هەواڵی کوردستان ئێستا

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت ناچارین بەرگری لە خۆمان بکەین لە بەرامبەر هێرشی ئیسرائیلدا

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت ناچارین بەرگری لە خۆمان بکەین لە بەرامبەر هێرشی ئیسرائیلدا
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت ناچارین بەرگری لە خۆمان بکەین لە بەرامبەر هێرشی ئیسرائیلدا

2024-10-26 15:25:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک کاردانەوە بەرامبەر هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتە نیشان دەدات. وەزارەتەکە هێرشەکەی ئیسرائیلی بە "شەڕانگێزی" ناو برد و ڕایگەیاند بە پێی مافی ڕەوای بەرگریکردن لە خۆ، ناچارە بەرامبەر بەو هێرشانە بەرگری لەخۆی بکات. لە بەشێکی ئەم بەیاننامەیەدا کە لە میدیا فەرمییەکانی ئێراندا بڵاو کراوەتەوە، هاتووە "وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کردەی شەڕانگێزی ڕژیمی زایۆنی لە دژی چەند ناوەندێکی سەربازی لە ئێران بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتایبەتی یاسای قەدەغەکردنی هەڕەشەکردن یان پەنابردن بۆ هێز لە دژی یەکپارچەیی خاک و سەروەری نیشتمانی وڵاتان دەزانێت و بە توندترین شێوە سەرکۆنەی دەکات." وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە "لە هەموو توانا ماددی و مەعنەوییەکانی گەلی ئێران بۆ بەرگریکردن لە ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی خۆی کەڵک وەردەگیرێت" و جەختی لە "بەرپرسیارێتی تاکەکەسی و دەستەجەمعی هەموو وڵاتانی ناوچەکە کردەوە بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا." لە بەشێکی دیکەی ئەم بەیاننامەیەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەموو "وڵاتانی ئاشتیخواز لە ناوچەکە و دەرەوەی" دەربڕی کە هێرشی ئیسرائیلیان بۆ سەر خاکی ئێران سەرکۆنە کردووە. ئیسرائیل باس لەوە دەکات کە هێرشی ڕۆژی شەممەی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران لە تۆڵەی هێرشی 1ی مانگی دەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل و هەروەها کردەوەکانی دیکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە ئەنجام داوە. کۆماری ئیسلامی لە 1ی مانگی دەی ئەمساڵ لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە ناوی "سادق 2" بوو، بۆ دووهەمین جار هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل. کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە ئەم هێرشەی لە تۆڵەی کوژرانی عەباس نیلفروشان فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی و حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی تاقمی تیرۆریستی حیزبوڵای لوبنان و ئیسماعیل هەنییەی حەماس ئەنجام داوە.