هەواڵی کوردستان ئێستا

سەرۆکی نەوەی نوێ "کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی" دەخاتە بەردەم لایەنەکانی دەڵێن هەڵبژاردنی هەرێم ساختەکراوە

سەرۆکی نەوەی نوێ
سەرۆکی نەوەی نوێ "کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی" دەخاتە بەردەم لایەنەکانی دەڵێن هەڵبژاردنی هەرێم ساختەکراوە

2024-10-24 20:10:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحید ئەو لایەنانەی کە بانگەشەی ساختەکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەن بە "دۆڕاو" وێناکرد و تۆمەتباری کردن بە بڵاوکردنەوی بێئومێدی لە ناو دەنگدەران. شاسوار عەبدولواحید ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ی دەی 2024، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە سلێمانی ڕایگەیاند، "ئاگاتان لێی بێت، کۆمەڵێک حزبی سیاسی هەن هەموو جارێک بەشداری هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام دوای ئەوەی کە ئەنجامەکانیان بەدڵنابێت و دەدۆڕێن، دەکەونە بێهیوایی خەڵک. ئێ باشە ئەگەر من بەڕاستی بزانم ئێستا نەوەی نوێ 40 کورسی هێناوە و بۆمکراوە بە 16 و 17 کورسی، ئێ واز لە پرۆسەی سیاسی دەهێنم. زۆر بە ئەخلاقەوە دێم دەڵێم، 'خەڵکینە من نیوەی زیاتری دەنگەکانم خوراوە. وەڵاهی کاکە من وازدەهێنم." سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ناوی هیچ حزبێکی سیاسی بە دیاریکراوی نەهێنا، بەڵام لە دوای دەرکەوتنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەوە چەند لایەنێک ئەنجامەکان ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن ساختەکاری لە ئامێرەکانی دەنگدان کراوە. ئەو لایەنانە دەڵێت گوایە ئەنجامەکان بە بەرنامە و پلانی وڵاتانی ناوچەکە و دەستکاریکراون. شاسوار عەبدولواحید ئەو لایەنانەی دەرەوەی دەستەڵاتی بە "دوکانداری سیاسی" ناوبرد و گلەیی ئەوەی لێکردن گوایە نەوەی نوێ دەکەنە ئامانجە لە بری یەکێتی و پارتی. ئەو سەرەڕای ئاماژەکردن بە تۆمارکردنی چەند سکاڵایەک لە لایەن نەوەی نوێ، بەڵام پرسیاری نەخستە سەر کۆی پرۆسەکە. وتیشی، "هەندێک لایەن دەڵێن گوایە ئەمە هەمووی بە دەست داندراوە. من ئەگەر بمزانیایە شتێکی وەهایە، ئێستا بەیاننامەیەکم بۆ ئێوە دەخوێندەوە و دەمگوت پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی تەواوبووە و هەمووی فشەیە...قابیلە وڵاتێکی وەکو عێراق بەو هەموو کۆمسیۆنەوە [بەشداربێت لە ساختەکارییەکە]. باسی ئیشرافی ئەمەریکا و بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت. واتا ئەم هەموو وڵاتە کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی پلان دژی خەڵکی کوردستان دابنێت؟" لە نێو لایەنە ناڕازییەکان ڕەوتی هەڵوێستی عەلی حەمە ساڵح توندرین کاردانەوەی هەبووە و بانگەشەی ئەوە دەکات ئەنجامەکان لە بەرژەوەندی پارتی و یەکێتی و نەوەی نوێ گۆڕانکارییان تێدا کراوە. هەروەها کۆمەڵی دادگەری کە بە هەمان شێوە ئەنجامەکان ڕەتدەکاتەوە ئەمڕۆ لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، " نەک لەحکومەت بەشدار نابین بەڵکو لەڕاوێژ و باس و خواسی ئەوەداین لەپەرلەمانێکی دیزاین کراو کە پێکهاتەکەی بەدەرە لە خواستی هاوڵاتیان بەشداری نەکەین." کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی 20ی دەی 2024 بەڕێوەبرد هەتا ئێستا ئەو تۆمەتانەی پشتڕاست یاخود ڕەتنەکردووەتەوە. کۆمسیۆن ڕۆژێک دوای هەڵبژاردن ئەنجامە بەراییەکانی بڵاوکردەوە و بە گوێرەی ئەنجامەکان رێژەی بەشداریکردنی ئەو دەنگدەرانەی کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە 72٪ بوو. بەپێی ئەنجامە بەراییەکان بێت، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، ڕەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 4 کورسی، بەرەی گەل دوو کورسی، گۆڕان 1 کورسی و پارتی سۆسیالیست کورسییەکی بەدەستهێناوە.