ڕێبەری ئێران دەڵێت وەڵامێکی یەکلاکەرەوەمان بۆ ئیسرائیل و ئەمەریکا هەیە
2024-11-02 16:15:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
ڕێبەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی ڕۆژی شەممە، 2ی مانگی یازدە ڕایگەیاند "بە دڵنیاییەوە ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بە هۆی هەموو ئەو کارانەی بەرامبەر بە ئێران و بەرەی موقاوەمە دەیکەن، وەڵامێکی یەکلاکەرە وەردەگرن." ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرن لە وتارەکەی ئەمڕۆیدا بە بۆنەی ساڵوەگەڕی هێرشی سەر باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە تاران کە 45 ساڵ لەمەوبەر ڕوویدا، وتی "هەموو ئەو کارانەی کە دەبێ بۆ ئامادەکاریی گەلی ئێران بکرێت، جا چ لە ڕووی سەربازییەوە بێت یان کاروباری سیاسی، دەبێت ئەنجام بدرێت " و ئاماژەی بەوەشکرد "بەرپرسەکان ئێستا سەرقاڵی ئەنجامدانی ئەو کارانەن". لێدوانانەکەی خامنەیی سەبارەت بە هێرشەکەی 26ی مانگی دەی ئیسرائیلە بۆ سەر بەشێک لە ناوەندە سەربازییەکانی ئێران؛ هێرشێک کە لە وەڵامی هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی سوپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدرا. رێبەری ئیران لە وتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتی ئێران سەبارەت بە وەڵامدانەوەدرێغی ناکات و گوتی "دڵنیابن لەم شتە." لە هێرشی 26ی مانگی دەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کارناسان ڕایانگەیاندووە ئیسرائیل گورزی جددی لە دامەزراوە مووشەکییەکان و سیستەمی بەرگری ئێران داوە. پێشتر ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە قسەی دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، هەڵسەنگاندنی هەواڵگری ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران خۆی ئامادە دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ئەم وڵاتە لە "خاکی عێراقەوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا".