هەواڵی کوردستان ئێستا

سەرۆکی ئێران دەڵێت ئەگەری ئاگربەست ' ڕەنگە کاربکاتە ' سەر وەڵامی وڵاتەکە بۆ ئیسڕائیل

سەرۆکی ئێران دەڵێت ئەگەری ئاگربەست ' ڕەنگە کاربکاتە ' سەر وەڵامی وڵاتەکە بۆ ئیسڕائیل
سەرۆکی ئێران دەڵێت ئەگەری ئاگربەست ' ڕەنگە کاربکاتە ' سەر وەڵامی وڵاتەکە بۆ ئیسڕائیل

2024-11-04 17:40:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیان دەڵێت ئەگەری ئاگربەستێک لە نێوان هاوپەیمانەکانی و ئیسڕائیلدا " ڕەنگە کاربکاتە سەر چڕی " وەڵامەکەی تاران بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمدواییانەی ئیسڕائیل بۆ سەر شوێنە سەربازییەکانی ئێران. دەزگای هەواڵی ئیرنای ئێران لە زاری پزیشکیانەوە بڵاویکردەوە " ئەگەر ئیسڕائیلییەکان چاوبخشێننەوە بە کارەکانییاندا و بە ئاگربەستێک ڕازی ببن و چیتر خەڵکە سەرکوتکراو و بێتاوانەکەی ناوچەکە نەکوژن، ئەوا ڕەنگە ئەوە کاربکاتە سەر چڕی و جۆری وەڵامەکەمان." وتیشی ئێران " هیچ دوژمنکارییەک دژی سەروەری و ئاسایشی بەبێ وەڵام جێناهێڵێت." لە 26 ی مانگی 10 دا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانییان کردە سەر ئێران وەکو وەڵامێک بۆ هێرشە ئاسمانییەکەی 1 ی مانگی 10 ی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل. ئێران وتوویەتی هێرشەکەی 1 ی مانگی 10 ی بۆ سەر ئیسڕائیل وەکو وەڵامێک بووە بۆ کوژرانی سەرکردەکانی گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران و فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران. ڕۆژی شەممە ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی کە بڕیاردەری کۆتایە لەسەر سەرجەم بابەتە گرنگەکانی وڵات، وتی کۆماری ئیسلامی تۆڵە دەکاتەوە. خامنەئی لە وتارێکدا بۆ خوێندکاران لە تاران وتی " دوژمنان، ئەمەریکا و ڕژێمی زایۆنیش، دەبێت بزانن کە بە دڵنیاییەوە وەڵامێکی توند وەردەگرن لەسەر ئەوەی کە دژی ئێران و گەلی ئێران و بەرەی مقاوەمە دەیکەن." بەرەی مقاوەمە پێکهاتووە لە گروپە چەکدارییەکانی ناوچەکە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت و هەریەک لە حزبوڵای لوبنان و حەماسی فەلەستینییەکان و حوسییەکانی یەمەن لە خۆدەگرێت. دوای هێرشە ئاسمانییەکان، سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی هێزەکانی ئیسڕائیل لە " تواناکانی بەرگری و بەرهەمهێنانی موشەکی ئێرانی داوە." هێزە چەکدارەکانی ئێران وتی هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی چوار سەرباز و " زیانێکی کەمی " گەیاندووە بە سیستمەکانی ڕادار. میدیاکانی ئێرانیش وتییان هاووڵاتییەکی مەدەنیش کوژراوە. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا/ فرانس پرێس