ئێران خوێندکارێکی کچ دەستگیر دەکات دوای ئەوەی وەک ناڕەزایەتی دەربڕین دژی بێزارکردنی، خۆی ڕووت دەکاتەوە
2024-11-03 16:05:56 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
بەرپرسانی ئێران خوێندکارێکی کچییان دەستگیر کرد دوای ئەوەی خوێندکارەکە لەبەردەم زانکۆکەیدا وەکو ناڕەزایەتی دەربڕینێک دژی بێزارکردنی خۆی ڕووت کردەوە. کچەکە کە ناوی نەهێندراوە، لە ناو زانکۆی بە ناوبانگی ئازادی تاراندا لەلایەن ئەندامانی میلیشیای باسیجەوە بێزار کراوە، ئەندامانی میلیشیاکە سەرپۆش و جلەکانییان لەبەردا دڕاندووە، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتی چەندین دەزگای هەواڵی و کەناڵەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دەرەوەی ئێران. کچە خوێندکارەکە دواتر وەکو ناڕەزایەتی دەربڕینێک، لە دەرەوەی زانکۆکە جلەکانی لەبەر خۆیدا داناوە و بەسەر شەقامەکەدا ڕۆیشتووە، ڤیدیۆی ئەوەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە. بەپێی یاسای پۆشاکی زۆرەملێی ئێران، ژنان دەبێت لە شوێنە گشتیەکاندا سەرپۆش بکەن و جلەکانییان فراوان بێت و سەرجەم بەشەکانی جەستەیان دابپۆشێت. گرتە ڤیدیۆکە کە سەرەتای لەلایەن کەناڵی خوێندکارانی ئێرانییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، لەلایەن چەندین دەزگای هەواڵی زمانی فارسییەوە بڵاوکرایەوە، لەوانەش، کەناڵی کاروباری یاسایی دادبان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گروپی مافەکانی مرۆڤی هەنگاو و ماڵپەڕی هەواڵی ئێران وایەر. لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە کچەکە لەلایەن چەند پیاوێکەوە دەخرێتە ناو ئوتومبێلێکەوە و کچەکە دەبەن بۆ شوێنێکی نادیار. ڕاپۆرتەکە دەستبەجێ پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام دەزگای هەواڵی فارسی ئێرانی ڕووداوەکەی لە ڕاپۆرتێکدا پشتڕاست کردەوە، وێنەیەکی کچەکەی بە لێڵی بڵاوکردەوە. دەزگاکە لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێت کچەکە " جلی نەشیاوی " پۆشیوە لە پۆلەکەیدا و دوای ئەوەی لەلایەن پاسەوانەکانی ئاسایشەوە ئاگادار کراوەتەوە سەبارەت بە یاساکانی پۆشاک " خۆی ڕووت کردووەتەوە." دەزگاکە لە زاری " شایەتحاڵەکانەوە " بڵاویکردەوە پاسەوانەکان " بە هێمنی " قسەیان لەگەڵ خوێندکارەکەدا کردووە و ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە لەسەر ئەوەی گوایە بە توندی مامەڵەیان لەگەڵ کچەکەدا کردووە. لە ساڵی 2022 دا دوای مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا، خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە ئێراندا ئەنجامدرا کە ژنان سەرکردایەتییان دەکرد. ژینا ئەمینی کچە کوردێکی ئێران بوو کە بە تۆمەتی ئەوەی گوایە یاساکانی باڵاپۆشی پێشێل کردووە دەستگیرکرابوو. خۆپیشاندانەکە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە سەرکوتکرا و 551 خۆپیشاندەر گیانییان لە دەستدا و هەزاران کەسی دیکە بریندار بوون. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا