هەواڵی کوردستان ئێستا

داعش لە ناوچە کوردستانییەکان سەری هەڵداتەوە

داعش لە ناوچە کوردستانییەکان سەری هەڵداتەوە
داعش لە ناوچە کوردستانییەکان سەری هەڵداتەوە

2020-05-07 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  کەرکووک یەکێکە لەو ناوچانەی بووەتە ئارمانجی تیرۆرستانی داعش و بەرپرسێکی کەرکووکیش نایشارێتەوە ھێزە ئەمنی و سەربازیەکانی کەرکووک توانای بەرەنگاربوونەوەی داعشیان نەماوە.

ھێرشەکانی داعش بۆ سەر کەرکووک بەردەوامن و لە دواین ھێرشی چەکدارانی داعش لە سنووری ناحیەی ڕەشاد ژمارەیەک چەکداری حەشدی عەشایەری کوژراون و مەترسی بۆ سەر خەڵکی پەیدا بووە.

دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک گەرمیانی پارتی ڕایگەیاند: "ھێزە عێراقییەکان لە کەرکووک نەک توانای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشیان نەماوە، بەڵکو خۆیان بەشێکن لە ئاڵۆزی و پشێوییەکانی کەرکووک، ئەوەش مەترسییە بۆ سەر کەرکووک."

د. سەباح بەرزنجی، مامۆستای زانکۆ و شارەزای گرووپە توندڕۆکان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "زیادبوونی جووڵەی چەکدارانی داعش بۆ ھەبوونی بوشاییی ئەمنی و سیاسی دەگەڕێتەوە لە عێراق، ڕەوشی ئاڵۆزی عێراق داعش لێی سوودمەندە، چونکە پێم وایە ئەگەر چارەسەری ڕەوشی عێراق نەکرێت، دەبێت عێراقییەکان چاوەڕێی لەوەش خراپتر بکەن."

بەرپرسەکەی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەر لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر و کشانەوەی پێشمەرگە داعش لە کەرکووک دەرکەوتووتەوە و بەردەوام کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، ئەمە لە کاتێکدایە بە ھەزارن سەرباز و ئەندامی حەشد و ھێزی ئەمنی تێدایە."

دکتۆر سەباح بەرزنجی جەختی کردەوە: "داعش دەیەوێ ھەبوونی خۆی بسەلمێنێ و ھەموو ڕێگایەک دەگرێتەبەر بۆ بەردەوامیدان بە کردەوەی تیرۆرستی، ھەرچەندە قەبارەی ئەو گرووپە توندڕۆیانە دیار نییە، بەڵام کەمیش نین، لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆر ھێشتا وابەستەیە بە فکری داعش، تا ئەو فکرە مابێت، داعش لە عێراق و جیھانیش کۆتاییی نایەت.'

دیاری حوسێن پێی وایە: "ئەو ھێزانەی لە کەرکووکن، نایانەوێ خۆیان لە قەرەی داعش بدەن و بێباکن لەوەی داعش چی دەکات لە کەرکووک، لەبەر ئەوەی ھێزەکانی کەرکووک زیاتر خۆیان دەپارێزن و خەریکی تەعریب و پیلانەکانیان دژی کەرکووکن، بەو شێوەیەش داعش بەھێز دەبێتەوە و تا دێت مەترسی زیاتر پەیدا دەکات."

قائید میرۆ