هەواڵی کوردستان ئێستا

عەبدوڵا ئۆجەلان بە ئەندامێکی خێزانەکەیدا پەیامێک بۆ ڕای گشتی دەنێرێت

عەبدوڵا ئۆجەلان بە ئەندامێکی خێزانەکەیدا پەیامێک بۆ ڕای گشتی دەنێرێت
عەبدوڵا ئۆجەلان بە ئەندامێکی خێزانەکەیدا پەیامێک بۆ ڕای گشتی دەنێرێت

2024-10-24 14:25:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


عومەر ئۆجەلان ئەندامی پارتی دەم و برازای عەبدوڵا ئۆجەلان، پشتڕاستی کردەوە کە ڕۆژی چوارشەممە لە زیندانی ئیمراڵی چاوی بە عەبدوڵا ئۆجەلان کەوتووە. عومەر ئۆجەلان لە تۆڕی ئێکس (تویتەر) نوسیویەتی ئێمە وەک خێزانێک چاومان بە یەک کەوتووە و لە میانەی دیدارەکەدا تاوتوێی پێشهاتە سیاسییە گشتییەکانمان کردووە. هەروەها دەشڵێت "داوای کرد ئەم پەیامە بگەیەنمە ڕای گشتی كە، گۆشەگیری بەردەوامە، ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت، هێزی تیۆری و پراکتیکیی ئەوەم هەیە ئەم دۆخە لە زەمینەی پێکدادان و تووندوتیژییەوە بگۆڕم بۆ زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی".   لە مانگی سێی ساڵی 2020 وە ئەمە یەکەم جارە ئەندامێکی خێزانەکەی ڕێبەری پەکەکە بتوانن سەردانی بکەن. عومەر ئۆجەلان دەشڵێت عەبدوڵا ئۆجەلان " تەندروستی باش بووە و سڵاوی بۆ هەمووان هەبووە." عەبدوڵقادر سێلڤی ستووننووسێکی دیاری ڕۆژنامەی حوڕییەتی نزیک لە حکومەتە، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاندووە کە لە میانەی ئەو کۆبونەوە دوو کاتژمێرییەدا ئۆجەلان  وتوویەتی " ئامادەم داوای چەک دانان بکەم." ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دوایین جار ئەو خێزانە لە مانگی هەشتدا داوایان کردبوو سەردانی ئۆجەلان بکەن.  دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست مەهەپە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی پارتەکەیدا ڕایگەیاند، داوا لە سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەن بێتە کۆبوونەوەی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (DEM) و داوای کۆتاییهێنان بە تیرۆر و ڕێکستنەکانی بکات. وتارەکەی باخچەلی لە کارنامەی تورکیادا دەنگی دایەوە، کە شارەزایانی سیاسی دەڵێن سەردەمێکی نوێی ئاشتی لەو وڵاتە دەستپێدەکات. ئۆجەلان لە 15ی مانگی دووی 1999 لە نایرۆبی پایتەختی کینیا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکرا، دواتر هێنرایە تورکیا بۆ دادگاییکردن و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. ئەو لە مەرگ ڕزگاری بوو کاتێک تورکیا لە ساڵی 2004دا سزای لەسێدارەدانی هەڵوەشاندەوە بەڵام لەو کاتەوە لە زیندانی تاکەکەسیدایە لە دوورگەی ئیمرالی. هەتا ئێستاش ئەو ڕێبەرە 75 ساڵەی پێشووی پەکەکە ناسراو بە ئاپۆ، لەلایەن زۆرێک لە کوردەوە وەک قارەمانێک لێی دەڕوانرێت. سەرچاوە: ئێکس/ فرانس پرێس