هەواڵی کوردستان ئێستا

تورکیا هەوڵی پەیوەندییەکی قووڵتر دەدات لەگەڵ ئەفریکادا

تورکیا هەوڵی پەیوەندییەکی قووڵتر دەدات لەگەڵ ئەفریکادا
تورکیا هەوڵی پەیوەندییەکی قووڵتر دەدات لەگەڵ ئەفریکادا

2024-11-03 21:05:21 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


ڕۆژی یەکشەممە تورکیا وتی پابەندە بە قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانەوە لەگەڵ ئەفریکادا، هەروەها داوای لێکردن پشتیوانی دیبلۆماتی لە فەلەستینییەکان بکەن، ئەمەش لە کاتێکدا کە یەکەم لوتکەی نێوان تورکیا و وڵاتانی ئەفریکا لە جیبوتی ئەنجامدرا. لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو وەبەرهێنانی کردووە لە ئەفریکادا، سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش لە ماوەی بیست ساڵی سەرۆکایەتیدا 50 سەردانی بۆ 31 وڵاتی ئەفریکا ئەنجام داوە. چواردە وڵاتی ئەفریکا بەشدارییان لە کۆبوونەوەی وەزیرەکاندا کرد لە وڵاتە بچووکەکەی جیبوتی لە ئەفریکا. هەریەک لە ئەنگۆلا و چاد و کۆمۆرۆس و کۆماری کۆنگۆ و میسڕ و ئیکواتۆریال گینی و غانا و لیبیا و مۆریتانیا و نایجیریا و ساوث سودان و زامبیا و زیمبابوێ بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کرد. وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان کە سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی کرد، وتی بازرگانی لە ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ ئەفریکادا 35 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و وەبەرهێنانە ڕاستەوخۆکانی تورکیاش لە کیشوەرەکەدا ئێستا گەیشتووەتە 7 ملیار دۆلار. فیدان وتی " تورکیا ڕێبازێکی گشتگیر بەکاردەهێنێت لە ڕووی زیادکردنی هاوبەشی بازرگانی و ئابووریمانەوە لەگەڵ کیشوەرەکەدا." تورکیا بووەتە چوارەمین گەورەترین وڵاتی دابینکاری چەک بۆ وڵاتانی ئەفریکا و لە مەشقە سەربازییەکاندا یارمەتی زۆرێک لە وڵاتانی ئەو ناوچانەی داوە. لەم چەند مانگەی ڕابردوودا تورکیا هەوڵیدا نێوەندگری بکات لە ناکۆکییەکی نێوان ئیسیوپیا و سۆماڵدا، هەروەها ڕێککەوتنێکی کانەکانیشی لەگەڵ نایجەردا واژۆ کرد. فیدان جەختی لە پشتیوانی تورکیا کردەوە بۆ ئەوەی یەکێتی ئەفریکا ببێتە ئەندامێکی هەمیشەیی کۆمەڵەی بیست، هەروەها چاکسازیکردن لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا. فیدان هاوکات داوای بەشدارییەکی زیاتری ئەفریکای کرد لە ململانێکەی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینییەکاندا. وتی " ئێمە باوەڕمان وایە ئەفریکا دەتوانێت ڕۆڵیکی زۆر گرنگ ببینێت لە پشتیوانیکردن لە پرسی فەلەستینییەکان و ڕاگرتنی ئیسڕائیلدا." لوتکەی دواتری نێوان تورکیا و ئەفریکا بڕیارە لە ساڵی 2026 دا بەڕێوەبچێت. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا/ فرانس پرێس