هەواڵی کوردستان ئێستا

3 ملیار ساڵ لەمەوبەر بەردێکی ئاسمانی بەر زەوی کەوت کە ڕەنگە بوبێتە هۆکاری گەشەسەندنی ژیان

3 ملیار ساڵ لەمەوبەر بەردێکی ئاسمانی بەر زەوی کەوت کە ڕەنگە بوبێتە هۆکاری گەشەسەندنی ژیان
3 ملیار ساڵ لەمەوبەر بەردێکی ئاسمانی بەر زەوی کەوت کە ڕەنگە بوبێتە هۆکاری گەشەسەندنی ژیان

2024-10-27 22:00:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


زانایان دەڵێن لە لێکۆڵینەوەیەکدا بۆیان دەرکەوتووە گەشەسەندنی ژیان لە سەر زەوی لە خانەی سەرەتاییەوە بۆ فۆڕمی ئاڵۆزتر دەکرێت بەهۆی بەردێکی ئاسمانی زەبەلاحەوە بووبێت کە زیاتر لە 3 ملیار ساڵ لەمەوبەر بەر زەوی کەوت. ئێمەی مرۆڤ بە پشتبەستن بە تۆمارەکانی هەبوونی مادە تیشکدەرەکان لە پێکهاتەی بەردەکاندا ئەوە دەزانین کە تەمەنی هەسارەکەمان نزیکەی 4.5 ملیار ساڵە. ڕووی زەوی لە ساڵەکانی سەرەتای تەمەنی دروستبوونیدا گونجاو نەبوو بۆ گەشەسەندنی ژیان لەبەر چەند هۆکارێکی سەرەکی وەکو زۆری کەوتنەخوارەوەی بەردە ئاسمانییەکان و چالاکی گڕکانەکان. زانایان دەڵێن ژیان لە سەر زەوی نزیکەی 3.8 ملیار ساڵ دەستیپێکرد، ئەو کاتەی کە ڕێژەی کەوتنەخوارەوەی بەردەکان بۆ ئاستێکی بەرچاو دابەزی. کۆنترین فۆرمەکانی بەبەردبووی ژیان کە مرۆڤ تۆماریکردبێت دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 3.5 ملیار ساڵ لەمەوبەر و دەیسەلمێنێت ژیانی سەر زەوی لەو کاتەدا بریتی بوو لە زیندەوەری سادەی مایکرۆسکۆبی. بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر لەبارەی سەرەتاکانی گەشەکردنی ژیانی سەر زەوی، 5 زانای ئەمەریکی و زانایەکی سویسری بۆ چەندین ساڵ بەیەکەوە لێکۆڵینەوەیان کرد لەسەر پاشماوەکانی بەردی ئاسمانی S2 کە ساڵی 2014 لە ئەفیرقای باشور دۆزراوەتەوە. تیرەی بەردەکە لە نیوان 37 بۆ 58 کیلۆمەتر بووە و نزیکەی 3.26 ساڵ لەمەوبەر بە زەوی کەوتووە. نەدجا درابۆن، زانای جیۆلۆجی و هەسارەناسی لە زانکۆی هارڤارد کە سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکەی کردووە، بە سی ئێن ئێن دەڵێت، "بەر لە کەوتنی بەردەکە بە زەوی، ژیان لەناو زەریاکاندا هەبوو بەڵام زۆر نا، بەهۆی کەمی ماددە خۆراکییەکان و بەخشەری ئەلکترۆنی وەک ئاسن لە تەنکی ئاوەکاندا. ڕووداوەکە بووە هۆی دەردانی ماددە خۆراکییە سەرەکییەکانی وەکو فسفۆڕ بۆ ئاستێکی گەورە...بۆمبێک بوو لە پەینی گەشەکردنی ژیان. بە گشتی هەواڵێکی خۆش بوو بۆ گەشەسەندنی سەرەتایی ژیان لەسەر ڕووی زەوی." ئەم زانایە دەڵێت ڕووداوەکە سەرەتا بۆ ژیانی سەر ڕووی زەریا کارەساتبار بوو، چوونکە بووە هۆی بەهەڵمبوونی چینی سەرەوەی ئاو و داپۆشینی بەرگەهەوا بە تۆز و ماددەکان کیمیاییەکان کە بوونە هۆی ڕێگری گەیشتنی تیشکی خۆر بە زەوی. بەڵام ڕووداوەکە بووە هۆی دابینکردنی کەشێکی گونجاو بۆ زیندەوەرە تاک خانەییەکانی ژێر زەریا کە خۆراکیان ئاسن و فسفۆڕ بوو. زانایان دەڵێن لە تاقیکردنەوەکانیاندا بۆیان دەرکەوتووە زیندەوەرە تاک خانەییەکان دوای ڕووداوەکە بە خێراییەکی بەرچاو گەشەیان کردووە و ژیان چووەتە قۆناغێکی ترەوە. ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە، کە سەرنجێکی زۆری جیهانی لەسەرە، ئەم مانگە لە جۆڕناڵی بەڵگەنامەکانی ئەکادیمیای نیشتمانی زانستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاوکرایەوە.