حەوت ساڵە سەرکردەیەکی کۆمەڵگەی سیڤیلی تورکیا لە زینداندایە
2024-11-01 19:20:21 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
سەرکردەی کۆمەڵگەی سیڤیلی تورکیا عوسمان کاڤالا ڕۆژی هەینی وتی هێشتا باوەڕی وایە تورکیا ڕۆژێک لە ڕۆژان بەها دیموکراسییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکە، ئەمەش لە ساڵیادی حەوتەمین ساڵیدا لە زینداندا. کاڤالا سزای زیندانی تا هەتایی بەسەردا سەپێندراوە. زیندانکردنی کاڤالای تەمەن 67 ساڵ کە لە پاریس لە دایک بووە، بووەتە هۆی خۆپیشاندانی گروپە جیهانییەکانی مافەکانی مرۆڤ و ڕۆژئاوا، چارەنووسی کاڤالاش بووەتە سیمبولی دوورکەوتنەوەی تورکیا لە بەها دیموکراسییەکان. کاڤالا پێش دەستگیرکردنی لە مانگی 10 ی ساڵی 2017 دا کەسایەتییەکی نەناسراوی کلتوری و هونەریی بوو، دەستگیرکردنەکەی بەهۆی کۆمەڵێک تۆمەتەوە بوو، لە سیخوڕیکردنەوە بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانەکان و بەشداریکردن لە هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی 2016 دا. لە ساڵی 2022 دا سزای زیندانی تا هەتایی بەسەردا سەپێندرا، ئەوەش لەسەر خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2013 ی دژ بە حکومەت کە مەترسیدارترین ئاستەنگی بوو لەبەردەم فەرمانڕەوایی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا، کە لەو کاتەدا سەرۆک وەزیری تورکیا بوو. کاڤالا وتی " ئێستا حەوتەمین ساڵم لە زینداندا تەواو کرد. لە ماوەی ئەم کاتەدا، بەرگەی پڕۆسەی دادوەریم گرتووە کە بە تەواوەتی گریمانەی بێتاوانیمی پێشێل کردووە، پڕۆسەکە تەنها پشتی بە تۆمەتی بێ بنەما و لێدوانی هەڵە بەستووە." دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لە ساڵی 2019 دا داوای ئازادکردنی کاڤالای کرد، وتی دەستگیرکردنی کاڤالا ئامانج لێی بێدەنگکردن و ڕێگریکردن بووە لە داکۆکیکارانی دیکەی مافەکانی مرۆڤ. بەڵام تورکیا ئەو داوایەی پشتگوێ خست. ڕۆژی هەینی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ و پڕۆژەی پشتیوانی دادگایی مافەکانی مرۆڤ و کۆمسیۆنی نێودەوڵەتی دەستەی سوێندخۆران دووبارە جەختییان لەوە کردەوە کە دەبێت سزاکەی کاڤالا هەڵبوەشێتەوە و داوایان کرد " دەستبەجێ ئازاد بکرێت." ساڵی ڕابردوو ئەنجومەنی ئەوروپا کە پێشەنگترین ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپایە، خەڵاتە باڵاکەی خۆی بەخشییە کاڤالا لە هەوڵێکدا بۆ تیشک خستنەسەر ئەوەی کە تورکیا پابەندی فەرمانەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤ نابێت. پابەند نەبوونی تورکیا بە فەرمانەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤەوە بووەتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا لە ڕۆژئاوا. کاڤالا هەمیشە تۆمەتەکانی ڕەت کردووەتەوە و ڕۆژی هەینی سووربوو لەسەر ئەوەی کە هیچ شتێکی هەڵەی نەکردووە و ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی کراون پاڵنەری " سیاسییان " لە پشتەوە بووە. وتی " دەسەڵاتی دادوەری باوەڕی وایە کە دەسەڵاتییان هەیە سزای ئەو کەسانە بدەن کە بەدڵی ئەوان نین، تەنانەت دەشزانن کە ئەو کەسانە هیچ تاوانێکییان ئەنجام نەداوە." سەرچاوە/ فرانس پرێس