هەواڵی کوردستان ئێستا

تورکیا لە شوێنی سەرۆک شارەوانییە کوردەکەی جەهەپە کەسێکی دیکە دادەنێت

تورکیا لە شوێنی سەرۆک شارەوانییە کوردەکەی جەهەپە کەسێکی دیکە دادەنێت
تورکیا لە شوێنی سەرۆک شارەوانییە کوردەکەی جەهەپە کەسێکی دیکە دادەنێت

2024-10-31 17:15:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


وەزارەتی نێوخۆی تورکیا رایگەیاند ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆک شارەوانی ئەسەنیوڕتی ئەستەنبوڵ کە جەهەپەییە لەکارلادراوە و جان ئاکسۆی، یاریدەدەری پارێزگاری ئەستەنبوڵ لە شوێنەکەی وەکو بریکار دەستبەکار بووە. داواکارانی گشتی تورکیا درەنگانی ڕۆژی چوارشەممە ئەحمەد ئۆزەر سەرۆک شارەوانی کورد لە پارتی کۆماریخوازی گەل(CHP) کە ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی تورکیایە دەستبەسەر کرد و تۆمەتباری کرد بە ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان. دەستگیرکردنی ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی ئەسەنیوڕتی ئەستەنبوڵ، دوای هێرشەکەی سەر کۆمپانیای بەرگری تورکی توساس دێت کە هەفتەی ڕابردوو لە ئەنکەرە ڕوویدا و تێیدا پێنج کەس کوژران و دواتر پەکەکە بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆی خۆی گرت. دەستگیرکردنی ئۆزەر لە کاتێکدایە کە باس لە هەوڵەکانی ئاشتی لەلایەن هاوپەیمانێکی نزیکی ئەردۆغانەوە دەکرێت کە یەکەم هەوڵە لە ماوەی دە ساڵدا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی 40 ساڵەی تورکیا لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان. ئۆزەر ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە کە پەیوەندییان بە تیرۆرەوە هەیە و پێی تۆمەتبار کراوە. جەهەپە ڕایگەیاندووە بەرگری لە ئۆزەر دەکەن لە بەرامبەر ئەو تۆمەتەی کە بە بێ بنەما ناوی دەبەن. پارتی جەهەپە دەڵێت ئەم هەوڵانە ڕەنگدانەوەی دوایین هەوڵەکانی حکومەتە بۆ بەئامانجگرتنی ئۆپۆزسیۆن لە ڕێگەی دادگاکانەوە، هەروەها داوای لە خەڵکی کرد کە ناڕەزایەتی دەرببڕن. ئۆزەر، مامۆستای کۆمەڵناسی، ڕاوێژکاری پێشووی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵە. ئیمامئۆغڵو خۆیشی کە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا ڕکابەری ئەردۆغان لە پۆستی سەرۆکایەتیدا بێت، ڕۆبەرووی چەند پرسیکی یاسایی بووەتەوە ولە ئیستادا داوای پێداچوونەوەی بۆ سزای زیندانیکردن و قەدەغەکردنی چالاکی سیاسی کردووە کە ڕووبەرووی بووەتەوە. ڕاپۆرتی پەیامنێری بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ئەیوب دەمیر لە ئەستەنبوڵ: سەرچاوە/ڕۆیتەرز