ئەردۆغان بۆ کورد: ئەو دەستە بگرن کە بۆتان درێژکراوە و وەرن بەیەکەوە سەدەی تورکیا بونیاد بنێین
2024-10-30 23:50:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
سەرۆکی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە (30/10/2024) پشتگیری تەواوی بۆ هەنگاوەکانی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا ڕاگەیاند سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد و ڕایگەیاند، "چاوەڕێ دەکەین ئەو دەستە بە توندی بگرن کە بە ڕاستگۆیی بۆتان درێژکراوە." ئەردۆغان هەنگاوەکەی بە "دەرفەتێکی مێژوویی" ناوبرد و چارەسەرکردنی کێشەکەی بە "تاجی سەرکەوتن" بۆ کاری سیاسی خۆی ناوبرد. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئاکپارتی لە ئەنکەرە ڕایگەیاند، " ئەگەر خوا تەمەن و دەرفەت بدات، مەبەستمانە [کێشە لەگەڵ کورد] بە تەواوەتی لە ئەجێندای نیشتیمانی بسڕینەوە و تاج بخەینە سەر 40 ساڵەی سیاسیمان کە خزمەتی گەل بووە." ئەردۆغان گوتیشی، "برا کوردە خۆشەویستەکانم... دەمانەوێت باوەڕ و ئیسلام و بانگەوازی نوێژ و نیشتمان و برایەتی خۆتان بپارێزن. وەرن با پێکەوە سەدەی تورکیا بنیات بنێین... ئەم کۆمارە چەندە هی تورکە هێندەش هی کوردە." ماوەیەکە لە تورکیا پرسی دەستپێکردنەوە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد سەریهەڵداوەتەوە دوای ئەوەی پرۆسەکە ساڵی 2015 وەستا. لە پێشهاتێکی چاوەڕوان نەکراودا، هەفتەی ڕابردوو پرسی ئازادبوونی عەبدوڵا ئۆجەلان هاتە بەرباس دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە پێشنیاری کرد ئۆجەلان لە پەرلەمانی تورکیاوە هەڵوەشاندنەوەی شەڕی چەکداری کورد بۆ بەدیهێنانی مافەکانی ڕابگەیەنێت. بەڵام چەند ڕۆژێک دوای ئەم هەڵوێستە، باخچەلی لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی یادی 101 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا، ڕایگەیاند، "کۆماری تورکیا هەرگیز کێشەی کوردی نەبووە و نایبێت." ئەردۆغان لە وتارەکەی ئەمرۆیدا سوپاسی باخچەلی کرد بۆ پێشنیارە "بەجەرگ و ژیرانەکەی" سەبارەت بە چەکدانانی پەکەکە. هەروەها بە ئاماژەکردن بە هێرشەکەی پەکەکە کە ڕۆژی 23ی مانگ لە ئەنقەرە بووە هۆی کوژرانی 5 کەس، ئەردۆغان جەختی کردەوە بانگەوازەکەی بۆ "سەرانی تیرۆرست" نییە. ڕایگەیاند، " لە قۆناغی دێ، مژدەمان بۆ میللەتەکەمان دەبێت لەڕووی زامنکردنی ئاسایشی تەواوی سنووری باشوورمان و سەلامەتی ژیان و ماڵی گەلەکەمان." ئەردۆغان داوای لە پارتی دەم کرد خۆیان لە پەکەکە بەدوور بگرن و وتی، "تورکیا هەرگیز سازش بۆ تیرۆرستان ناکات." هاوکات، ئەردۆغان سوپاسی سەرۆکی جەهەپە ئۆزگور ئۆزێلی کرد و وتی، "دەمەوێت باوەڕ بەوە بکەم کە بەرێز ئۆزێل لەم قۆناغی وەرچەرخانەدا لە ڕاستەڕێی مێژوودا دەبێت." دوێنێ سەرۆکی جەهەپە لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانییدا جەختی لە گرنگی دروستکردنی سیستەمێکی دیموکراسی کردەوە کە تێیدا کورد هەست بە یەکسانی بکات. ئۆزگور ئۆزێل ڕەخنەی لە بەیاننامەکەی دەوڵەت باخچەلی گرت و ڕایگەیاند، "نکۆڵی کردن لە هەبوونی پرسی کورد وڵات بۆ 50 ساڵ دەباتە دواوە." لێکدانەوەکان سەبارەت بە هۆکاری هێنانەوە بەرباسی پرسی کورد لەلایەن دەستەڵاتدارانی تورکەوە جیاوازن. هەندێک لە چاودێران دەڵێن بەهۆی ترسی تورکیاوەیە لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەگەری فراوانبوونی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران. هەندێک لە چاودێرانی تر دەڵێن ئەردۆغان بە مەبەستی تاکتیکی پشتگیری لەم پرسە دەکات، بۆ ئەوەی لەم ڕێگایەوە بتوانێت پشتگیری کورد بۆ گۆڕینی دەستور بەدەستبهێنێت و هەروەها شکست بە نزیکبوونەوەی دەم پارتی لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بهێنێت.