هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەنتۆنی بڵینکن لەگەڵ نەجیب میقاتی کۆدەبێتەوە

ئەنتۆنی بڵینکن لەگەڵ نەجیب میقاتی کۆدەبێتەوە
ئەنتۆنی بڵینکن لەگەڵ نەجیب میقاتی کۆدەبێتەوە

2024-10-25 18:40:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


ئەنتۆنی بڵینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی لوبنان کۆبووەوە و تاوتوێی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئەو وڵاتەکە کرد، لە کاتێکدا واشنتن فشار دەخاتە سەر حکومەتی بەیروت بۆ ئەوەی هەڵوێستی دژ بە حزبوڵا بگرێتە بەر. بڵینکن، لەکاتی گەڕانەوەی لە گەشتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیدا، لە لەندەن لەگەڵ نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی لوبنان کۆبووەوە، کە ڕۆژێک پێشتر لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە لوبنان لە پاریس بەشداری کردبوو. ئەمەریکا کە هاوپەیمانی سەرەکی ئیسرائیلە، بە تەواوی داوای ئاگربەستی دەستبەجێی نەکردووە لە بۆردومانەکەی ئیسرائیل کە ماوەی مانگێکە بۆ سەر حزبوڵا لە لوبنان ئەنجامی دەدات. بەڵام بلینکن داوای چارەسەری خێرای دیپلۆماسی کردووە. بلینکن ڕۆژی پێنجشەممە لە دۆحە گوتی " ئێمە زۆر ڕوون بووین کە ئەمە ناشێت و نابێت ببێتە هۆی هەڵمەتێکی درێژخایەن و ئیسرائیل دەبێت هەنگاوی پێویست بنێت بۆ دوورکەوتنەوە لە قوربانیی مەدەنی و مەترسی نەخستنە سەر ئاشتیپارێزانی نەتەوە یەکگرتووەکان یان هێزە چەکدارەکانی لوبنان ." ئەمەریکا داوای کردووە حکومەتی ناوەندی لوبنان کە لە مێژە لە حاڵەتێکی لاوازیدایە، بەرپرسیارێتی ئاسایش بگرێتە ئەستۆ. لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی یۆئاڤ گالانت ڕۆژی چوارشەممە نیگەرانی خۆی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوپای لوبنان دەربڕی کە بە پێی ڕاگەیاندنی لوبنانی لانیکەم 11 سەربازی لوبنانی کوژراون.