زانایان دەڵێن پیاز دەتوانێت ئاستی شەکری خوێن بە ڕێژەی 50% دابەزێنێت
2024-10-28 22:45:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
جۆری دووەمی شەکرە نەخۆشییەکی باوە کە دەبێتە هۆی زیانێکی زۆر بە جەستە. زانایان دەڵێن لە ڕێگەی چەند خۆراکێکی تەندروستەوە، کە دیارترینیان بریتییە لە پیاز، دەتواندرێت ئەم نەخۆشییە سنوردار بکرێت. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن ڕێکخراوی کۆمەڵگەی ئیندۆکراین بڵاوکراوەتەوە، پێکهاتەی پیاز دەتوانێت شەکری گلوکۆز بە ڕێژەی 50٪ کەمبکاتەوە. ئەنتۆنی ئۆجێ لە زانکۆی ویلایەتی دەلتا لە نایجیریا کە سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکەی کردووە، ڕایگەیاند، "پیاز کە نرخەکەی هەرزانە و بە ئاسانی دەستدەکەوێت، وەکو سەرچاوەیەکی بەها خۆراکییەکان بەکارهاتووە. ئەم ڕووەکە توانای چارەسەری نەخۆشانی شەکرەی هەیە." بۆ گەیشتن بەم دەرەنجامە، تیمێک لە لێکۆڵەران بە سەرپەرشتی ئەنتۆنی ئۆجێ هەڵساون بە پێدانی بڕێکی زۆر لە دەرهاویشتەی پیاز بە چەند جرجێک کە بە ڕێگەی پزیشییەوە ڕێژەی شەکرە لە جەستەیان بەرزکرابوو. دەڵێن دەرەنجامەکان ئەوەیان سەلماند کە پێدانی بڕی 400 بۆ 600 میلیگرام لە دەرهاویشتەی پیاز بووەتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی شەکرەی جرجەکان لە نێوان 50 بۆ 35 لە سەد. بەڵام تێبینی ئەوەشیان کردووە کە دەرهاویشتەی پیاز دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی کێش، ئەمیش بەهۆی زیادکردنی توانای هەرسکردن و بەرزکردنەوەی ئارەزوو بۆ خۆراک.