ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبونەوەیەکی نائاسایی لەسەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات
2024-10-28 16:42:18 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجامبدات بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئێران. سویسرا کە سەرۆکایەتی بە نۆبەی ئەنجومەنەکە دەکات، ڕایگەیاند، ئێران بە پاڵپشتی جەزائیر، چین و ڕووسیا داوای کۆبوونەوەکەی کردووە. عەباس عێڕاقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی شەممە لە نامەیەکدا بۆ ئەو ئەنجومەنەی کە لە 15 ئەندام پێکهاتووە، ڕایگەیاند "کردەوەکانی ڕژێمی ئیسرائیل هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی پێکدەهێنێت و ئەو ناوچەیەی کە خۆی لە خۆیدا ڕەوشێکی ناسکی هەیە ناسەقامگیرتر دەکات." بەرەبەیای ڕۆژی شەممە ئیسرائیل شەپۆلێک هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردە سەر کارگەکانی موشەکی لە ئێران. ئەمە چەند هەفتەیەک دوای ئەوە هات کە ئێران نزیکەی 200 مووشەکی بالیستیکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد لە هاوکاتی شەڕەکانی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس و حزبوڵا لە کەرتی غەززە و لوبنان. ئایەتوڵا خامنەئی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕایگەیاند هێرشەکانی ئیسرائیل " نابێت گەورە بکرێتنەوە و نابێت بە هێندیش وەرنەگیرێن،" ئەمەش لەکاتێکدا بوو کە داوای تۆڵەکردنەوەی نەکرد. ئەمە یەکەم هێرشی لەوجۆرە ئیسرائیل بوو بۆسەر ئەو وڵاتە دوژمنە سەرسەختەی. بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، هێرشەکان ئامانجەکانی ئیسرائیلیان بەدیهێناوە، لەوانە زیانگەیاندن بە تواناکانی بەرگری ئێران و توانای بەرهەمهێنانی مووشەک. پێش کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕۆژی دووشەممە، عێراق سکاڵایەکی پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و گلەیی لە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە لە هێرشەکەی دژی ئێراندا کرد. وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، سکاڵاکە ئیدانەی پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق و سەروەری عێراق دەکات لەلایەن ئیسرائیلەوە. هێزەکانی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە هێرشی ئاسمانی نوێیان لە باشووری لوبنان ئەنجامدا کە بەرپرسانی تەندروستیی لوبنان ڕایانگەیاند، لانیکەم پێنج کەس لە شاری تەیر کوژراون. عەبدولفەتاح ئەلسیسی سەرۆکی میسر، ڕۆژی یەکشەممە پێشنیاری ئاگربەستێکی دوو ڕۆژەی کرد لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، کە بریتی بێت لەوەی حەماس چوار بارمتە لە کاتی وەستانی شەڕەکاندا ئازاد بکات. نە ئیسرائیل و نە حەماس هیچ وەڵامێکی دەستبەجێیان بۆ پلانەکەی سیسی نەبووە، ئەمەش ئەکەم پێشنیازی لەم جۆرەیەتی لە ماوەی چەند مانگێکدا کە لەگەڵ ئەمەریکا و قەتەردا لە هەوڵدان بۆ وەستاندنی شەڕەکان. سیسی لە قسەکانیدا لە قاهیرە وتی کە پلانەکە داوای هاوکاریی مرۆیی زیاتریش دەکات بۆ فەلەستینییەکان لە غەززە. ئەلسیسی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی پێشنیازەکەی "بەرەوپێشبردنی دۆخەکە"یە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ڕێککەوتنی ئاگربەستی دوو ڕۆژە پەسەند بکرێت، دانوستانەکان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە بکرێتە هەمیشەیی. لە دوای وەستانی شەڕەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک لە مانگی یازدەی شاڵی ڕابردووەوە کە تیایدا ئاڵوگۆڕی بارمتە و دیلەکان کرا، هیچ ئاگربەستێکی تر ڕووی نەداوە. لەلایەکی دیکەوە، دەیڤید بارنیا، سەرۆکی مۆسادی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە بەرەو دەوحە بەڕێکەوت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال ثانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر و ویلیام بەرنزی سەرۆکی سی ئای ئەی ئەمەریکا. حەماس و حزبوڵا هەردووکیان لە لایەن ئەمەریکاوە وەک دوو گروپی گروپی تیرۆریستی دەستنیشان کراون. دوایین ململانێی ناوچەکە لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لە هێرشەکەیاندا لە 7ی دەی 2023 بۆ سەر ئیسرائیل 1200 کەسیان کوشت و نزیکەی 250 بارمتەیان گرت. ئیسرائیل دەڵێت پێیان وایە بزووتنەوەی حەماس هێشتا 101 بارمتەی بەدەستەوەیە، لەنێویاندا 35 کەسیش کە لەشکر دەڵێت مردوون. بەهۆی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە نزیکەی 43 هەزار فەلەستینی کوژراون، کە بەشێکی زۆریان خەڵکی سڤیلین. بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژانسەکانی ئەسۆشیەیتد پرێس، فرانس پرێس و ڕۆیتەرز وەرگیراون.