گرێتا ثونبێرگ دەڵێت ' ترامپ مەترسیدارترە ' بەڵام ڕەخنەش لە هێرس دەگرێت لەسەر غەززە
2024-11-01 21:35:21 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
چالاکەوانی کەش و هەوای سویدی گرێتا ثونبێرگ ڕۆژی هەینی وتی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بژاردەیەکی " مەترسیدارترە " لە هەڵبژاردنەکانی دواتری سەرۆکایەتی ئەمەریکادا، بەڵام ڕەخنەی توندیشی لە بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا گرت لەسەر پشتیوانییەکانی بۆ ئیسڕائیل. لە کاتێکدا کە لە 5 ی مانگی 11 دا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت، گرێتای تەمەن 21 ساڵی چالاکەوان لە ئێکس لە پۆستێکدا نوسیویەتی " مەحاڵە زیادەڕۆیی بکەیت لەو دەرەنجامانەی کە ئەم هەڵبژاردنە تایبەتە دەیبێت لەسەر جیهان و داهاتووی مرۆڤایەتی." وتی " هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە یەکێک لە بەربژێرەکان، ترامپ، زۆر مەترسیدارترە لە بەربژێرەکەی دیکە." بەڵام لە هەمان کاتیشدا ڕەخنەی لە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرس گرت کە بەربژێری دیموکراتەکانە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ئەوەش لەسەر پشتیوانیکردن لە ئیسڕائیل و هێرشەکانی ئیسڕائیل لە غەززە. وتی " با ئەو کۆمەڵکوژییەی کە لە فەلەستین ڕوودەدات لە ژێر بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن و هێرسدا لە یاد نەکەین، بە پارەی ئەمەریکا و تێوەگلانی ئەمەریکاوە." وتی " ئەوە بە هیچ شێوەیەک فێمینیستی یاخود مرۆیی نیە بۆردومانی منداڵان و هاووڵاتیانی مەدەنی بکەیت، ئەوە پێچەوانەی ئەوانەیە، تەنانەت ئەگەر ژنێکیش لە دەسەڵاتدا بێت." ساڵێک لەمەوبەر چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و 1200 کەسییان کوشت و نزیکەی 250 کەسی دیکەیان بە بارمتە گرت. ئەو هێرشەی حەماس بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە کەرتی غەززەدا و بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 42,400 فەلەستینی کوژراون کە زیاتر لە نیوەیان ژن و منداڵ بوون. سوپای ئیسڕائیل دەڵێت هەزاران چەکداری حەماس لە نێو کوژراوەکاندا بوون. سەرچاوە/ فرانس پرێس