوڕکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن و هاندانی گەنجان بۆ دەنگدان." چاوەڕوان دەکرا ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نزیکەی 40% بێت، بەڵام ڕێژەی بەشداریکردن گەیشتە 72% ی کۆی ئەو دەنگدەرانەی کارتی دەنگدانیان نوێ کردبوویەوە. رابیحە حەمەد وتی،"زۆربەی بەرپرسانی باڵای حزبەکان هاتنە نێو بانگەشەی هەڵبژاردنەوە لە کاتێکدا پێشتر بەو جۆرە بەشدارییان نەدەکرد، بۆیە شێوازە نوێیەکی سەرۆکی یەکێتی هۆکاربوو بۆ زیادبوونی ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن." پارتی دیموکراتی کوردستان بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 ی پەرلەمانی کوردستان، ژمارەی دەنگەکانی 101 هەزارو 844 دەنگ زیادیکردووە، هەروەها یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش ژمارەی دەنگەکانی 83 هەزارو 206 دەنگ زیادیکردووە. عەلی حەمە ساڵەح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"زۆربوونەوەی ژمارەی دەنگەکانی یەکێتی و پارتی گومانی لەسەر ساختەکاری و ڕێژەی بەشداریکردنیش دروستکردووە." ئەو دەڵێت،"خەڵکێکی زۆر بە ئومێدی گۆڕانکاری و دەنگدان لە دژی یەکێتی و پارتی ڕوویان لە سندوقەکانی دەنگدان کرد." بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، ڕەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 4 کورسی، بەرەی گەل دوو کورسی، گۆڕان 1 کورسی و پارتی سۆسیالیست کورسییەکی بەدەستهێناوە.