هەواڵی کوردستان ئێستا

کۆمەڵێک زانیاریی سەبارەت بە هێرشەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران

کۆمەڵێک زانیاریی سەبارەت بە هێرشەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران
کۆمەڵێک زانیاریی سەبارەت بە هێرشەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران

2024-10-26 19:45:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


ئیسڕائیل وەڵامی ئێرانی دایەوە لەسەر هێرشەکەی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئیسڕائیل و بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کردە سەر ئێران. ئەمانەی خوارەوە چەند زانیارییەکن سەبارەت بە هێرشەکەی ئیسڕائیل: لە چەندین ئامانج دراون بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە کە هێشتا دنیا تاریک بوو، ئیسڕائیل چەندین شوێنی لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی ئێران کردە ئامانج. دەنگی تەقینەوە لە تارانی پایتەخت بیستراوە کە دەکەوێتە قووڵایی ئێرانەوە. سوپای ئیسڕائیل وتی " هێرشە ئاسمانییە ورد و بە ئامانجەکەی " سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی و " توانا ئاسمانییەکان " و کارگەکانی دروستکردنی موشەکی کردووەتە ئامانج کە بەکارهێندراون بۆ دروستکردنی چەک کە دژی ئیسڕائیل بەکارهێندراون. ئێران وتی هێرشەکان تەنها " زیانێکی کەمییان " هەبووە. هێشتا ڕوون نەبووەتەوە قەبارەی زیانەکانی هێرشەکەی ئیسڕائیل چەند بووە، چونکە هیچ کامێکییان بە وردەکارییەوە ئاماژەیان بە زیانەکان نەداوە. ئێران وتی هێرشە ئاسمانییەکان بنکە سەربازییەکانییان لە پارێزگاکانی ئیلام و خوزستان و تاران کردووەتە ئامانج. ئیسڕائیلیش لەلای خۆیەوە بە متمانەوە وتی لە بەرگرییە ئاسمانیەکانی ئێرانی داوە، وتەبێژی سەربازیی ئیسڕائیل دانیێڵ هاگاری وتی " ئیسڕائیل ئێستا ئازادییەکی بەرفراوانتری ئاسمانی هەیە بۆ ئۆپەراسیۆن لە ئێراندا." هێرشە ئاسمانییەکان وادیار نەبوون ئەو ناوەندانە بکەنە ئامانج کە دەبوونە هۆی وەڵامێکی توندی ئێران. لەوانەش: ژێرخانی نەوتی ئێران کە بڕبڕەی پشتی ئابووری ئێرانە و هەروەها ناوەندە ئەتۆمییەکانیشی. پێشتر لەم مانگەدا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی پشتگیری لە هێرشی ئاسمانی ئیسڕائیل ناکات بۆ سەر کارخانە ئەتۆمییەکانی ئێران. بەرپرسانی ئەمەریکا هەستییان بەوە کردبوو کە ڕێککەوتنێکییان لەگەڵ ئیسڕائیلدا کردووە لەسەر ئەوەی کە لە ناوەندە نەوتییەکان یاخود کارخانە ئەتۆمییەکانی ئێران نەدات. هێرشەکە تەواو بووە ئیسڕائیل ئاماژەی بەوەدا کە هێرشە ئاسمانییەکەی بەرەبەیان کۆتایی ئەم هێرشە بووە بۆ سەر ئێران. هاگاری بەیانی زووی ڕۆژی شەممە وتی " هێرشە ئاسمانییە تۆڵەسەندنەوەکە تەواو بوو، ئامانجەکانیشی پێکا." بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی ڕێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنی ئێران وتی گەشتە ئاسمانییە ئاساییەکان دەست پێدەکەنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە ڕاگیرابوون. کردانەوە و داواکارییەکان بۆ دان بە خۆداگرتن کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەدا کە دەیەوێت هێرشە ئاسمانییەکان و شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسڕائیل کۆتاییان پێبێت، هەروەها هۆشداریدایە ئێران دژی وەڵامدانەوە. سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا کییەر ستارمەریش وتی " پێویستییەک هەیە بۆ خۆبەدوورگرتن لە زیادکردنی گرژییەکانی ناوچەکە " و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد دان بە خۆیاندا بگرن. کاردانەوەکان لە ناوچەکەدا توندتر بوون، سعودیەی ڕکابەری سەرەکی ئێران سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسڕائیلی کرد و وتی مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات و " پێشێلکردنی یاسا و بەها نێودەوڵەتییەکانە." تورکیا ئیسڕائیلی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی " ناوچەکەی خستووەتە سەر لێواری جەنگێکی گەورەترەوە " و وتی " کۆتایی هێنان بەم تیرۆرەی کە ئیسڕائیل دروستی کردووە لە ناوچەکەدا بووەتە ئەرکێکی مێژوویی." سوریا و عێراقیش لە نێو ئەو وڵاتانەی ناوچەکەدا بوون کە سەرکۆنەی هێرشەکانییان کرد. وەڵامدانەوەی ئێران وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی ئێران وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکان دەداتەوە، وتی هێرشەکان پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی بوون و وتی تاران مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات. هێرشە ئاسمانییەکەی ڕۆژی شەممەی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران وەکو وەڵامێک بوون بۆ هێرشە ئاسمانییەکەی ئێران لە یەکی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل. ئێران دەتوانێت هەوڵی ئەنجامدانی هێرشێکی ئاسمانی دیکە بدات، بەڵام ئەوەش مەترسی هێرشێکی دیکەی ڕاستەوخۆی ئیسڕائیل بۆ سەر خاکەکەی دروست دەکات، لە کاتێکدا کە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران لاواز کراون. هەروەها دەشتوانێت هانی گروپە چەکدارییە هاوپەیمانەکانی بدات لە ناوچەکەدا تاوەکو هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسڕائیل چڕتر بکەنەوە، لەوانەش حەماس و حزبوڵای لوبنان، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئەو دوو گروپە چەکدارییە زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە بەهۆی جەنگەکەیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا. سەرچاوە/ AP