پسپۆڕێکی ئەندازیاری سۆفتوێر: دەتوانرێت گۆڕانکاری لە ئامێری دەنگداندا بکرێت
2024-10-28 20:50:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
پسپۆڕێکی بواری ئەندازیاری سۆفتوێر و تێستینگ ( تاقیکردنەوە) ڕایدەگەیەنێت، نازانرێت ئەو ئامێرانەی بۆ دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەکارهێنراون هاککراون یاخود نا، بەڵام ئەو ئامێرانە و هەر ئامێرێکی تر لە چەند ڕوویەکەوە دەشێت گۆڕانکارییان تێدا بکرێت. داروین مستەفا، مامۆستا لە زانکۆی وێست لە سوید و ڕاهێنەری ئەکادیمیای سیسکۆ بۆ نێتۆرک و سکویریتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لە ڕووی سۆفتوێرەوە هەر ئامێرێک و لە هەرکوێ ئەو ئامێرە بەکاربهێنرێت، بە گۆڕینی ئەلگۆریتمەکان دەتوانرێ گۆڕانکاری بەو ئەنجامە بکرێت کە چاوەڕوان دەکرێت ئەو سیستەمە بیدات بەدەستەوە، ئەم گۆڕانکارییە پێشتر لە زۆر سیستەمدا کراوە." دەشڵێت،"لە ڕێگەی نێتۆرکەوە کەسێک لە ڕێگەی هاککردنەوە یان خاوەنی سیستەمەکە دزە بکاتە ناو سیستەمەکە، دەتوانێت گۆڕانکاری لە ئەنجامی کۆتایی داتا کۆکراوەکان بکات، ئەمە لەڕووی تەکنەلۆژییەوە ئەگەرێکە و هەیە." هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە ڕۆژی 20 ی مانگی 10 ی 2024 ئەنجامدرا، کێشمەکێشێکی گەورەی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان دروستکردووە، بەتایبەت بەشێک لە لایەنەکان ئەنجامی هەڵبژاردن ڕەتدەکەنەوە و هەڵبژاردنەکە بە "دیزاینکراو" ناو دەبەن. بەشێکی تر لە لایەنەکان بە تایبەت ئەو لایەنانەی ژمارەی کورسی پێویستییان لە پەرلەمانی کوردستان بەدەستهێناوە، ئەنجامدانی ساختەکاری ڕەتدەکەنەوە و ئاماژەبەوە دەکەن ژماردنی ئەلیکترۆنی و ژماردنی دەستی دەنگەکان وەکو یەک بوون. داروین مستەفا دەڵێت،"ئێمە ئامێرەکان پرۆگرام دەکەین و پێیان دەڵێین چی بکەن، لە تەکنەلۆژیای نوێدا و بەتایبەت دوای ساڵی 2000 زۆر تەکنیکی تازە خراونەتە بەردەست و ئەم ڕێگەیە ئاسان دەکات. بۆ نموونە کاغەزی حەراری دەتوانرێ بە بێ بەکارهێنانی مەرەکەب لەسەری بنوسرێ و بێ بەکارهێنانی مەرەکەب نوسینی لەسەر لاببرێ، واتە دەتوانین ئامێرەکان بەوجۆرە دیزاین بکەین هەم لەکاتی سکاندا لەسەری بنوسرێ و هەم نوسینیشی لەسەر لاببرێت." لایەنە سیاسییە ناڕازییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر سکاڵایان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکردووە، بەپێی وتەی بەرپرسانی کۆمیسیۆن لێکۆڵینەوە لەو سکاڵایانە دەکرێت کە بە سور دادەنرێن. بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 16 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی 7 کورسی، ڕەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی و هاوپەیمانی شیوعی و سۆسیالیست یەک کورسییان بەدەستهێناوە. بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە، 30 ی مانگی دەی 2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕابگەیەنێت، لە ئێستاوە کۆمەڵی دادگەری کشانەوەی لە پەرلەمانی داهاتووی کوردستان ڕاگەیاندووە و بەشێکی تر لە لایەنەکان هێشتا بڕیاری کۆتاییان نەداوە. سەبارەت بە پێداچوونەوەی سکاڵای لایەنەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بەوەی هەتا چەند دەتوانرێت لەڕووی تەکنیکییەوە ساختەکاری ئاشکرا بکرێت، داروین مستەفا وتی،"دروستکردنی هەر سیستەمێک بە چەند قۆناغێک دەڕوات، دۆزینەوەی خەلەل لە قۆناغی دروستکردنی سیستەم و پێش بەکارهێنان زۆر ئاسانترەو تێچووی کەمترە هەتا دۆزینەوەی خەلەل لە کۆتاییدا. فۆرمولەیەکی ماتماتیکی هەیە لە بواری سۆفت وێر کە باس لەمە دەکات، بە یەک توان سێ کات و ئەگەر و تێچووی تێست کردن دیاری دەکات لە قۆناغی دروستکردنی سیستەم و دوای ئەم قۆناغە." ئەو دەڵێت،"کتێبێک هەیە بە ئینجیلی سۆفتوێر دروستکردن دادەنرێت، زۆر بە جوانی پێناسەی دووبارە تێست کردنی تێدایە، دەڵێت ناتوانین لە ڕێگەی تێست کردنەوە لە هیچ سیستەمێکدا ئەوە بسەلێنین کە ئەو سیستەمە هەڵەی تێدا نییە و ڕاستە، بەڵکو تێست کردن تەنها بۆ ئەوەیە ئێمە بگەڕێین بۆ دۆزینەوەی هەڵە لە سیستەمەکە، گەر هەڵەشمان نەدۆزییەوە مانای وا نییە ئەم سیستەمە بێ هەڵەیە، مانای وایە لەو جێگەیە هەڵەمان نەدۆزیوەتەوە کە بۆی گەڕاوین." جەختیشیکردەوە،"هەر سیستەمێک پێشتر بە مەبەست گۆڕابێت، دوای تێست کردنیش دەتوانرێت بەشێوەیەک گۆڕانکاری تێدا بکرێت کە دەرنەکەوێت." بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەرووی 200 هەزار دەنگی پوچەڵ لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هەبووە، لایەنە سیاسییە ناڕازییەکان ئەمە بە بەشێک لە ساختەکاری ناودەبەن و پێیانوایە ئامێرەکان بە جۆرێک "بەرمەجە"کراون دەنگەکانیان پوچەڵ بکرێتەوە. داروین وتی،"لە بواری سۆفتوێرا بۆ هەموو سیستەمێک هەڵسەنگاندن هەیە، کواڵێتی ستاندەرمان هەیە لە جیهانداو پێمان دەڵێت سیستەمەکە شکستی هێناوە یاخود هەڵەی تێدا ڕوویداوە. گەر لە سیستەمێکدا هەڵەیەک ڕووبدات دەنگێکی زۆر بە هەڵە جیابکاتەوە، لەکاتێکدا ئەم سیستەمە بۆ ئەوە دروستکراوە دەنگەکان بەدروستی جیا بکاتەوە، ئەم سیستەمە بە شکستخواردوو دادەنرێت." کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بوونی ساختەکاری ڕەتدەکاتەوەو داوای لەسەرجەم لایەن و کاندیدەکان کردووە سەردانیان بکەن، هەتا سەرجەم دەنگەکانیان لە ڕێگەی فلاش میمۆرییەوە پێبدەن.