هەواڵی کوردستان ئێستا

لە هێرشی موشەکی حزبوڵای لوبنان بۆ سەر باکوری ئیسرائیل، پێنج هاووڵاتی سڤیل دەکوژرێن

لە هێرشی موشەکی حزبوڵای لوبنان بۆ سەر باکوری ئیسرائیل، پێنج هاووڵاتی سڤیل دەکوژرێن
لە هێرشی موشەکی حزبوڵای لوبنان بۆ سەر باکوری ئیسرائیل، پێنج هاووڵاتی سڤیل دەکوژرێن

2024-10-31 18:20:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


کەناڵی 12ی ئیسرائیلی ڕایدەگەیەنێت بە هۆی هێرشی حزبوڵا بۆ سەر میتوڵای باکوری ئیسرائیل پێنج کەس کوژراون کە بریتین لە جووتیارێکی ئیسرائیلی و 4 کرێکاری بیانی. هاوکات بەیروتیش ڕایگەیاندووە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە، شەش کارمەندی کەرتی تەندروستی لە باشووری لوبنان کوژراون. مووشەکەکانی ئیسرائیل بەر کێڵگەیەک کەوتووە لە شارۆچکەی میتوڵا لە نزیک سنوور کە نزیکەی 13 مانگ لەمەوبەر چۆڵکراوە و خەڵکی تێدا نەماوە، بەڵام جووتیاران و ئاژەلداران و خاوەن کێڵگەکان ڕۆژانە بە مۆڵەتی سوپای ئیسرائیل سەردانی شوێنی کارەکانیان دەکەن. هاوکات ڕۆژی پێنجشەممە، بۆ دووەم ڕۆژی لەسەریەک، سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتوانی ناوچەکانی شاری بەعلبەک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی لوبنان کرد، شوێنی نیشتەجێبوونیان بەجێبهێڵن. کەناڵی ئەلمەیادین کە نزیکە لە ئێران و حزبوڵای لوبنان، ڕایگەیاند لە هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی بەعلبەک کە شەوی چوارشەممە ڕوویدا، 23 کەس کوژراون. دوای سێ کاتژمێر لە هۆشداریی سوپای ئیسرائیل کە بووە هۆی هەڵاتنی هەزاران کەس، بۆردومانی قورس لەو ناوچەیەدا ئەنجامدرا کە ئیسرائیل دەڵیت لەدژی ئامانجەکانی سەر بە حزبوڵای لوبنان ئەنجامیداوە. سوپای ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاندووە، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئامانجداردا محەمەد خەلیل عەلیان کە یەکێک بووە لە فەرماندە مەیدانییەکانی یەکەی مووشەکی دژە تانکی حزبوڵا لە باشووری لوبنان، کوشتووە. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی چوارشەممە هێرشیان کردووەتە سەر 150 ئامانجی حزبوڵا. هێرشەکانی ئەم دواییە لەکاتێکداتە کە نێردراوانی ئەمەریکا گەشتیان کردووە بۆ ئیسرائیل بۆ تاوتوێکردنی هەوڵەکان بەرەو ئاگربەست لە وڵاتی لوبنان کە هێزەکانی ئیسرائیل تێیدا شەڕی حزبوڵای لوبنان دەکەن و هەروەها لە غەززە کە شەڕی چەکدارە فەلەستینییەکانی حەماس دەکەن. سەرچاوە/ڕۆیتەرز