میدیای فەلەستینییەکان: هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل دەبنە هۆی کوژرانی 47 فەلەستینی لە ناوەڕاستی غەززە
2024-11-01 20:31:21 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
دەزگای ڕاگەیاندنی وەفای فەلەستینییەکان ڕۆژی هەینی بڵاویکردەوە بەهۆی بۆردومانەکانی شەوی ڕابردووی ئیسڕائیلەوە لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە 47 فەلەستینی کوژراون و دەیانی دیکە بریندار بوون، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. وتیشی هێرشەکان کراونەتەسەر شاری دەیرئەلبەلا و کامپی نوسیرەت و شارۆچکەی ئەلزەوایدە. سوپای ئیسڕائیل وتی لە ناوەڕاستی غەززەدا " چەندین تیرۆریستی چەکدارییان " لە ناوبردووە و " دەیان تیرۆریستی دیکەیان لە هێرشە بە ئامانجەکانییاندا لە ناوچەی جەبالیای باکووری غەززە کوشتووە. ساڵێک لەمەوبەر چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و 1200 کەسییان کوشت و نزیکەی 250 کەسی دیکەیان بە بارمتە گرت. ئەو هێرشەی حەماس بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە کەرتی غەززەدا و بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 42,400 فەلەستینی کوژراون کە زیاتر لە نیوەیان ژن و منداڵ بوون. سوپای ئیسڕائیل دەڵێت هەزاران چەکداری حەماس لە نێو کوژراوەکاندا بوون. ئەمەریکا و بەڕیتانیا و یەکێتی ئەوروپا و چەندین وڵاتی دیکە حەماسییان بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە. بەرپرسانی تەندروستی غەززە وتییان ڕۆژی پێنجشەممە لە هێرشە سەربازییەکانی ئیسڕائیلدا لانیکەم 46 فەلەستینی لە سەرانسەری کەرتی غەززەدا کوژراون، زۆربەی کوژراوەکان لە هێرشێکدا بووە کە لە نەخۆشخانەیەکی داوە. وەزارەتی تەندروستی لە غەززە داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد " نەخۆشخانەکان و کارمەندانی تەندروستی لە دڕندەیی داگیرکارییەکەی ئیسڕائیل بپارێزن." سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز