یەکێتی ئەوروپا و کۆریای باشور داوای کشانەوەی هێزەکانی کۆریای باکور دەکەن لە جەنگەکەی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا
2024-11-04 18:45:21 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
ڕۆژی دووشەممە کۆریای باشوور و یەکێتی ئەوروپا بە هاوبەشی سەرکۆنەی کۆریای باکوورییان کرد لەسەر دابینکردنی چەک بۆ ڕووسیا و داوایان کرد ئەو هێزانەی کە ڕەوانەی کردوون بۆ ڕووسیا بیانکشێنێتەوە. یەکێتی ئەوروپا و کۆریای باشوور یەکەمین کۆبوونەوەی " گفتوگۆی ستراتیژییان " لە سیئۆل ئەنجامدا، ئەوەش بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی ئەمەریکا و کۆریای باشوور نیگەرانییان دەربڕی سەبارەت بە ڕەوانەکردنی سەرباز لەلایەن کۆریای باکوورەوە بۆ یارمەتیدانی ڕووسیا لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا. بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ و وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور چۆ تای یول لە بەیاننامەیەکی هاوبەشیدا سەرکۆنەی کۆریای باکوورییان کرد لەسەر " گواستنەوەی نایاسایی چەک بۆ فیدراسیۆنی ڕووسیا چونکە ئەو چەکانە بەکاردەهێندرێن لە هێرشکردنە سەر ئۆکرانیادا." داوا دەکەن ئەم " هاوکارییە سەربازیی نایاساییە " کۆتایی بێت و هێزەکانی کۆریای باکوور لە ڕووسیا بکشێنەوە. بۆڕێڵ لەگەڵ وەزیری بەرگری کۆریای باشوور کیم یۆنگ هیونیشدا کۆبووەوە. بۆڕێڵ وتی " دوژمنکارییەکەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا مەترسییەکی گەورەیە. کۆماری کۆریا لە باشترین پێگەدایە بۆ تێگەیشتن لەوە. ئێمە یەکگرتووین لە پشتیوانییەکانمان بۆ ئۆکرانیا. داوایان لێدەکەم پشتیوانییەکانییان زیاتر بکەن." هەفتەی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا کۆریای باشوور چەک دەدات بە ئۆکرانیا لە وەڵامی یارمەتییەکانی کۆریای باکووردا بۆ ڕووسیا یان نا، وتی سەرجەم سیناریۆکان تاوتوێ دەکرێن. کۆریای باشوور یارمەتی نا کوشندەی بۆ ئۆکرانیا دابین کردووە، بە ئامێری پاککردنەوەی مینیشەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا چەکی نەداوەتێ. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز